شارپرێس:
ئیال زەمیر سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێرشەکانی ئەمدواییەی ئیسرائیلو ئەمریکا زیانێکی زۆری بەبەرنامەی ئەتۆمیی ئێران گەیاندوە، جەختیشی لەوەکردەوە، ئێران "چیتر دەوڵەتێکی ئەتۆمی هەڕەشەکەر نییە".
زەمیر لەگفتوگۆیەکی داخراودا لەگەڵ بەرپرسانی سەربازیی وڵاتەکەی ڕایگەیاند، "ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکەیان دامەزراوە ئەتۆمییەکانو زانایانو کارمەندانی بەرهەمهێنانی کردوەتە ئامانج، ئەمەش بوەتە هۆی پچڕانێکی بەرچاو لەزنجیرەی گەشەپێدانی ئەتۆمیدا کە ڕەنگە ساڵانێکی زۆری بخایەنێت بۆ چاککردنەوەی".
ڕونیشیکردوهتەوە، ئیسرائیل گەیشتوەتە قۆناغێک کە چیتر ناتوانێت پێشبینی ئەوەبکات، ئایا ئێران بڕیاری بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمیی دەدات یان کەی دەیکات، ئەمەش وایکردوە بەڕێوەبردنی مەترسیەکان ئەستەم بێت.
بەگوێرەی کەناڵی 12ی ئیسرائیل، وێنەکانی مانگە دەستکردەکان ئاشکرایانکردوە، ئێران لەپێگەی ئەتۆمیی نەتەنز دەستی بەچالاکیی کردوهتەوە، پێدەچێت ئامانجی دەرهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراو بێت لەزەوی.