بارزانی لەگەڵ هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق کۆبووەوە

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 308 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:
رۆژی یەکشەممە 1ی شوباتی 2026،  مەسعود بارزانی پێشوازی لەجۆشوا هاریس هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق و ویندی گرین کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان کرد.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەدا هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بەناوی سەرۆک و حکومەتی ئەمەریکا سوپاس و پێزانینی ئاراستەی بارزانی کرد بۆ هەموو ئەو پشتیوانی و پاڵپشتیانەی کە بۆ دوایین ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات خستویەتەڕوو. 

هەروەها لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق جارێکی دیکە پاڵپشتی و پشتیوانی و هەڵوێستی ئەمەریکای بۆ هەرێمی کوردستانی بەهێز لە چوارچێوەی عێراقدا دووپاتکردەوە.

لای خۆیەوە بارزانی سوپاسی ڕۆل و هەڵوێستی ئەمەریکای کرد بۆ پشتیوانییەکانیان بۆ گەلی کوردستان و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەگەر هەڵوێست و پشتیوانی ئەمەریکا نەبوایە لە ساڵی 1991 نەماندەتوانی دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین و پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بپارێزین.

هاوکات لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراقەوە بیروڕای ورد ئاڵوگۆڕ کرا و هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پابەندبوون بە  دەستور کردەوە و هاوڕا بوون کە عێراقییەکان خۆیان بڕیار لە ڕەوشی وڵاتەکەیان لەسەر بنەمای هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بدەن و هەردوولا پێشوازییان لە گفتوگۆ و راوێژکارییەکانی ئەم دواییانەی بەغدا کرد بۆ هینانەئارای رێکار و سیناریۆ سیاسیەکان کە تێیدا بەرژەوەندیی عێراقییەکان رەچاو بکرێت و لە هەموو ڕوویەکیشەوە شەراکەتی ئەمریکا و عیراق بەهیزتر بکرێت.