شارپرێس:
کەناڵی i24NEWSی عیبری ئاشکرایکرد، ئیدارەی ترهمپ هەوڵدەدات لەچەند هەفتەی داهاتودا، هێزێکی نێودەوڵەتی فرەڕەگەز، (ISF) پێکبهێنێت بۆئەوەی لەغەززە جێگیربکرێت، پێشبینیدەکرێت، ئەو هێزە سەربازانی (ئازەربایجان، پاکستان، ئەندەنوسیاو میسر) لەخۆبگرێت.
کەناڵەکە ئاماژەی بەوەکردوە، ئەمریکا مەبەستییەتی هێزێکی سەر بەدەسەڵاتی فەڵەستینی بەشداریی ئەو هێزە نێودەوڵەتییە بکات، هەرچەندە ئیسرائیل بەتوندی دژ بەبەشداریی فەڵەستینییەکانە.
لەلایەکی دیکەوە، ئیدارەی ئەمریکا بەردەوامە لەهەوڵدان بۆ قایلکردنی ئیسرائیل بەقبوڵکردنی بەشداریی هێزێکی تورکیا، سەرەڕای ڤیتۆی ڕاگەیەندراوی ئیسرائیل، کە جێگری سەرۆکی ئەمریکا، جی. دی. ڤانس ڕایگەیاند، ڕێز لەو ڕایەی ئیسرائیل دەگرن.
سەرچاوەیەکی ئەمریکی بە i24NEWSی وتوە، تورکەکان دەتوانن کاریگەریی لەسەر بزوتنەوەی حەماس دابنێن، هەربۆیە بەشداریکردنیان لەو هێزە نێودەوڵەتییەدا زۆر گرنگە.