عێراقچى وه‌ڵامێكى توندى گرۆسى ده‌داته‌وه‌

جیهان

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2923 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزیری دەرەوەی ئێران، لەوەڵامی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ڕایگەیاند، "لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ڕۆڵێکت گێڕا جێگەی نیگەرانی بوو، هەربۆیەش پەرلەمانی وڵاتەکەمان پڕۆژەیاسای هەڵپەساردنی هاوکارییەکانی ئاژانسەکەی پەسەندکردوه‌".


عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، لەهەژماری خۆی لەپلاتفۆڕمی ئێکس، وەڵامی لێدوانی ئەمدواییەی ڕافایل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دایەوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند، "پەرلەمانی ئێران دەنگیدا بەڕاگرتنی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، تائەوکاتەی سەلامەتی‌و ئاسایشی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران زامن دەکرێت".

ئاماژەی بەوەدا، ئەم بڕیارەی پەرلەمان دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی ئەم ڕۆڵە نیگەرانکەرەی گرۆسی بوە، لەپەردەپۆشکردنی ئەو ڕاستییەی کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کە لەڕابردوو بەفەرمی ڕایگەیاندبوو، سەرجەم دۆکۆمێنتەکانی پێشوی پەیوەست بەپرۆگرامی ئەتۆمیی ئێرانی داخستبوو.

عراقچی، نوسیویه‌تى، "گرۆسی لەڕێگەی ئەمکارەی کە کردی ڕاستەوخۆ ڕێگەی خۆشکرد بۆ بڕیارنامەیەکی پاڵنەری سیاسی دژ بەئێران لەدەستەی بەڕێوەبەرانی ئاژانسیی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، بۆ ئاسانکاریی بۆ هێرشە نایاساییەکانی ئیسرائیل‌و ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران".

جەختی لەوەشکردەوە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم‌و بەڕێوەبەری گشتییەکەی، بەرپرسیارێتی تەواویی ئەم دۆخە قێزەونە لەئەستۆ دەگرن.

وەزیری دەرەوەی ئێران، باسی لەوەشکردوە، "پێداگریی گرۆسی لەسەر پشکنینی شوێنە بۆردومانکراوەکان بەبیانوی چاودێریکردنی پارێزبەندییەکان، بێمانایەو تەنانەت ڕەنگە مەبەستێکی خراپیشی هەبێت لەوکارە".

عراقچی، لەکۆتایی نوسینه‌كه‌یدا ئاماژەی بەوەکردوە، ئێران مافی خۆیەتی بۆ بەرگریکردن لەبەرژەوەندییەکانی گەلەکەی‌و سەروەریی خۆی، هەر هەنگاوێک پێویست بێت بیگرێتەبەر.