بۆچی میدیای ئەمریکی دەنگۆی وێران نەبونی بەرنامەی ناوەکیی ئێران بڵاودەکاتەوە؟

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3107 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامەی "ڤزگلیاد"ی ڕوسیی لەڕاپۆرتێکدا باسی لەوەکردوە، ئەو مشتومڕانەی لەناو میدیای ئەمریکیدا هەیە سەبارەت بەو زانیارییە دزەپێکراوانەی باس لەوێران نەبونی بەرنامەی ناوەکیی ئێران دەکەن، هەڕەمەکیی نین‌و ئامانجی شاراوەیان لەپشتە.


ڕۆژنامەکە دەڵێت، "ڕاپۆرتێکی کەناڵی "سی ئێن ئێن" بەپشتبەستن بەزانیارییە هەواڵگرییەکان ئاشکرایکردوە کە هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکان لەگەڵ لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکادا ناگونجێت کە جەختی لەوەکردوه‌تەوە هێرشەکان بەرنامەی ناوەکیی ئێرانیان بەتەواوەتیی وێرانکردوەو توانای پیتاندنی یۆرانیۆمیان نەماوە.

ڕۆژنامە ڕوسییەکە لەسەر زاری سیناتۆری ڕوسی ئەلێکسی پوشکۆڤەوە، بەپشتبەستن بەدزەپێکردنی ڕاپۆرتێکی هەواڵگریی زۆر نهێنیی ئەمریکا، ڕایگەیاندوە، بەشە سەرەکییەکانی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران وەک خۆیان ماونەتەوەو زیانیان پێنەگەیشتوە.

پوشکۆڤ لەڕێگەی کەناڵی تێلێگرامەکەیەوە ڕونیکردوه‌تەوە، ئەم دزەپێکردنانە بەشێوەیەکی هەڕەمەکیی نین، بەڵکو ڕەنگە دوو ئامانجی سەرەکییان لەپشتەوە بێت کە ئەوانیش: 

یەکەم: نەهێشتنی متمانە بەترەمپ‌و سیاسەتەکانی بەرامبەر بەئێران، بەتایبەت لەژێر ڕۆشنایی زیادبونی ڕەخنەی دیموکراتەکان لێی.

دوەمیش: ڕێگەخۆشکردن بۆ کردەوەی سەربازیی نوێ دژ بەئێران، بەبرەودان بەو بیرۆکەیەی کە هێرشەکانی پێشوو بەس نەبون بۆ لەناوبردنی بەرنامە ناوەکییەکەی.

پوشکۆڤ لەکۆتایی شیکارییەکانیدا جەختی لەوەکردوه‌تەوە، دزەپێکردنی ڕێکخراو لەناو ئەمریکادا زۆرجار بەهۆی بەرژەوەندیی‌و ئەجێندای سیاسییەوەیە، نەک تەنها ڕێکەوت.