ڕۆژئاوای کوردستان؛ لەسەنگەری بەرگرییەوە بۆ داڕشتنەوەی چارەنوسی نەتەوەیی

توێژینەوە و شیکاریی

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 244 جار خوێندراوه‌ته‌وه

سیروان عوبەید

لەمێژووی نەتەوەکاندا ساتەوەختێک هەیە کە تێیدا جوگرافیا تەنها خاک نییە، بەڵکو دەبێتە سەنگەری مان و نەمان. ئەمڕۆ ڕۆژئاوای کوردستان بۆ گەلی کورد تەنها ڕووبەرێکی سیاسی و جوگرافی نییە کەوتووەتە بەر پەلاماردانی تیرۆریستان و پیلانگێڕییەکان، کە ڕەوایەتی بە هەرکوردێک دەدات بۆ بەرگریلێکردنی؛ بەڵکو بووەتە ئەو جومگە سەرەکییەش کە تەواوی ئیرادەی نەتەوەیی کورد و هاوسەنگیی هێزی لە ناوچەکەدا پێوە بەستراوەتەوە. لە کاتێکدا داگیرکەران و بازرگانانی سیاسەت خەریکی داڕشتنی پیلانی نوێن، وشیاریی مرۆیی و یەکگرتوویی کورد لەم قۆناغەدا، مژدەی وەرچەرخانێکی مێژوویی دەدات کە تێیدا کورد لە "کارتێکی فشار"ەوە دەبێتە ئەکتەرێکی بڕیاردەری نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

١. وەرچەرخانی هاوکێشەکان: لە ئیرادەی تاکی کوردەوە بۆ شکستی پیلانگێڕییەکان:
ئەوەی لەم قۆناغەدا لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕوودەدات، تەنها گۆڕانکاریی لە هێڵەکانی شەڕ و نەخشە سەربازییەکاندا نییە، بەڵکو سەرهەڵدانی وشیارییەکی نوێی نەتەوەییە کە وەک قەڵغانێکی مرۆیی بەرامبەر پیلانە کۆن و نوێیەکان وەستاوەتەوە. ئەمجارە دۆخەکە جیاوازە، چونکە:

* کورد خەریکە وەک کارەکتەری بڕیاردەر خۆی لەناوچەکەدا جێگیردەکات. لەکاتێکدا ساڵانێکی زۆرە وەک پاشکۆ یان قوربانی بێدەنگی سەیری گەلی کورد کراوە، بەڵام ئەمڕۆ کورد لەسەر دۆخی ڕۆژئاوای نیشتمان بەو یەکگرتووییەی دەتوانێت هاوکێشەکە پێچەوانە بکاتەوە. ئەمە تەنها سەرکەوتنی چەکداری نییە، بەڵکو سەرکەوتنی ئیرادەی گەلێکە کە بڕیاری داوە تەسلیم نەبێت و چیتر نەبێتە سووتەمەنی بۆ بەرژەوەندی وڵاتانی تر. جیهان ئێستا لەبەردەم ڕاستییەکی نوێدایە: کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کارەکتەرێکی بنەڕەتییە و هیچ ئاشتی و سەقامگیرییەک بەبێ ڕەچاوکردنی مافەکانی ئەو گەلە دێرینە نایەتە دی.

* تێکشکانی پیلانی سڕینەوە: هەوڵە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان کە بە مەبەستی سڕینەوەی ئیرادەی سیاسی کورد داڕێژراون، لەسەر بەردی یەکگرتوویی هەر چوار پارچەکە تێکدەشکێن. کاتێک مرۆڤی کورد لە ئامەد، هەولێر، مەهاباد و تاراوگە، دەنگی خۆی تێکەڵی دەنگی قامیشلۆ و کۆبانێ دەکات، پەیامێکی سروشتی و مرۆیی قووڵ بە جیهان دەدات؛ کە ئەم نەتەوەیە "یەک جەستەیە" و ناکرێت بە سنووری دەستکرد و پیلانی سیاسی لەت بکرێت.

* گۆڕینی تێڕوانینی نەیار و دۆست: ئەم وشیارییە کاریگەرییەکی دەروونی گەورەی دروست کردووە؛ بەجۆرێک وادەکات دۆستەکانمان بە بوێرییەکی زیاترەوە پشتیوانیمان بکەن، چونکە دەبینن هێزێکی ڕاستەقینە لەسەر زەوی هەیە کە شایەنی وەبەرهێنانی سیاسییە. لە هەمان کاتدا، نەیارەکانمانی ناچار کردووە کە بە وردی پێداچوونەوە بە هەنگاوەکانیاندا بکەن، چونکە دەزانن ڕووبەڕووی نەتەوەیەک دەبنەوە کە تێکۆشان و ئیرادەی مانەوەی کردووەتە ئەولەویەت و ستراتیژی سەرەکی خۆی. ئەم وەرچەرخانە، گەڕانەوەیە بۆ سروشتی ڕەسەنی مرۆڤی کورد کە هەمیشە ئاشتیخواز بووە، بەڵام هەرگیز لە ئاست زوڵم و سڕینەوەدا چۆکی دانەداوە. ئەمە مانیفێستی قۆناغێکی نوێیە کە تێیدا کورد چیتر ڕێگە نادات چارەنووسی لە ژوورە داخراوەکانی وڵاتانی تردا بنووسرێتەوە.

٢. ڕۆژئاوای کوردستان؛ چەقی هاوسەنگی و قەڵای پاراستنی شوناسی نەتەوەیی: لێرەدا پرسیارەکە تەنها دەربارەی خاک نییە، بەڵکو دەربارەی چارەنووسی هاوبەشە. ڕۆژئاوای کوردستان ئەمڕۆ تەنها پارچەیەک نییە لە جوگرافیا، بەڵکو بووەتە ئەو جومگەیەی کە تەواوی جەستەی نیشتمانی پێوە بەستراوەتەوە. ئەم پەیوەندییە سروشتی و ستراتیژییەش لە سێ ڕەهەندی سەرەکییەوە سەرچاوە دەگرێت:

* دیواری یەکەمی بەرگری لە قەوارەی سیاسی کورد: لە ڕوانگەیەکی سیاسی وردەوە، ڕۆژئاوا قوڵایی ستراتیژییە بۆ باشووری کوردستان و پارچەکانی تریش. ئەگەر ئەم سەنگەرە بکەوێت یان کپ بکرێت، پیلانگێڕییەکان لێرەدا ناوەستن؛ بەڵکو وەک شەپۆلێکی وێرانکەر ڕووبەڕووی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە. لە ڕاستیدا، هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر قامیشلۆ و حەسەکە، هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر هەولێر و سلێمانی. داگیرکەران تەنها بە شکاندنی ئەم قەڵایە دەتوانن بەبێ منەت و بە هێزێکی زیاترەوە هێرش بکەنە سەر هەموو دەستکەوتە مێژووییەکانی کورد لە پارچەکانی تر.

* سەرچاوەی ئیلهام و ورەی سیاسی: لە ڕەهەندە مرۆیی و دەروونییەکەیدا، خۆڕاگریی ڕۆژئاوا بووەتە هیوای بەردەوامی بۆ کوردانی باکوور و ڕۆژهەڵات. کاتێک ڕۆژئاوا بە پێوە دەمێنێت، ورەی خەبات لە ئامەد و مەهاباد بە بەرزی دەمێنێتەوە. هەر پاشەکشەیەک لە ڕۆژئاوا، دەبێتە دەرفەت بۆ وڵاتانی داگیرکەر کە بە هێزێکی دڕندانەتر هەوڵی سڕینەوەی ئیرادەی ئازادیخوازی بدەن. بۆیە، بەرگری لە کۆبانێ و حەسەکە و قامیشلۆ، لە ڕاستیدا بەرگرییە لە ناسنامە و شکۆی تاکی کورد لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە بێت.

* پوچەڵکردنەوەی نەخشە دەستکردەکان: ساڵانێکی زۆر دوژمنانی کورد کاریان لەسەر ئەوە کرد کە کێشەی کورد پارچە پارچە بکەن و وای نیشان بدەن کە دۆخی هەر بەشێک پەیوەندی بە بەشەکەی ترەوە نییە. بەڵام ڕۆژئاوا ئەم هاوکێشە ناڕەوایەی تێکشکاند. یەکگرتوویی ئێستای کورد نیشانی دا کە سنوورە دەستکردەکانی وەک "سایکسبیکۆ" لە یاسا و ویژدانی مرۆڤی کورددا بوونیان نییە. ئێستا کورد وەک یەک بلۆکی سیاسی و نەتەوەیی لە ناوچەکەدا دەردەکەوێت؛ هێزێک کە ناتوانرێت چیتر وەک کارتێکی پەرتەوازە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. بەکورتی و کوردی، سەرکەوتنی ڕۆژئاوا واتە کردنەوەی دەرگایەکی گەورە بەرەو دانپێدانانی نێودەوڵەتی بە مافە ڕەواکانی کورد لە هەموو پارچەکان. پاراستنی ئەم پارچەیە، پاراستنی ئەو "هاوسەنگی هێزەیە کە ڕێگرە لەوەی کورد جارێکی تر بۆ سەد ساڵ بەرەو دواوە بگەڕێتەوە.

٣. پەیوەست دەوڵەتی تورک؛ ستراتیژی ئاشتی لە گوتار و ئاگر لە کرداردا: بۆ ئەوانەی هێشتا باوەڕتان بە پڕۆسەی ئاشتی ساختەی تورکیا هەیە، دەبێ لێرە بەدواوە، ڕووی ڕاستەقینەی دەوڵەتی تورک ببینن. ئەو گۆڕانکارییەی لە گوتاری سیاسی تورکیادا بەرامبەر دۆزی کورد دەبینرێت، پێویستی بە خوێندنەوەیەکی وردتر هەیە تا چیتر نەکەونە تەڵەی خەڵەتاندنەوە. لێرەدا دەکرێت ڕەهەندەکانی ئەم دووفاقییەی دەوڵەتی تورک بەم شێوەیە پۆلێن بکەین:

* ئاشتی وەک گوتار و دروشم و کات کوشتن: ماوەی دوو ساڵە دەوڵەتی تورک باس لە پڕۆسەی ئاشتی و کرانەوە دەکات، بەڵام ئەم باسە تەنها لە چوارچێوەی دروشمی بریقەدار و گوتاری میدیاییدا ماوەتەوە. تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی، یاسایی، یان دەستووری نەنراوە کە نیشانەی نییەتپاکییەکی ڕاستەقینەی دەوڵەتی تورک بێت. هەرچەندە من لە سەرەتای ئەم بانگەشە درۆینەیەوە کە ناویان ناوە "پڕۆسەی ئاشتی"، نووسیومە و ڕام وابووە کە ئەمە تەنها تاکتیکێکە بۆ دواخستنی جەنگ و تەڵەیەکی سیاسی نوێیە بۆ کورد. تورکیا ئەم گوتارە تەنها بۆ کات کوشتن و خاوکردنەوەی فشارە نێودەوڵەتییەکان و گۆڕانکارییە ناوچەییەکان بەکاردێنێت؛ ئامانجی ئەوەیە لەژێر پەردەی ئاشتییەکدا کە بوونی نییە، ئیرادەی سیاسی کورد لە ناوخۆدا سست بکەن.

* دووفاقی "برایەتی لە ئەنقەرە و کۆمەڵکوژی لە ڕۆژئاوای کوردستان: گەورەترین بەڵگەی ناڕاستگۆیی دەوڵەتی تورک ئەوەیە کە لە ناوخۆدا باسی "برایەتی تورک و کورد" دەکەن، بەڵام لە ڕۆژئاوای کوردستان بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی دارایی و سەربازی ئەو گرووپە توندڕەو و تیرۆریستیانە دەکەن کە پەلاماری کورد دەدەن. ئەم گروپانە، کە لە ژێر چاودێری و فەرمانی ئەنقەرەدان، خەریکی کۆمەڵکوژیی خێزانە کوردەکان و وێرانکردنی ماڵ و حاڵی هاووڵاتیانی کوردن. ئەوانەی هێشتا باوەڕیان بەم ئاشتییە تاکلایەنەیە هەیە؛ با ببینن و بپرسن: چۆن دەکرێت دەستێک بۆ ئاشتی درێژ بکرێت، لە کاتێکدا دەستەکەی تری تورکیا چەک و پشتیوانی دەداتە ئەو تیرۆریستانەی خوێنی تاکی کورد دەڕێژن؟

* ستراتیژی ئاگرو ئاسن لە پشت پەردەی ئاشتیدا: تورکیا تەنها ئەو کاتە پڕۆسەی ئاشتی وەک "تاکتیک" بەکاردێنێت کە هەست بە مەترسی جیۆپۆلیتیکی بکات. تورکەکان هەرگیز باوەڕی ڕاستەقینەیان بە ئاشتی نییە؛ بەڵکو چاوەڕێی دەرفەتێکی گونجاو دەکەن تا جارێکی تر بە سیاسەتی ئاگر و ئاسن وەڵامی داخوازییەکانی کورد بدەنەوە. ئامانجی کۆتایی ئەوان تەنها لاوازکردنی ڕۆژئاوا نییە، بەڵکو بنبڕکردنی هەر دەنگێکی ئازادی کوردە لە هەموو پارچەکان. بۆیە کاتی ئەوەیە کورد لەباکوور فشاربکات و بڵێت؛ نییەتپاکی هەر پڕۆسەیەکی ئاشتی لە باکوور، پێویستە لە ڕۆژئاواوە دەست پێ بکات. تا ئەو کاتەی تورکیا پشتیوانی لە توندڕەوەکان بکات بۆ وێرانکردنی ماڵی کورد لە ڕۆژئاوا، هەر گوتارێکی ئاشتی لای ئەوان تەنها یارییەکی سیاسی بێ ناوەڕۆکە، بۆ خەڵەتاندنی ڕای گشتی و کات کوشتنی ستراتیژییە.

٤. کورد وەک ئەکتەرێکی سیاسی:
یەکێک لە گەورەترین وەرچەرخانەکانی ئەم قۆناغەی بەرخۆدانی کورد و یەک دەنگییەکەی دەبێتە مەرگی کۆتاییهاتنی ئەو چەمکە باوەی کە کورد تەنها وەک کارتێکی فشار دەبینی لە دەستی زلهێزەکاندا. ئەمڕۆ بەرخۆدانی ڕۆژئاوا و ئەو وشیارییە نەتەوەییەی لە هەر چوار پارچەکە دروست بووە، ڕەهەندێکی نوێی بە ململانێکان بەخشیوە. بۆ زیاتر لە سەد ساڵ، وڵاتانی ڕۆژئاوا و زلهێزەکان تەنها بۆ لاوازکردنی ڕکابەرەکانیان کوردیان وەک کەرەستەیەکی کاتی بەکارهێناوە و لە ساتە یەکلاکەرەوەکاندا کردوویانەتە قوربانی بەرژەوەندییەکانی خۆیان. دوایین نموونەی ئەم خیانەت و بێوەفاییە سیاسییەش لە ڕۆژئاوای کوردستان بەرامبەر کورد کرا، بەڵام بەرخۆدانی گەلەکەمان ئەمجارە هاوکێشەکە بەتەواوی دەگۆڕێت. ئەمڕۆ کورد سەلماندی کە چیتر ڕێگە نادات بکرێتە کارتێکی کڕین و فرۆشتن لە بازاڕە بێڕەوشتییەکانی زلهێزان و بازرگانە سیاسییەکان.

 * کورد دەیەوێت ئەکتەر بێت کە خاوەن پڕۆژەی خۆیەتی. جیهان دەبێت لەوە تێبگات کە کورد ئێستا تەنها جەنگاوەرێکی ئازا نییە، بەڵکو خاوەنی پڕۆژەی سیاسی، سیستەمی خۆبەڕێوەبردن و تێڕوانینێکی دیموکراسییانەیە بۆ پێکەوەژیان. ئەم وەرچەرخانە دەبێ وا لە بازرگانە سیاسییەکانی وەک ترەمپ و هاوشێوەکانی بکات تێبگەن کە سەوداکردن بە چارەنووسی کورد تێچوویەکی سیاسی و ئەمنی زۆر گەورەی بۆ ئەوانیش دەبێت. کاتێک کورد وەک بلۆکێکی یەکگرتوو لە پشت ڕۆژئاوای نیشتمان وەستاوە، واتە سەلماندوویەتی کە سەقامگیریی هەموو ناوچەکە بەبێ دانپێدانانی فەرمی بە مافەکانی ئەم نەتەوەیە مەحاڵە. 

لەئێستادا ئێمە خەریکی تێکشکاندنی ئەو وێنە چەپەڵەین کە داگیرکەران و هەندێک هێزی نێودەوڵەتی بۆ ئێمەیان کێشابوو؛ وێنەی نەتەوەیەکی پەرتەوازە کە تەنها بۆ بەرژەوەندی ئەوانی تر دەجەنگێت. ئێستا ئیرادەی نەتەوەیی و سەربەخۆیی بڕیار بووەتە ناسنامەی کورد. ئەم بەرخۆدانە گشتگیرەی کورد، وەک ڕیفراندۆمێکی سەرتاسەرییە کە تێیدا کورد بڕیاریداوە خۆی نەخشەی داهاتووی خۆی بە مەرەکەبی یەکڕیزی و خوێنی قوربانییەکانی دەنووسێتەوە. ئەمە جگە لەوەی جیهانی خستووەتە بەردەم پرسیارێکی ئەخلاقی. جیهان ناچار دەکات کە لە مامەڵەی کاتی یەوە بەرەو دانپێدانانی سیاسی و دیپلۆماسی هەمیشەیی هەنگاو بنێت. کورد چیتر کارت نییە، بەڵکو ئەو یاریزانە سەرەکییەیە کە بەبێ ئەو هیچ نەخشەیەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگیر نابێت. ئەگەریش بەسەریدا بسەپێندرێت هەموو ناوچەکە لەگەڵ خۆی دەسووتێنێت. 

٥. وەبەرهێنانی نەتەوەیی لە یەکڕیزیدا؛ بەرەو کلتوورێکی سیاسی بەردەوام:
ئێمە ئێستا لە قۆناغێکی مێژوویی هەستیارداین کە دەرفەت و مەترسییەکان لەپێش کورد بەیەکەوە گرێدراون. بۆ ئەوەی ئەم دەستکەوتانە بپارێزین، دەبێت یەکڕیزی نەتەوەیی لە کاراردانەوەیەکی کاتیەوە بگۆڕین بۆ ستراتیژییەکی هەمیشەییمان. کە دەکرێت لەم خاڵانەدا چڕبێتەوە:

 * باڵادەستی بەرژەوەندی نەتەوەیی: وەک هەموو لایەک دەزانین کە دوژمنانی کورد لە کاتی پەلامارداندا جیاوازی لە نێوان ڕەنگە سیاسییەکان، ئایدۆلۆژیاکان و شێوەزارەکاندا ناکەن؛ ئامانجی ئەوان سڕینەوەی ناسنامەی هەموومانە. بۆیە ئەرکێکی ویژدانی و نەتەوەییە کە بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانیمان بخەینە سەرووی هەموو کێبڕکێیەکی حزبی و ناوچەییەوە. ئەو یەکدەنگییەی ئەمڕۆ لەگۆڕەپانی سیاسی و مەیدانی و شەقامەکانی کورددا دەیبینین، نیشانەی وشیارییەکی قووڵە کە دەبێت بیکەینە کلتوورێکی سیاسی بەردەوام، نەک تەنها لە کاتی کارەسات و تەنگانەکاندا کۆببینەوە.

* بانگەواز بۆ ناوەندی هێزی نەرم لە ڕۆشنبیران و میدیا: لێرەوە داوا لە تەواوی ڕۆشنبیران، نووسەران، میدیاکاران و دەزگا ڕاگەیاندنەکان دەکەین؛ تکایە ببنە پارێزەری ئەم یەکڕیزییە. میدیای کوردی دەبێت لەهەموو زمانێکی زبر و لێکترازێنەر خۆی بەدوور بگرێت و کار لەسەر بەهێزکردنی قەڵای مەزنی نیشتمانی بکات. ڕۆڵی ئێوە لە وشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و پوچەڵکردنەوەی شەڕی دەروونی دوژمن، کەمتر نییە لە بەرگری لەناو سەنگەرەکاندا.

* ڕۆڵی گەنجان و تاراوگە: داوا لە گەنجانی خوێن گەرم و چالاکوانانمان لە هەر چوار پارچەی کوردستان و لە تاراوگە دەکەین؛ بەردەوام بن لە گەیاندنی دەنگی ڕەوای ڕۆژئاوای نیشتمان بە جیهان. دڵنیابن هەر چالاکییەک، هەر هێمایەک و هەر دەنگێکی ئێوە، فشارێکی کاریگەرە بۆ سەر ویژدانی مرۆڤایەتی و پەیامێکی ڕوونی "نەخێر"ە بۆ داگیرکەران. ئێوە پارێزەری ئەو وێنە نوێیەی کوردن کە جیهان ناچار دەکات بە ڕێزەوە لێی بڕوانێت.

لەکۆتاییدا: ڕۆژئاوای کوردستان تەنها ناوچەیەک نییە، بەڵکو سەنگەری مان و نەمانی شکۆی نەتەوەیەکە کە زیاتر لە ٥٠ ملیۆن مرۆڤ پێکهاتووە. ئێمە ئێستا بە خوێن و ئیرادەی خۆمان نەخشەی داهاتوو دەکێشین. ئەگەر بەم ورە بەرزە و بەو یەکگرتووییەی ئێستامان بەردەوام بین، نەک هەر ڕۆژئاوا دەپارێزرێت، بەڵکو دەرفەتی ڕزگاری و ئازادی بۆ تەواوی کوردستان دەڕەخسێنێت و گەلی کورد زۆر نزیکتر دەبێتەوە لە بەدیهێنانی ئامانجی مافە ڕەواکانی خۆی. با هەمیشە یەکگرتوو بین. تەنها یەکڕیزیی کلیل و مانیفێستی سەرکەوتنی گەلەکەمانە.