ژنێکی موسڵمان بوە وتەبێژی زمانی عەرەبی سوپای ئیسرائیل

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 346 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت،" گۆڕانکاری لەپۆستی وتەبێژی زمانی عەرەبی سوپای ئیسرائیل دەکات و بۆ ئەو پۆستەش، ئیلا واویا کە ئەفسەرێکی موسڵمانە، شوێنی ئەفیخای ئەدرعی وتەبێژی ناسراوی سوپاکە دەگرێتەوە".


واویا کە تەمەنی 36 ساڵە و پێشتر لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە "کاپتن ئیلا" دەناسرا، دەبێتە باڵاترین ئەفسەری موسڵمان لەناو سوپای ئیسرائیل و پلەکەی بۆ موقەدەم بەرزدەکرێتەوە.

واویا لەشاری قەڵەنسوە لەناوەڕاستی ئیسرائیل لەدایکبووەو لەتەمەنی 24 ساڵییەوە وەک خۆبەخش چووەتە نێو سوپای ئیسرائیل.

گۆڕانکارییەکە لەکاتێکدایە، ئەڤیخای ئەدرعی بۆ ساڵانێکی زۆر ڕوخساری سوپای ئیسرائیل بوو بۆ میدیای عەرەبی.

ئەدرعی بەهۆی شێوازی گەیاندنی پەیامەکانی، لەوانەش بەکارهێنانی ئایەتەکانی قورئانی پیرۆز و پەندە عەرەبییەکان، لە ناوچەکەدا ناوبانگێکی زۆری هەبوو.

مێژوی بەشداریی عەرەب لەناو ئیسرائیل بۆ ساڵی 1948 دەگەڕێتەوە، کاتێک نزیکەی 20%ـی دانیشتووانی ناوچەکە وەک پێکهاتەیەکی عەرەب لەنێو خاکی ئیسرائیلدا مانەوە.

وێڕای ئەوەی خزمەتی سەربازی بۆ عەرەبە موسڵمانەکان ناچاری نییە، لە چەند ساڵی رابردوودا ژمارەی ئەو کەسانەی وەک خۆبەخش دەچنەناو سوپای ئیسرائیل ڕوی لەزیادبون کردوە.