شارپرێس:
ئەڵمانیا، فەرەنساو بەریتانیا (ترۆیکای ئەوروپی) سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایانگەیاند، سزاکانی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆسەر ئێران کاراکرایەوە، بڕیارەكهش دوای تەواوبونی میکانیزمی سناپباک، واتا "گەڕانەوەی سزاکان" دێتو وەک کاردانەوەیەک بۆ جێبەجێنەکردنی ئەرکەکانی تاران سەبارەت بەبەرنامە ئەتۆمییەکەی لێکدرایەوە، دانوستانکاری باڵای ئەتۆمی ئێرانیش دەڵێت، "بەرنامەی ئەتۆمی ئێران هەرگیز لەناو ناچێت".
ئێران بەهۆی گەڕانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە خۆی بۆ گەمارۆ جیهانییەکان ئامادەدەکات، دوای ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتوەکان هەوڵی دواجار بۆ دواخستنی سزاکانی ڕەتکردەوە.
سێباستیان واکەر پەیامنێری کەناڵی PBS Frontline پێش بڕیارەکە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی لەگەڵ عەلی لاریجانی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ئەنجامدا، جۆن یانگ لەگەڵ واکەر قسە دەکات سەبارەت بەو شتانەی کە لە چاوپێکەوتنەکەدا وەریگرتوە.
وەزیرانی دەرەوەی هەرسێ وڵات لەبەیاننامەیەکی هاوبەشدا، داوایان لەئێران کرد خۆی لەهەر هەنگاوێکی هەڵکشان بپارێزێتو بگەڕێتەوە بۆ پابەندبون بەئەرکەکانی لەژێر پارێزبەندییە یاساییە پابەندکەرەکاندا، ئەوان ئاماژەیان بەوەشکرد، دوبارە سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوەیەکگرتوەکان کۆتایی دیپلۆماسی نییە.
سێ زلهێزەکە ڕایانگەیاند، بەردەوامدەبن لەکارکردن لەگەڵ هەمولایەنەکان بۆ گەیشتن بەچارەسەرێکی دیپلۆماسی نوێ، بەمەبەستی دڵنیابون لەوەی ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەدەستنەهێنێت.
جەختیشیان لەسەر گرنگی جێبەجێکردنی خێرای ئەو سنوردارکردنانەی کە دوبارە سەپێنراونەتەوە، کردەوەو داوایان لەهەموو وڵاتانی ئەندامی نەتەوەیەکگرتوەکان کرد ئەو سزایانە جێبەجێبکەن.
لای خۆیەوە، مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، داوای لەئێران کرد دوای سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوەیەکگرتوەکان، ڕازی بێت لەسەر دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا.
ڕوبیۆ ڕایگەیاند، "بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش بۆ سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێراندا پشتڕاستیدەکاتەوە، جیهان ملکەچی هەڕەشەکانی نابێتو تاران لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت".
ئاماژەی بەوەشدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بەڕونی باسی لەوەکردبوو، دەرگای دیپلۆماسی بەکراوەیی ماوەتەوەو گەیشتن بەڕێککەوتن بەباشترین بژاردە بۆ گەلی ئێرانو جیهان دەمێنێتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای لەوڵاتانی دیکە کرد "بەپەلە سزاکان جێبەجێبکەن" گەمارۆکانی بۆسەر تاران دەستپێبکەن.
