پڕۆژه‌یاسایه‌ك له‌دژى تره‌مپ شكستیهێنا

جیهان

12 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2584 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پڕۆژەیاسای پێشنیازکراوی دیموکراتەکانی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا بۆ سنوردارکردنی دەسەڵاتەکانی کابینەی دۆناڵد تره‌مپ لەکاتی جەنگ‌و بەتایبەت بۆ ڕێگریی لەهێرشی دوبارە بۆسەر ئێران، بە 53 دەنگی نەخێر لەبەرامبەر 47 دەنگی بەڵێ، شکستیهێنا.


ئەم پڕۆژەیاسایە کە لەلایەن "تیم کین" سیناتۆری دیموکراتەوە ئامادەکرابوو، بەپشتبەستن بە"یاسای دەسەڵاتەکانی جەنگ"، پەسندکراوی ساڵی 1973، کۆشکی سپیی ناچاردەکرد پێش هەر کردەوەیەکی سەربازیی دیکە لەدژی ئێران، ڕەزامەندیی ئەنجومەنی پیران‌و ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا وەربگرێت.

پاش گفتوگۆیەکی چڕ لەسەر پڕۆژەکە، سەرجەم کۆمارییەکانی ئەنجومەنی پیران کە ژمارەیان 53 کەسەو زۆرینەی ئەنجومەنەکە پێکده‌هێنن، دەنگی نەخێریان پێداو ڕەتیانکرده‌وە.

لەئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکاش، دوو پڕۆژەیاسای جیاواز بۆ سنوردارکردنی دەسەڵاتەکانی تره‌مپ سەبارەت بەهێرشی دوبارە بۆسەر ئێران ئامادەکراون کە هەردوکیان لانیکەم لەپاش دوو هەفتەی دیکە لەو ئەنجومەنە تاووتوێدەکرێن.