شارپرێس:
لەپێشهاتێکی سەرنجڕاکێشدا کە ڕەنگدانەوەی گۆڕانی سروشتی شەڕی مۆدێرنە، ئۆپەراسیۆنی "تۆڕی جاڵجاڵۆکە"ی ئۆکرانیا لەناو خاکی ڕوسیادا سەرسوڕمانی بەرفراوانی لێکەوتەوە، تەنانەت دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بەشێوەیەکی نافەرمیی سەرسامیی خۆی بەپڕۆسەکە دەربڕیی.
ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییە کە پشتی بەفڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەرزان بەستبوو، جارێکی دیکە تیشکیخستوهتەسەر کاریگەریی ئەمجۆرە چەکە بەرامبەر بەجبەخانەی سەربازیی ئاسایی گرانبەهاو پرسیاری زۆریان لەبارەی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لەسروشتی چەکی کاریگەر لەشەڕی مۆدێرندا وروژاندوە.
پێش ئەویش ئۆپەراسیۆنی هاوشێوە لەلایەن حوسییەکان بەبەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێران ئەنجامدراوەو خاڵی بەرچاویان لەدژی هاوپەیمانی ئەمریکاو ئیسرائیل تۆمارکردوە، سەرەڕای ئەوەی کە ئەو دوو وڵاتە خاوەنی ماشێنێکی جەنگیی زەبەلاحن.
ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە بەبەراورد لەگەڵ تێچوی کەمیان کارایی بەرزیان نیشانداوە کە تێچوی هەندێکیان کەمتر لەدوو هەزار دۆلارە، لەکاتێکدا سیستەمی بەرگریی موشەکیی ئەمریکا پێویستی بەملیۆنان دۆلار هەیە بۆ ئەوەی ڕێگریان لێبکات.
بەراوردکردنی نرخی فڕۆکەی جەنگییو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ئاساییەکان جیاوازییەکی گەورە لەتێچونەکاندا ئاشکرادەکات: فڕۆکەکانی وەک F-35 و Eurofighter Typhoon تێچووی زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلارە، لەکاتێکدا فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ئێرانییەکان تەنها 20 بۆ 50 هەزار دۆلار تێدەچێتو هەندێکیشیان وەک فڕۆکە ئۆکرانیاییەکان نرخی کەمتر لە 500 دۆلارە.
هەروەک تێچوی ئۆپەراسیۆنو مەشقو ڕاهێنان لەبەرژەوەندیی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە، چونکە فڕۆکە جەنگییەکان پێویستیان بەسوتەمەنییو مەشقی گرانبەها هەیە، لەکاتێکدا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پێویستیان بەڕاهێنانی سادەو تێچوی کەمی سوتەمەنیی هەیە.
لەکاتێکدا ئەمریکاو ئیسرائیلو چین پێشەنگی پیشەسازیی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانن، ئێرانو تورکیا پێشکەوتنی بەرچاویان لەهەناردەکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا بەدەستهێناوە، بەسەرکەوتویی مۆدێلی سادەو کاریگەریان بۆ وڵاتانی کەم توانای دارایی دابینکردوە.
فەرەنسا هاوبەشیی لەگەڵ ئۆکرانیا دەستپێکردوە بۆ بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەشێوەیەکی بەرفراوان لەهەوڵێکدا بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی سەربازیی لەگەڵ ئەمریکا، وڵاتێکی وەکو ئێران توانیویەتی تەکنەلۆژیای سادە پەرەپێبدات کە ڕێگەی پێبدات فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەتێچوی کەم بەرهەمبهێنێت.
پرسیارە گەورەکە ئەوەیە... ئایا وڵاتانی جیهان بەردەوامدەبن لەبەرهەمهێنانی فڕۆکەو تانک بەبەهای ملیارەها دۆلار، وڵاتانی جیهانی سێیەمیش بەردەوامدەبن لەکڕینیان، لەکاتێکدا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بەتێچوی چەند هەزار دۆلارێک دەتوانێت تانکێک بەبەهای ملیۆنان دۆلار لەناو ببات؟
