بەختیار ئەحمەد ساڵح
پێشەکی
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، میدیای ناوچەیی و جیهانی، لەوانەش سکای نیوز عەرەبی و ئەلجەزیرە، ڕاپۆرتیان لەسەر پەرەپێدانی سیستەمێکی نوێی مووشەکی ئێرانی كرد بە ناوی ئاخر زەمان/ئەپۆکالیپس؛ كە مووشەکێکی هایپەرسۆنیکە بە خێرایی زیاتر لە ماخ ١٢ (12 جار خێراتر لە خێرایی دەنگ) و توانای هەڵگرتنی دەیان سەری تەقینەوەى هەیە بە مەودای نزیکەی ٣ هەزار کیلۆمەتر. ئەم چەکە دەتوانێت بە چەند خولەکێک لە تارانەوە بگاتە تەلئەبیب و هەموو سیستەمەکانی بەرگری ئاسایی تێپەڕێنێت.
لەبەرامبەردا ئەمریکا و ئیسرائیل هەوڵدەدەن ڕێگایەک بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم مەترسییە بدۆزنەوە بە پڕۆژەگەلی وەک تیشکی ئاسنین و تەکنەلۆژیای لەیزەر و وزەی ئاراستەکراو. بەڵام شارەزایانی ئەمنی جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم تەکنەلۆژیایانە هێشتا لە قۆناغی گەشەکردندان و پێویستیان بە بڕێکی زۆر کات و سەرمایە هەیە بۆ ئەوەی ببنە سیستەمێکی کارا.
پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە:
1. ئایا هاتنە ناوەوەی مووشەکی ئاخرزەمان بۆ ناو جبەخانەی ئێران لە بنەڕەتدا هاوسەنگی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت؟
2. تا چەند دەتوانرێت ئەم موشەکە بە چەکێکی بەرپەرچدانەوە لە دژی هەڕەشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا هەژمار بکرێت؟
3. وە لە هەمووی گرنگتر: ئایا ئەم ڕەوتە دەمانباتە سەرجەنگی بوونگەرایی لە پاییزی داهاتوو یان هێشتا ڕێگەیەک هەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەم خولەی پێشبڕکێی چەک؟
1. ڕەهەندە تەکنیکی و سەربازییەکانی مووشەکی ئاخر زەمان
أ. تایبەتمەندی تەکنیکی و خێرایی موشەکەکە
ڕاپۆرتە میدیایی و سەربازییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە مووشەکی ئاخر زەمان یەکێکە لە پێشکەوتووترین دەستکەوتەکانی پیشەسازی مووشەکی ئێران. ئەم مووشەکە بە هایپەرسۆنیک پۆلێن دەکرێت و خێراییەکەى به ١٢ ماخ (زیاتر لە ١٤ هەزار کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا) مەزەندە دەکرێت. خێرایی لەو شێوەیە سیستەمی بەرگری ئاسایی - لەوانەش گومەزی ئاسنیینى ئیسرائیل یان تەنانەت سیستەمی ئەمریکی وەک پاتریۆت و THAAD - ناتوانن کاردانەوەی خێرایان هەبێت بۆ ئەوەی ڕێگری لێبکەن.
ب. توانای مەودا و لەناوبردن: دەوترێت مەودای کارکردنی موشەکەکە ٣ هەزار کیلۆمەتر دەبێت، ئەمەش ژمارەیەکی زۆرە کە ڕێگە بە ئێران دەدات هەموو ئامانجەکانی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا بپێکێت. جگە لەوەش، بەپێی زانیارییەکان، ئەم موشەکە توانای هەڵگرتنی تا ٨٠ سەری جەنگی یان چەندین بارگەی تەقینەوەی هەیە. ئەمەش بەو مانایەیە کە بە یەک هەڵدانی، دەتوانێت لە یەک کاتدا چەندین ئامانجی ستراتیژی بپێکێت.
ج. توانای مانۆڕکردن و شکستی بەرگری: بە پێچەوانەی مووشەکی کلاسیک، ئەم موشەکە توانای مانۆڕکردنی هەیە لە بەرگەهەوادا. ئەم مانۆڕکردنە وا دەکات ڕێڕەوی پێشبینی نەکراو بێت و چانسی هەر ڕێگرییەکی سەرکەوتوو زۆر کەم دەکاتەوە.
لە ڕوانگەی ئۆپەراسیۆنەوە ئەم تایبەتمەندییە بەو مانایەیە کە ئەگەر دوژمن بتوانێت مووشەکەکە دەستنیشان بکات، ئەوا کاتی پێویستی لەبەردەست نابێت بۆ لەناوبردنی.
د. ڕەهەندی دەروونی و ڕێگریکردن: توانای گەیشتن بە تەلئەبیب لە ماوەی کەمتر لە ١٠ خولەکدا تەنها توانایەکی سەربازی نییە بەڵکو پەیامێکی دەروونی-ستراتیژییە.
ئێران بە ناساندنی ئەم مووشەکە بە کردەوە دەیەوێت ئەوە نیشان بدات کە هاوکێشەی کاتی بڕیاردانی ئیسرائیل و ئەمریکا تێکدەدات؛ بەجۆرێک کە سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانی لایەنی بەرامبەر دەبێ تێچووی وەڵامدانەوەی خێرا و تێکدەرانە بۆ ئەم چەکە لە بەرامبەر هەر هێرشێکی ئەگەری دژ بە ئێران لەبەرچاو بگرن.
ه. مووشەکی ئاخر زەمان تەنها ئامرازێکی هێرشبەر نییە، بەڵکو چەکێکی ڕێگری ستراتیژیشە کە ئامانجی سەرەکی گۆڕینی هاوسەنگی هێزى ناوچەکەیە بە قازانجی ئێران.
2
. ستراتیژی بەرپەرچدانەوەى ئێران: لە مووشەکەوە بۆ گێڕانەوەی میدیایی:
أ. خۆڕاگری لە هزری ئاسایشی نەتەوەیی ئێراندا: ئێران لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە ستراتیژى بەرگری خۆی لەسەر بنەمای ڕێگری ناهاوسەنگ دامەزراندووە بەهۆی ئەو سنووردارکردنانەی کە لە ئەنجامی گەمارۆی چەک و ئەزموونی شەڕی هەشت ساڵە لەگەڵ عێراقدا هاتۆتە ئاراوە. لەم چوارچێوەیەدا مووشەکی بالیستیک و پاشان هایپەرسۆنیک وەک بەدیلێک بۆ لاوازی هێزی ئاسمانی پێشکەوتوو سەیر دەکرا.
ئامانجی سەرەکی ئەم عەقیدەیە دەستپێکردنی شەڕ نییە، بەڵکو دروستکردنی تێچووی قورسە بۆ هەر هێرشێکی دوژمن. مووشەکی ئاخرزەمان لەم هاوکێشەیەدا بە دوا ئامرازی ڕێگریکردن دادەنرێت: چەکێک کە ڕێگری لە دوژمن دەکات بیر لە هێرشکردن بکاتەوە، چونکە وەڵامدانەوەی دەتوانێت ببێتە هۆی لەناوبردنی ناوەندە گرنگەکان.
ب. پیشاندانی دەسەڵاتی میدیایی و شەڕی دەروونی: هێنانەکایەی ئەم مووشەکە تەنها کردەوەیەکی سەربازی نەبوو، بەڵکو بارگەیەکی میدیایی و دەروونی بەهێزی هەبوو.
هەڵبژاردنی ناوی ئاخرزەمان خۆی نیشانەی دروستکردنی گێڕانەوەی ستراتیژییە؛ پەیامێک بۆ دوژمن کە هەڕەشەکە وەک هێرشێکی سنووردار سەیر ناکرێ، بەڵکو وەک یاریی کۆتایی سەیر دەکرێت. میدیاکانی ئێران بە تیشک خستنە سەر خێرایی و مەودا و هێزی وێرانکەری ئەم مووشەکە، هەوڵ دەدەن ئەو وێنەیە بگەیەنن کە ئێران ستراتیژەکەى لە بەرپەرچدانەوەى ناوچەییەوە بۆ بەرپەرچدانەوەى وجودی گواسترتۆتەوە.
ج. پەیامی فرە چین بۆ ئەکتەرە ناوچەیی و جیهانییەکان
1) بۆ ئیسرائیل: هەر هێرشێکی پێشوەختە بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان یان ناوەندە گرنگەکانی ئێران وەڵامێکی دەستبەجێ و وێرانکەری دەبێت.
2) بۆ ئەمەریکا: تەنانەت بە بوونی سیستەمی بەرگری پێشکەوتوو، هیچ گەرەنتییەک بۆ ئاسایشی بنکە و هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا نییە.
3) بۆ وڵاتانی عەرەبی کەنداو: هاوکاریی ئاشکرا لەگەڵ پڕۆژە دژە ئێرانی دەتوانێت بیانکاتە ئامانج.
د. تێکەڵکردنی بەرپەرچدانەوەى هێزى ڕەق و نەرم: ستراتیژی ئێران لەم بوارەدا تێکەڵەیەکه لە بەکارهێنانى هێزی ڕەق (مووشەک) و هێزی نەرم (گێڕانەوەی میدیایی). ئێران کاردەکات لەسەر ئەوەى مووشەکی ئاخرزەمان نەک هەر دەبێت هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بێت، بەڵکو دەبێت وەک خەوێکى ناخۆش لە مێشکی بەرامبەردا بچەسپێنرێت. ئەمەش لەمیدیای نێودەوڵەتیدا ڕەنگدانەوەی هەبووە.
ه. ئێران بە ناساندنی موشەکى ئاخر زەمان بەرپەرچدانەوە لە ئاستی سەربازییەوە بۆ ئاستێکی دەروونی-بوونگەرایی بەرزکردۆتەوە؛ هەڕەشەیەک کە هەم دوژمن لە هێرشکردن دوور دەخاتەوە و هەم کاریگەری لەسەر بیروڕای گشتی لە ناوچەکەدا هەیە.
3. وەڵامەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل: لە گومەزی ئاسنینەوە بۆ تیشکی ئاسنیین:
أ. سنوورداری سیستەمەکانی ئێستا: لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا ئیسرائیل توانی بە سیستەمی بەرگری مووشەکی گومەزى ئاسنین بەشێکی زۆری هەڕەشەکانی موشەک و مووشەکی کورت مەودای هێزەکانی بەرەى موقاوەمە لە غەززە و لوبنان ڕابگرێت.
لە ئاستێکی بەرزتردا سیستەمی ئارۆ و Davids Sling بەرپرسیار بوو لە ڕێگریکردن لە موشەکی بالیستی و مەودای مامناوەند. بەڵام شارەزایانی سەربازی دان بەوەدا دەنێن کە هاتنی مووشەکی هایپەرسۆنیکی وەک ئاخرزەمان دەبێتە هۆی ئەوەی ئەم سیستێمانە بە کردەوە بێکاریگەر بن، چونکە:
1) خێرایی زۆر بەرز (12 ماخ) دەرفەتی کاردانەوە کەمدەکاتەوە.
2) توانای مانۆڕکردن لە چینەکانی دەرەوەى بەرگەهەوادا ڕێڕەوی فڕینەکە پێشبینی نەکراو دەکات.
3) توانای هەڵگرتنی چەندین سەری تەقینەوە، ڕێگریکردن لە یەک کاتدا قورس دەکات.
ب. پڕۆژەی نوێی ئیسرائیل: بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسییە ئیسرائیل بەدوای تەکنەلۆژیای نوێدا دەگەڕێت:
1) تیشکی ئاسنین: سیستەمێکە لەسەر بنەمای وزەی ئاراستەکراو (لەیزەر) کە دەتوانێت ئامانجە فڕیوەکان لەناو ببات لە کەمتر لە چرکەیەکدا. ئەم پڕۆژەیە لە قۆناغی پەرەپێداندایە و ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە چەند ساڵی داهاتوودا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
2) زیادکردنی یەکخستنی بەرگری فرە چین: هەوڵ دەدرێت بۆ هەماهەنگی باشتر لە نێوان گوزمەزى ئاسنیین و داود سلینگ و هیتز بۆ ئەوەی بتوانن وەڵامی هەڕەشەکان بدەنەوە.
3) بەهێزکردنی هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا: گواستنەوەی تەکنەلۆژیای ڕێگری مۆدێرن و بەکارهێنانی بنکە ئەمریکییەکان لە ناوچەکە بۆ ڕێگری پێشوەختەی هەڵدانی فڕۆکەکان.
ج. هەوڵەکانی ئەمریکا: هەروەها ئەمریکا شانبەشانی ئیسرائیل پڕۆژەی هاوشێوەی بەڕێوەدەبات:
1) پەرەپێدانی سیستەمی لەیزەر و مایکرۆوەیڤ بۆ بەرەنگاربوونەوەی مووشەکی هایپەرسۆنیک.
2) جێگیرکردنی سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە بنکە ناوچەییەکان بۆ چاودێریکردنی هەڵدانی هەر موشەکێک.
3) وەبەرهێنانێکی زۆر لە زیرەکی دەستکردی بەرگریدا بە ئامانجی پێشبینیکردنى ڕێڕەوی فڕینی و مانۆڕی مووشەکەکە.
د. ڕاستییەکان:
1) سەرەڕای ئەم پڕۆژانە، ڕاستییەکە ئەوەیە کە تا ئەمڕۆ سیستەمێکی بەرگری بە تەواوی کارا نییە بۆ ڕێگریکردن لە مووشەکی هایپەرسۆنیک. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، شرۆڤەکارانی سەربازی پێیان وایە ئیسرائیل و ئەمریکا زیاتر پشت بە ڕێگریکردن لەڕێگەى هەڕەشەی وەڵامدانەوەی توند و شەڕی دەروونی لە کورتخایەندا دەبەستن نەک توانای ڕاستەقینەی ڕێگریکردن.
2) لە کاتێکدا ئێران هاوکێشەی بەرپەرچدانەوەى بە موشەکى ئاخرزەمان بەرزترکردووەتەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل هێشتا لە قۆناغی تاقیکردنەوە و پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای بەرپەرچدانەوەدان. ئەم بۆشاییە کاتییە به سوودی ئێران دەشکێتەوە لەناوچەکە.
4. سیناریۆکانی داهاتوو: بەرپەرچدانەوە یان شەڕی مان و نەمان؟
أ. سیناریۆی یەکەم: سەقامگیرکردنی بەرپەرچدانەوە لە یەکتر
1) لەم حاڵەتەدا ناساندنی مووشەکی ئاخرزەمان هەمان ڕۆڵی چەکی ئەتۆمی لە سەردەمی جەنگی سارددا دەگێڕێت: چەکێک بۆ شەڕنەکردن.
2) ئێران بە خاوەندارێتی مووشەکێک کە هێزی وێرانکەری بەرزی هەیە، بە کردەوە تێچووی هەر هێرشێکی ئەگەری لەلایەن ئیسرائیل یان ئەمریکاوە بۆ ئاستێکی قبوڵنەکراو زیاد دەکات.
3) لەبەرامبەردا ئیسرائیل بە پشتبەستن بە باڵادەستی ئەتۆمی و پشتیوانی ئەمریکا، هەڕەشەی یەکتر بە زیندووی دەهێڵێتەوە.
4) ئەم سیناریۆیە بە واتای دروستبوونی جۆرێکه لە هاوسەنگی ترس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؛ دۆخێک کە هەموو لایەنەکان بزانن کە هەر شەڕێک یەکسان دەبێت بە یەکتر لەناوبردن.
ب. سیناریۆی دووەم: پێشبڕکێی چەک و ناسەقامگیری ناوچەیی
1) ئەگەرێکی دیکە ئەوەیە کە هێنانەکایەی موشەکى ئاخرزەمان لەبری ئەوەی سەقامگیری دروست بکات، پێشبڕکێی چەک خێراتر دەکات.
2) ئیسرائیل وەبەرهێنانی خۆی لە پرۆژەی لەیزەر و سیستەمی پێشکەوتوودا چەند هێندە زیادتر دەکات.
3) ئەمریکا بوونی سەربازی خۆی لە ناوچەکەدا فراوانتر دەکات.
4) وڵاتانی عەرەبی کەنداویش هەوڵی کڕینی سیستەمی بەرگری نوێ و تەنانەت چەکی هێرشبەریش دەدەن.
5) دەرئەنجامی ئەو جۆرە ڕەوتە دەبێتە زیادبوونی گرژی و خەرجییە سەربازییە قورسەکان و ناسەقامگیری سیاسی-ئابووری لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ج. سیناریۆی سێیەم: شەڕی پێشوەختە یان جەنگی مان و نەمان: مەترسیدارترین سیناریۆ ئەگەر ئیسرائیل یان ئەمریکا بەو ئەنجامە بگەن کە دەرفەت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئێران نامێنێت. لەم حاڵەتەدا، هێرشێکی پێشوەختە بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێران ئەگەری هەیە. بەڵام هەنگاوێکی لەو شێوەیە دەتوانرێت بە وەڵامێکی خێرا و وێرانکەری ئێران بەرەوڕوو بێتەوە، وەڵامێک کە نەک تەنها ئیسرائیل بەڵکو بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و تەنانەت ژێرخانی وڵاتانی عەرەبیش دەکاتە ئامانج.
ئەمەش ئەوەیە کە هەندێک لە شرۆڤەکاران بە جەنگی مان و نەمان ناوی دەبەن: شەڕێک کە ئامانجی تەنها هێرشێکی سەربازی نییە بەڵکو ئامانجی مانەوە یان لەناوبردنی لایەنی بەرامبەرە.
د. فاکتەری یەکلاکەرەوە: بەڕێوەبردنی قەیران و کەناڵە دیپلۆماسییەکان: هەرچەندە ژینگەی میدیایی جەخت لەسەر مەترسی پایزێکی گەرم دەکاتەوە، بەڵام مێژوو نیشانی داوە کە تەنانەت لە لوتکەی گرژییەکاندا، دیپلۆماسی نهێنی و کەناڵە نافەرمیەکان توانیویانە پێش بە شەڕی ڕاستەوخۆ بگرن. لەم نێوەندەدا ڕۆڵی ئەکتەرە نێوەندگرەکان (ئەوروپا، تورکیا، یان تەنانەت چین و ڕووسیا) لە کەمکردنەوەی گرژییەکاندا زۆر گرنگ دەبێت.
5. ئەنجام:
أ. مووشەکی ئاخرزەمانی ئێران هاوکێشەی ئەمنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەیاندە قۆناغێکی نوێ. ئێستا ناوچەکە لە لێواری هەڵبژاردنێکی مێژووییدایە: یان بچنە ناو سەردەمی بەرپەرچدانەوەى یەکترەوە، هاوشێوەی شەڕی سارد، یان خلیسکان بەرەو پێشبڕکێی چەک و ئەگەری شەڕی مان و نەمان.
ب. سەرهەڵدانی مووشەکی ئاخر زەمان لە جبەخانەی ئێراندا تەنیا پێشکەوتنێکی سەربازی نییە، بەڵکو گۆڕانکارییەکی جیۆپۆلەتیکی هاوکێشەی دەسەڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ئەم چەکە بە خێراییە زۆر و مەودای دوور و هێزی وێرانکەری بەرزەوە، بە کردەوە بەرگرییەکانی ئێستای بێکاریگەر کردووە و هاوسەنگی دەروونی-ستراتیژیی لە بەرژەوەندی ئێران گۆڕیوە. بەڵام وەک ئەزموونی جەنگی سارد دەریخست، وڵاتان بە دەگمەن ئەو جۆرە چەکانە بۆ شەڕی ڕاستەوخۆ بەکاردەهێنن؛ ئامانجی سەرەکی ئەوان ڕێگریکردن و سەپاندنی تێچووی قبوڵنەکراوە بەسەر دوژمندا.
