وەزارەتی ناوخۆی سوریا ڕێگەنادات سەردانی ئەو گرتوخانانە بکرێت کە پێشتر لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدا بون

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2773 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مۆزەخانەی بەندیخانەکان لەبەیاننامەیەکی فەرمیدا ناڕەزایەتی توندی خۆی بەرامبەر بەڕێگرییەکانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی سوریا دەربڕیی، کە ڕێگریی لەتیمەکانیان دەکەن بگەنە ئەو سەنتەرانەی دەستبەسەرکردن کە پێشتر لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات (قەسەدە)دا بون.


مۆزەخانەکە جەختدەکاتەوە، ئەوکارە پڕۆژەیەکی سەربەخۆو مافپەروەرییەو ئامانجی تەنها دۆکیۆمێنتکردنی شوێنی تاوانەکان‌و پاراستنی بەڵگە مادییەکانە بۆ خزمەتی دادپەروەریی‌و کەسوکاری بێسەروشوێنەکان، بەڵام وەزارەتی ناوخۆ بەبێ هیچ بنەمایەکی یاسایی ڕێگریی لێکردون.

ئەو دامەزراوەیە ئاماژە بەوەدەکات، پێشتر زۆربەی زیندانەکانی داعش‌و لقە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئەسەدیان بەشەفافیەت تۆمارکردوە، بۆیە ڕێگریی ئێستا گوماندەخاتەسەر هۆکارەکان، بەتایبەت کە ڕێگە بەوێنەگرتنی هەڕەمەکی بۆ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان‌و مۆدێلەکان دەدرێت لە ناو زیندانەکاندا، ئەمەش بەمەترسییەکی گەورە بۆ سەر شوێنەواری ئەشکەنجەو کوشتن‌و پاکتاوکردنی مێژویی ناودەبەن.

بەیاننامەکە ڕونیدەکاتەوە، ئەو فشارانە بەشێکن لەتوندکردنی گەمارۆکان لەسەر کارەکانیان، کە پێشتر گەیشتە ئاستی دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری مۆزەخانەکە بەتۆمەتی ناڕاست.

لەکۆتاییدا مۆزەخانەکە داوادەکات دەستبەجێ ڕێگەیان پێبدرێت کارەکانیان ئەنجامبدەن‌و حکومەت ڕونکردنەوەی فەرمی لەسەر ئەو قەدەغەکردنە بدات، چونکە شاردنەوەی ڕاستییەکان‌و تێکدانی شوێنی تاوانەکان بەواتای لێدان لەبنەماکانی شۆڕش‌و مافی قوربانییان دێت لەگەیشتن بەسزاو دادپەروەریی لەئایندەی سوریادا.