شارپرێس:
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ئاسایشى شێخ مه‌قسود له‌شارى حه‌له‌ب ڕاگه‌یه‌نراوێكى بڵاوكرده‌وه‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "له‌شه‌شى ئه‌م مانگه‌وه گروپه‌كانى سه‌ر به‌حكومه‌تى سوریا به‌پاڵشتی توركیا هێرشێكى فراوانیانكرده‌سه‌ر هه‌ردوو گه‌ڕه‌كه كوردیه‌كه‌ى شارى حه‌له‌ب"، ده‌شڵێت، "ڕاسته قوربانیمان زۆربوو، به‌ڵام سه‌رباریى قورسیى په‌لاماره‌كان، به‌ڵام كۆڵمان نه‌داوه‌و به‌دڵنیاییشه‌وه كۆڵناده‌ین‌و هێزەکانمان بەشێوەو ئامرازی جۆراوجۆر درێژە بەخەبات‌و خۆڕاگریی خۆیان دەدەن".
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ئاسایشى شێخ مه‌قسود له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ده‌ڵێت، "له‌ڕۆژى 6ى ئه‌م مانگه‌وه، چەتەکانی سەر بەحکومەتی دیمەشق بەپاڵپشتی (فڕۆکەی سیخوڕیی تورکیا، تانک، تۆپخانە، زرێپۆش‌و هەموو جۆرە چەکێکی قورس)و به‌هه‌زاران چەته، هێرشێکی دڕندانەیان بۆ سەر گەڕەکەکەمان دەستپێکرد، مه‌به‌ستى سه‌ره‌كیى ئەم هێرشانەش، ملکەچکردنی گەلەکەمان بوو بۆ جینۆساید‌و گۆڕینی دیمۆگرافیای گەڕەک‌و شکاندنی کەرامەتی گەلەکەمان".
جه‌ختیشده‌كاته‌وه، "بەڵام هێزەکانمان بەپشتبەستن بەبڕیاری ئەنجومەنی گەلی گەڕەکی شێخ مەقسودو ئەشرەفییە، بڕیاریاندا بەرەنگاریی‌و بەرگریی لەکەرامەتی خۆیان بکەن، هه‌ربۆیه بەرخۆدانێکی خۆنەویستانە هەڵگیرساو هێزەکانمان بەبێ دودڵی، گیانی خۆیان بەختکرد بۆ بەرگریکردن لەگەڕەک‌و کەرامەتی گەلەکەمان، هیچ تەسلیمبونێک بەهیچ شێوەیەک قبوڵنەکراو هیچ تەسلیمبونێکیش قبوڵنەکرا، دواتریش زانیاریی له‌باره‌ى ناسنامەی شەهیدان بۆ ڕای گشتیى بڵاودەکرێتەوە".
ئاسایش نوسیویه‌تى، "لەم شەڕەدا گەلەکەمان کە بەر هێرشێكى سەخت‌و زۆر دژوار، به‌و هۆیه‌شه‌وه شه‌هیدو بریندارێكى زۆر كه‌وتنه‌وه‌و بریندارەکانیش لەتاکە شوێن كه نه‌خۆشخانه‌ى خالید فه‌جر بوو كۆكرانه‌وه بۆ وەرگرتنی چارەسەر، به‌ڵام به‌داخه‌وه خودى نه‌خۆشخانه‌كه‌ش بەدەیانجار بەچەکی قورس‌و هەروەها بەفڕۆکەی جۆری بایراكتارى تورکى هێرشیكرایه‌سه‌رو هەوڵیاندا کۆمەڵکوژیی ئەنجامبدەن".
جه‌ختیشیكردوه‌ته‌وه، "دواجار ئاگربەست ڕاگەیەندرا بەمەبەستی ڕێگری‌کردن لەکۆمەڵکوژی زیاتر‌و گواستنه‌وه‌ى برینداران‌و مەدەنییەکان‌و ژنان‌و منداڵان لەنه‌خۆشخانه‌كه‌و بەسەلامەتی گه‌یاندنیان به‌ناوچه‌ى ئارام، هێزەکانمان بەهەستیارییەکی زۆرەوە لەئاگربەست نزیکبونەوەو دواجار نه‌خۆشخانه‌ى خالید فه‌جر چۆڵکرا".
له‌كۆتایی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ئاسایشى شێخ مه‌قسود ئه‌وه‌ى وتوه، "لەمەودوا هێزەکانمان بەبێ دودڵی بەردەوامدەبن لەخەبات بۆ پاراستنی ئیرادەی ئازادی گەلەکەمان بەشوێنپێی شەهیدەکانماندا، هێزەکانمان بەشێوەو ئامرازی جۆراوجۆر درێژە بەخەبات‌و خۆڕاگریی خۆیان دەدەن".
