شارپرێس:
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاشكرایكرد، موشەکێکی بالیستی کە لەئێرانەوە ئاراستەکرابوو لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانی بەهاوکاریی ناتۆ خراوهتهخوارەوە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لەڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرایکرد، موشەکێکی بالیستی کە لەخاکی ئێرانەوە ئاراستەکرابوو و بەرەو ئاسمانی تورکیا دەهات، پێشئەوەی بگاتە ئامانجەکەی تێکشکێندراوە.
بهگوێرهى راگەیەندراوەکە، موشەکەکە دوای ئەوەی ئاسمانی هەردوو وڵاتی عێراقو سوریای بڕیوە، ئاراستەکەی بەرەو ئاسمانی تورکیا دیاریکراوە، دەستبەجێ لەلایەن هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیو موشەکیی هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) کە لەڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست جێگیرن، بەرپەرچدراوەتەوەو لەکارخراوە.
سەبارەت بەو پارچە موشەکەی کە لەقەزای دۆرتیۆڵی سەر بەپارێزگای هاتای کەوتوەتە خوارەوە، وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕونیکردوەتەوە؛ دوای ئەوەی هەڕەشەکە لەئاسماندا لەناوبراوە، دەرکەوتوە کە ئەو پارچەیە پاشماوەی موشەکی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی خۆیان بوە نەک هی موشەکە هێرشبەرەکە، ڕوداوەکەش هیچ زیانێکی گیانیو برینداربونی لێنەکەوتوەتەوە.
ههر لهو ڕاگەیەنراوەدا، وەزارەتی بەرگریی توركیا هۆشدارییەکی توندیداوەو نوسیویهتى، "ئیرادەو توانامان بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتو هاوڵاتیانمان لەبەرزترین ئاستدایە، تورکیا پشتیوانیی لەسەقامگیرییو ئارامیی ناوچەکە دەکات، بەڵام توانای تەواوی هەیە بۆ پاراستنی خاکی خۆی لەهەر شوێنێکو لەلایەن هەر کەسێکەوە هەڕەشەی لێبکرێت".
لەکۆتاییدا، تورکیا هۆشداریداوەتە هەمولایەنەکان کە خۆیان بەدوربگرن لەهەر هەنگاوێک کە ببێتە هۆی زیاتر تەشەنەسەندنی ململانێکان لەناوچەکەداو وتویهتى، "مافی وەڵامدانەوەی بۆ هەر هەڵوێستێکی دوژمنکارانە پاراستوە، بۆ ئەم مەبەستەش بەردەوامدەبن لەڕاوێژکردن لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان لەناتۆ".
سەرۆکایەتی تورکیاش هاتهدهنگو دهڵێت، "بێ دوو دڵی هەموو هەنگاوێک دەنێین بۆ بەرگریکردن لەوشکانیو ئاسمانی خۆمان".