شارپرێس:
هێزەکانی پاراستنی گەل هەپەگە دەڵێت، هێرشەکانی سوپای تورک لە دژی هێزەکانی گەریلا بە تایبەت بە زیادکردنی هێرشی گازی کیمیایی و چەکی قەدەغەکراوە زیاتر بوون.
هەپەگە لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، هێزەکانی گەریلا بە مەبەستی پاراستنی خۆیان چالاکی وەڵامدانەوەیان ئەنجام داوە.
لەبەشێکی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە ماوەی ئەم دوو هەفتەیەیی کۆتاییدا بە تایبەت لە هەرێمەکانی ڕۆژئاوای زاپ، دەشتاییەکانی نێوان ناوچەی ئامێدیی باشووری کوردستان و هەرێمی دێرەلۆک جوڵە و هەروەها لە دژی هێزەکانمان لە مەتینا هێرشەکانی سوپای تورک زۆر زیادیان کردووە. لە گوندی سێگرێی نزیکی ناوچەی ئامێدی و لە گۆڕەپانی گردی ئامێدی کە کەوتووەتە ژووری گوندی سێگرێ بە چەکی کیمیایی شەپۆلێکی هێرشی لەناوبردن لە دژی هێزەکانمان دەستپێکرا.
ڕونیشیکردەوە، پێشتریش پەیوەست بەم بابەتەوە ڕاگەیاندراو و ئاگادارییمان بۆ ڕای گشتی بڵاوکردبووەوە. بەڵام هێرشەکانی سوپای تورک لەو ناوچانە بێ ناوبڕ زیاتر بوون. بۆ ئەوەی بگات بە ئامانجەکانی زۆر زیاتر بە چەکی کیمیایی هێرشەکانی درێژ کردووەتەوە.
دەشڵێت، ئێمە لە ٢٤ و ٢٦ـی حوزەیراندا لەم ناوچەیە لە دژی هێرشەکانی سوپای تورک کە لەسەر بنەمای لەناوبردن دەیکات، ئۆپەراسیۆنی وەڵامدانەوەمان ئەنجام دا.
ئ.ه
