شارپرێس:
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین ڕاپۆرتی مانگانەی خۆی
لەبارەی پێشێلکاریی‌و تاوانی گروپه چه‌كداره‌كانى شه‌رعه‌وه لەماوەی ته‌نها مانگی
ڕابردودا لەحەلەب‌و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا ئاشكراكرد، ده‌ڵێت، "ته‌نها مانگى
ڕابردوو زیاتر لهههزارو 200 كه‌سیان كوشتوه".
ڕێکخراوەکە ده‌ڵێت، "بەئامانجگرتنی گەڕەکەکانی
شێخ مەقسودو ئەشرەفیە لەشاری حەلەب‌و دواتریش هێرش بۆسەر کۆبانێ‌و عەفرینو ناوچەکانی
دیکەی ڕۆژئاواى كوردستان، ئاماری کارەساتباری کوژراو‌و بریندار‌و ڕفاندنی لێکەوتەوە".
لهبهشێكى ئه‌و ڕاپۆرته‌دا هاتوه، "لەشاری
حەلەب لەئەنجامی تۆپبارانەکانی گەڕەکی شێخ مەقسودو ئەشرەفیە زیاتر لەهەزارو 200 کەس
گیانیان لەدەستدا کە ژن‌و منداڵیشیان تێدایە، تائێستا ئامارى فه‌رمى 100 كه‌سمان
به‌به‌ڵگه‌وه تۆماركردوه".
ده‌شڵێت، "هەروەها منداڵێکی ساوا-یش بەهۆی
هەڵمژینی گازی فرمێسک‌ڕێژ لەناو نەخۆشخانەی یاسین گیانی لەدەستداوه‌و زیاتر لە 270
تەرمیش لەپزیشكى دادى گەڕەکی جیب قوبە ماون‌و هەندێکیان بەبێ ئاگادارکردنەوەی کەسوکارەکانیان،
بەخاکسپێردراون".
ڕێكخراوه‌كه باسى له‌وه‌شكردوه، "لەعەفرین
حەوت کەس کوژراون کە چواریان ژن بون، لەتەبقە سەری گەنجێک له‌لاشه‌ى جیاكراوه‌ته‌وه،
هاوکات هاوڵاتییەکی سڤیلیش لەکاتی هەڵاتنی لەتەبقە بۆ عەفرین کوژراوە، کەسێکی دیکەیش
لەکاتی هەڵاتن لەشاری ڕەققە کوژراوه".
ئه‌وه‌ش ڕونكراوهتهوه، "لەکۆبانێ‌و لادێکانی
دەوروبەری، 21 کەس کوژراون کە منداڵیشیان تێدایه، له‌ناو ئه‌و 21 كه‌سه‌شدا، دوو
خێزان بهیهكجاریى كۆمه‌ڵكوژكراون، هەروەها پارێزەرێکیش لەکاتی هەڵاتنی شاری ڕەققە
کوژراوه‌و چەند کەسێکی دیکەش لەتۆپبارانی لادێکان گیانیان له‌ده‌ستداوه".
سەبارەت بەڕفاندنیش، ڕێکخراوەکە زیاتر لەدوو هەزار
حاڵەتی لەگەڕەکەکانی شێخ مەقسودو ئەشرەفیەی شاری حەلەب بەدۆکیۆمێنت کردوە، لەنێویاندا
ژن‌و منداڵیشیان تێدایه‌و ژماره‌یه‌كى زۆریشیان تائێستا بێسه‌روشوێنن، له‌هه‌مانكاتدا
لەشارى عەفرینیش، چوار کەس (سێ گەنجو ژنێکی گەنج) دەستگیرکراون، هاوكات لەشارۆچکەی
تەل حەسیل لەلادێی حەلەب، پارێزەرێک لەکاتی گەشتکردن بۆ زێدی خۆی دەستگیرکراوه،
به‌ڵام دواتر ئازادکراوه.
له‌باره‌ى ژماره‌ى ئهوكهسانهى برینداربون، ڕێكخراوى
مافی مرۆڤی عەفرین ئاشكرایكردوه، "به‌هۆى تۆپباران‌و تێهەڵچونەکانی شاری حەلەب،
زیاتر لە 150 کەس برینداربون کە ژن‌و منداڵیشیان تێدایە، لەعەفرینیش دوو ژن لەکاتی
هەڵاتنیان بۆ تەبقەو دواتر بەرەو حەسەکە، برینداركراون، لەکۆبانێ‌و لادێکانی دەوروبەری،
لەئەنجامی تۆپبارانەکاندا 10 کەس برینداربون کە منداڵ‌و ژنیشیان تێدایە".
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەداوه، ئەو ژمارانە خەمڵاندنن
بەهۆی سەختی گەیشتن بەهەندێک ناوچە لەئەنجامی تێکچونی دۆخی ئەمنی‌و مرۆیی، وایکردووە
ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانیان زۆر زیاتربێت.
په‌لامارى گروپهكانى سه‌ر به‌شه‌رع لە6ى مانگى
یه‌كى ئه‌مساڵدا بەهێرشکردنەسەر گەڕەکهكانى شێخ مەقسودو ئەشرەفیە دەستیپێکرد، ئه‌و
په‌لامارانه تاوه‌كو 13ى هه‌مان مانگ بهردهوامبونو پێگەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیان
کردە ئامانج لەباکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، پاشان لە 17ی ئه‌و مانگه‌دا په‌لاماره‌كان
فراوانتربون بۆ پارێزگاکانی ڕەققەو دێرەزۆر، له18ى مانگدا بۆ ماوەیەکی کاتیی ڕاگیرا،
ئەمەش دوای ڕێککەوتنێک بەنێوەندگیریی تۆم باراک نوێنەری ئەمریکا، کە مەرجی یەکخستنی
هێزی سوریاى دیموكرات بوو بەسوپای سوریاوە، به‌ڵام دواتر په‌لاماره‌كانى سوریا بۆسه‌ر
كورد به‌شێوه‌یه‌كى به‌ربڵاو دهستیانپێكردهوهو چوار ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر ئاگربه‌ستێكى
دیكه ڕاگه‌یه‌نراو تائێستاش به‌رده‌وامه.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین بەردەوامی بەڵگەنامەکردنی
پێشێلکارییەکانی دژی خەڵکی مەدەنی پشتڕاستکردوهتهوهو داوای لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش
کردوه، ڕێوشوێنی بەپەلە بگرنه‌به‌ر بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنیو دەستەبەرکردنی
لێپرسینەوەی یاسایی به‌رامبه‌ر به‌و کەسانەی بەرپرسیارن لەو تاوانانە.
