شارپرێس:
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی یەکشەممە گەشبینی خۆی دەربڕی سەبارەت بە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و تیشکی خستە سەر ڕۆڵی وڵاتان لە ئاسانکاری دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆن.
عێراقچی بە میدیا ئەمریکییەکانی ڕاگەیاندووە، وڵاتەکەی "متمانەی بە توانای خۆی هەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی"، ئاماژەی بەوەشکرد کە "تاران چاوەڕوانی هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکا و ڕێزگرتن لە مافی بەردەوامبوونی پیتاندنی یۆرانیۆم دەکات بۆ مەبەستی ئاشتیانە".
ناوبراو دەڵێت، پێویستە تەرکیز بخرێتە سەر توانا ئەتۆمییەکانی ئێران و با باسی شتە مەحاڵەکان نەکەین یان دەرفەتەکان لەدەست نەدەین.
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئاڵوگۆڕی پەیام لەڕێگەی وڵاتانی دۆست لە ناوچەکەدا ئاسانکاری دەکات بۆ گفتوگۆی بەرهەمدار لەگەڵ ئەمریکا"، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی وڵاتەکەی متمانەی بە واشنتۆن وەک هاوبەشێکی دانوستانکار لەدەستداوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە کە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە لەگەڵ ئەمریکا "لە ماوەیەکی کورتدا بەدی دێت".
هۆشداری دا لە بەرامبەر بژاردەی شەڕ و وتیشی "کارەسات بۆ هەمووان دەبێت و بنکە ئەمریکییەکانیش لە ناوچەکە دەبنە ئامانج"، جەختی لەسەر ئامادەیی ئێران بۆ ئەم بژاردەیە کردەوە "ئەگەر دانوستانەکان شکست بهێنن".
