شارپرێس:
بزوتنەوەی نوجەبا کە یەکێکە لەگروپەکانی سەر بەبەرەی مقاوەمە، هەینی ڕابردوو دەستیکرد بەوەرگرتنی خۆبەخشان بۆ پەیوەندیکردن بە"لیوای فیداییەکان"، ئەمەش لەسەر بنەمای بانگەوازەکەی ئەکرەم کەعبی ئەمینداری گشتیی بزوتنەوەکە.
محەممەد زەبحاوی بەرپرسی پەیوەندییەکان لەنوسینگەی پارێزگای بابلی بزوتنەوەکە ڕایگەیاندوە، یەکێک لەمزگەوتەکانی شاری حیللە ژمارەیەکی زۆری گەنجانو پیاوان ئامادەبون وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ بانگەوازەکەی ئەمینداری گشتیی.
ئاماژەی بەوەشکردوە، بەشداربوان ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەر مەترسییەک کە ئاراستەی کۆماری ئیسلامی ئێران بکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، یەکێک لەو خۆبەخشانەی بۆ پڕکردنەوەی فۆرمی خۆبەخشی ئامادەبوە، وتویهتى، "لەگەڵ ژمارەیەک لەهاوڕێکانی بۆ ناونوسین هاتوەو دەڵێت، "ئێمە ئامادەین بۆ بەرگریکردن لەعەقیدە ئەگەر پێویست بکات".
بزوتنەوەی نوجەبا کە یەکێکە لەدیارترین گروپە چەکدارییەکانی سەر بەبەرەی ناسراو بەبەرەی مقاوەمە، دوشەممەی ڕابردوو ئامادەیی خۆی بۆ بەشداریکردن لەوەڵامدانەوەی هەر هێرشێک بۆسەر ئێران ڕاگەیاند.
هەروەک بەدوریشینەزانی کە فەتوای مەرجەعیەتی نەجەف بۆ پشتیوانیکردنی گەلی ئێران دەربچێت لەئەگەری ڕوبەڕوبونەوەی دەستدرێژی، ئەمەش سێیەم هەڵوێستی لەو شێوەیەیە دوای ڕێکخراوی بەدرو کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق بۆ پشتگیریکردنی ئێران لەئەگەری هەڵگیرسانی شەڕدا.
