شارپرێس:
کۆما جڤاکێن کوردستانێ کەجەکە دەڵێت، ڕژێمی سووریا و ئەو چەتانەی کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن، بە شێوەیەکی ئاشکرا لە حەلەب تاوانەکانی جەنگ ئەنجامدەدەن.
کەجەکە بانگەوازی لە نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەورووپا کرد کە خاوەندارێتی لە بەرخۆدانی گەلی کورد دژی کۆمەڵکوژی بکەن.
دەقی ڕاگەیاندراوەکە:
"ڕژێمی سووریا سەرەڕای چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورک و بەشداربوونی کارای دەوڵەتی تورک بە بەرچاوی تەواوی جیهانەوە دژی کورد لە حەلەب هێرشی قڕکردنی ئەنجامدا. خەڵکانی مەدەنی، بەساڵاچوو، ژن و منداڵ دەکوژرێن. ئامانج لەم هێرشانە کۆچبەرکردنی کورد و گۆڕینی دیمۆگرافیایە. گرووپە چەتەکان کە بەتایبەتی لەلایەن ڕژێمی سووریا و دەوڵەتی تورکەوە پاڵپشتی دەکرێن، شوێنی خەڵکانی مەدەنی و لەنێویاندا نەخۆشخانەش دەکەنە ئامانج و بە چەکی قەدەغە هێرش دەکەن و تاوانی شەڕ ئەنجامدەدەن.
ڕژێمی سووریا و دەوڵەتی تورک بۆ هێرشە دڕندانەکانی خۆیان "بوونی هێزەکانی سەر پەکەکە لە حەلەب و شەڕکردنیان لەوێ وەک بیانوو دەهێننەوە و لە ڕێی ئەم درۆیەیانەوە پڕوپاگەندە دەکەن. دەمانەوێت ڕایبگەیەنین کە ئەمە درۆیەکی گەورەیە و هەوڵدەدرێت بە پڕوپاگەندەی دوور لە ڕاستی ڕای گشتی چەواشە بکەن. هەوڵدەدەن بیانوو بۆ هێرشەکانی خۆیان بە مەبەستی قڕکردن بهێننەوە. وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان و وەزیری بەرگری یاشار گولەر بە پڕوپاگەندەی درۆیینە هەم زەمینەی شەڕیان ئامادەکردووە و هەمیش ڕاستەوخۆ بەڕێیانەوە بردووە. سەرەڕای ئەوەی کە هێزەکانی سووریای دیموکراتیک زۆر جار جەخت لەوە دەکەنەوە کە هیچ هێزێکی سەر بە پەکەکە لە حەلەب بوونی نییە، هاکان فیدان و ڕژێمی دیمەشق پێداگرن لەسەر پڕوپاگەندەی درۆیینە. پێداگریی هاکان فیدان و یاشار گولەر پلانێکە بۆ تێکدانی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە بۆ بنیاتنانی خوشک-برایەتیی کورد-تورک و بەدەستهێنانی چارەسەرییەکی دیموکراتیک بۆ پرسی کورد دەستی پێ کرا. دەوڵەتی تورک درێژە بە لایەنی هاوپەیمانی شەڕ، دوژمنایەتی خۆی دژی کورد لە حەلەب دەدات.
لە حەلەب ڕژێمی سووریا و دەوڵەتی تورک لەگەڵ پلانە نوێیە هاوبەشەکانیان لەسەر ئەو کوردانەی کە داعشیان تێکشکاندووە، هێرشێکی دووەمی داعشە. ئەو کاتەش داعش ویستبووی لە حەلەب کوردان بکوژێت و ئاوارەیان بکات و ئێستاش بە بیانووی جیاواز هێرش بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بە هەمان ئامانج ئەنجامدەدرێت. لەبەرئەوە پێویستە ئەم هێرشانە وەکو هێرشی جیهادییە درێژکراوەکانی داعش و بڕیاری ئەنجوومەنی گەلی حەلەبیش وەکو بەرخۆدان دژی داعش ببینرێت. گەلی کورد دژی داعش و هەموو جۆرە گرووپێکی چەتەی جیهادی ئەوە ماوەی ١٥ ساڵە قوربانیی گەورەی داوە و بەرەنگاربووەتەوە. ئەم بەرخۆدانەی گەلی کورد، بۆ مرۆڤایەتی دەستکەوتێکی گەورەیە. پێویستە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی ئەمە بەم شێوەیە بزانێت، درکی پێ بکات و پەیوەست بەمەوە پشتیوانی لە گەلی حەلەب بکات و پووچەڵکردنەوەی پلانی دزێو لەسەر حەلەب و ئەنجامدانی شتی پێویست ئەرکێکی ئەخلاقی و ویژدانییە.
لە پێشدا نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەورووپا، بانگەواز لە هەموو مرۆڤایەتی دەکەین کە خاوەندارێتی لە بەرخۆدانی گەلی کورد بکات دژی کۆمەڵکوژی. ئەگەرنا بێدەنگیی هێزە نێونەتەوەییەکانیش بە مانای پەسەندکردنی کۆمەڵکوژییەکە دێت. ڕاوەستاندنی ئەم دڕندەییە کە هیچ یاسایەکی نێونەتەوەیی و ڕێسایەکی شەڕ ناناسێت، ئەرکو بەرپرسیارێتیی هەموو چین و توێژە سیاسییەکانە. لە سووریا گەلان پێویستیان بە شەڕ و دوژمنایەتی نییە، گەلان پێویستیان بە ئاشتی، خوشک-برایەتی و دامەزراندنی سووریایەکی دیموکراتیکی نوێ هەیە. ڕۆڵبینینی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان لەم چوارچێوەیەدا خزمەت بە ئاشتیی ناوچەکە دەکات".
