سەرکەوتنی مانگرتنی گشتی لەڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیەندرا

کوردستان

24 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 833 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەمڕۆ لەسەر داوای حیزبە کوردستانییەکان مانگرتنی گشتی لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو.
مانگرتنەکە ئیلام، کرماشان، سنە، موکریان و ورمێی گرتەوەو چەندین ناوچەی دیکەش پەیوەست بوون بەخۆپیشاندانەکانەوە.

هاوکات ناوندی دیالۆگی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەپەیامێکدا سەرکەوتنی مانگرتنەکەی ڕاگەیاند و دەڵێت " ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٨ی بەفرانبار کوردستان جارێکی دیکە سەلماندیەوە سەنگەری لەگیراننەهاتووی خەبات و خۆڕاگری دژی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە".

دەقی پەیامەکە:
خەڵكی خۆڕاگری كوردستان!
خەڵکی ئازادیخوازی سەرانسەری ئێران!
حیزب و لایەنە سیاسییەكانی ئێران و كوردستان!
رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی!
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٨ی بەفرانبار کوردستان جارێکی دیکە سەلماندیەوە سەنگەری لەگیراننەهاتووی خەبات و خۆڕاگری دژی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
ئەمڕۆ خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان بە مانگرتنی گشتی، داخستنی دووکان و بازاڕ و  شوێنە گشتییەکان و دەربڕینی ناڕەزایەتی لە هەموو شار و ناوچەکانی کوردستان، هەم متمانەی چەند بارەیان بە حیزبە سیاسییەکانیان بەخشییەوە، هەم نیشانیان دا شۆڕشی "ژینا-ژن، ژیان، ئازادی" نەک هەر لە پێ نەکەتووە؛ بەڵکوو لە قووڵایی کۆمەڵگەدا زیندووە و لێ بڕاوە بۆ هەمیشە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی تێکەوە پێچێ. خەڵکی کوردستان پێشانی دایەوە کە لەهەمبەر تاوان و جیناتەکانی کۆماری ئیسلامی لە لوڕستان و مەلەکشایی و شوێنەکانی دی بێدەنگ نابێ و ڕێگە نادا ڕێ‌وڕێبازی خوێن و خەباتی لاوان و ئازادیخوازان ون ببێ. هەروەها پشتیوانیی خەڵکی کوردستان لە ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی ئێران، مەحکوومکردنی سیاسەتی هەڵاواردن و وەستانەوە لەهەمبەر جینایەتەکانی ڕێژیم لە کوردستان سەلمێنەری زیندێتی و گەشەی بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیی کورد لە ئێران و پێشكەوتنی خەبات و ڕاپەڕینی ئەم قۆناغە چارەنووسسازە دژ بە دیکتاتۆریی ڕێژیمی ئێرانە.
ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوكاریی حیزبەکان لە کوردستان سپاسی خەڵکی خەباتکاری کوردستان و ئازادیخوازانی ناوچەکانی تری ئێران دەکا کە بە مانگرتن و بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکانیان وەڵام و پەیامێكی سیاسیی ڕوون و گورچكبڕیان بە هێزە سەركوتگەرەكان و تەواوەتیی ڕێژیمی دەسەڵاتدار دایەوە. خەڵکی بوێر و ئازادیخوازی کوردستان نیشانیان دایەوە هەڕەشە و تۆقاندن و سیاسەتی سەرکوت هەنگاویان پێ شل ناکا و بەو یەکڕیزی و یەکگرتووییەی حیزبە سیاسییەکان و خەڵکی کوردستان ئەو پەیامە بە ڕاشکاوی ڕاگەیەندرا کە كە بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی ئێمە پێی ناوەتە قۆناغێكی نوێ‌وە. ئەم قۆناغە نوێیەش دەخوازێ لەپێناو بەردەوامی و سەرکەوتنی یەکجارەکیدا زیاتر و جیاوازتر لە هەمیشە بەستێنی لەبار بۆ یەکڕیزی، هاوخەباتی و هەڵمەتی پێكەوەیی دەستەبەر بکەین و بەوەش هێزێكی زیاتر بە خەبات و بزووتنەوەکەمان بدەین.
بزووتنەوەی سیاسی و مافخوازانەی کوردستان کە بەردەوام پێداگریی لەسەر فرەچەشنی و پێکەوە ژیان کردووە و دژ بە پاوانخوازی و خۆسەپاندن بووە، جارێکی دیکەش پشتیوانیی خۆی لە ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکان دژی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامیی ئیران ڕادەگەیەنێ و پێ لەسەر شێلگیری و بەردەوامیی خەبات و تێکۆشانی خەلکی کوردستان لەپێناو وەدیهاتنی ماف و داوا ڕەواکانی لە ئێران دادەگرێتەوە.
بژی هاوپشتی و یەكگرتوویی خەڵكی مافخوازی كوردستان!
بڕووخێ كۆماری ئیسلامیی ئێران!

- پارتی ئازادیی کوردستان
- پارتی ژیانی ئازادی کوردستان
- سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
- کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
- کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
- کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
- حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێوارەی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤


بەپەلە