به‌ر له‌هێرشه‌كه‌ى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران چى ڕویدا؟ فیدان ئاشكرایده‌كات

جیهان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 8933 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "بەرلەوەی ئیسرائیل هێرشبکاتەسەر ئێران، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندیی پێوەکردوەو سەبارەت بەئەگەری ئەو هێرشە قسەیانکردوە"، ده‌شڵێت:"ئێران‌و ئەمریکا دەتوانن لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمییەوە بگەنە ڕێککەوتن".


هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا شەوی ڕابردوو لەبەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، "هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ئێران وای لەئێران کرد بەشێوەیەکی ڕەوا بەرگریی لەخۆی بکات، هەروەها دەرکەوت ئیسرائیل بەو شێوەیەی بانگەشەی بۆ دەکرد، وڵاتێک نییە بتوانێت توانا ئەتۆمییەکانی ئێران لەناوببات".

سه‌باره‌ت به‌ئاگربەستەکەی ئێران‌و ئیسرائیل، وەزیری دەرەوەی تورکیا وتى، "دەبێت ناوچەکە بۆ هەر ئەگەرێکی تێکچونی ئاگربەستەکەو دەستپێکردنەوەی هێرشە دولایەنییەکان وریابێت، چونکە ئەم جەنگە زیانی ئابوریی بەهەموو ناوچەکە دەگەیه‌نێت، نەک تەنها بەدوو وڵاتەکە".
 
فیدان ئه‌وه‌شى وت:"بۆ بەهەمیشەییکردنی ئاگربەستەکەی ئێران‌و ئیسرائیل، پێویستە دانوستاندنەکان لەبارەی پڕۆگرامی ئەتۆمی دەستپێبکەنەوە، ئێران‌و ئەمریکا دەتوانن لەبابەتی ئەتۆمدا بگەنە ڕێککەوتن".

وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت، "چەند کاتژمێرێک بەرلەوەی ئیسرائیل هێرشبکاتەسەر ئێران، لەلایەن مارکۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیم پێگەیشت".
 
بەوتەی هاکان فیدان، مارکۆ ڕۆبیۆ لەپەیوەندییە تەلەفۆنییەکدا وتویەتی، "هەر هێرشێک بکرێت، ئەمریکییەکان دەستیان تێیدا نەبوە، بۆیە با ئێرانییەکان هێرشنەکەنە سەرمان، ئەگەر هێرش بکەن، زۆر بەتوندی وەڵامیان دەدەینەوە".
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئه‌وه‌شى وت:"ئێمە ئەم بابەتەمان لەگەڵ ئێرانییەکان تاووتوێکردو وتمان؛ لەئەگەری ڕودانی شتێکی وەهادا ئەمریکییەکان پەیوەندییان بەبابەتەکەوە نییە، بۆیە ئەوان نایانەوێت ئێوە کارێک بکەن ئەوانیش پەلکێشی جەنگەکە بکەن، ئێمە وەک نێوەندگیرێک ئەم پەیامە بەئێوە دەگەیه‌نین".
 
ئەمریکا ڕۆژی 22ی ئەم مانگە بەفڕۆکەی جەنگی‌و موشەک هێرشیکردەسەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنزو ئه‌سفەهانی ئێران.
 
وەزیری دەرەوەی تورکیاش له‌و روه‌وه‌ ده‌ڵێت:"لەپەیوەندییەکی دیکەی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی هێرشەکەی 22ی ئەم مانگەی ئەمریکا قسەمانكرد، عێراقچی وتی، ئەگەر ئەم جموجوڵە سنوردارە هەر بەمشێوەیە بمێنێتەوە، وەڵامی ئێمەش سنوردار دەبێت".
 
 فیدان پێیوابوو، "هەواڵپێدان بەر لەهێرشکردن شێوازێکی نوێی جەنگە؛ کاتێک ئێوە هەواڵدەدەن، مەبەستتان ئەوەیە بەلایەنی بەرامبەر بڵێن؛ من نامەوێت لەگەڵت شەڕبکەم، بەڵام هەلومەرجەکان ناچارم دەکەن، فڵانە کار تاوەکو ئاستێکی سنوردار ئەنجامبدەم، تۆ لەمە تێبگە، لەبەرامبەر ئەمەدا وەڵام مەدەوە، ئەگەر وەڵامیشت دایەوە بەگوێرەی سنورەکە وەڵامبدەرەوە".