ساڵح موسلیم: هێزەکانی ئاسایش ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەپارێزن

ڕاپۆرت

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 431 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس - کەنداڵ جودی:

 بەرپرسێکی باڵای ڕۆژئاوا، ساڵح موسلیم، ڕایدەگەیەنێت، هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوا ناوچە کوردستانییەکان دەپارێزن و دەڵێت: "سڵاوی خۆم ئاراستەی خەڵک و دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان دەکەم و هەڵوێست و پشتیوانیان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان جێگای شانازییە".

دوێنێ ڕێککەوتنێکی نوێ لە نێوان هێزەکانی هەسەدە و حکومەتی دیمەشق واژۆ کرا. دوای بڵاوبوونەوەی ڕێککەوتنەکە، ناڕازیبوون لەناو خەڵکدا دروستبوو، چونکە خاڵی تێدابوو کە ئەمنی سووریا پەیوەست بە دیمەشق دەگوازرێتەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان.

سەبارەت بەو پرسە، سیاسەتمەدار و ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە، ساڵح موسلیم بۆ شارپرێس سەرنجی بۆ هاتنی هێزەکانی ئاسایشی گشتی سەر بە دیمەشق بۆ شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ ڕاکێشا و دەڵێت "تەنها ژمارەیەک لە هێزەکانی ئەمنی سەر بە دیمەشق دێنە قامیشلۆ و حەسەکە بە ئامانجی تێکەڵکردنی هێزەکانمان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی دەوڵەتی سوریا. دوای یەکگرتنەوە، ئەو هێزە ئەمنییانەی کە دێنە ناوچەکانمان دەکشێنەوە. لە هەمان کاتدا کاتێک هێزەکانی ئەمنی دیمەشق دێن، چەکی قورسیان پێ نییە، بۆ ئارامی دەروونی گەلەکەمان، هێزەکانی ئاسایش بەردەوام دەبن لە پاراستنی گەلەکەمان. 

سەبارەت بە دانانی پارێزگاری حەسەکە، موسلیم هەروەها ڕایگەیاند، پارێزگاری حەسەکە لەلایەن کوردەوە دیاری دەکرێت.
 
لەوەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا بەرپرسانی کورد تەنها لە وەزارەتی بەرگری دەبن یان لە وەزارەتەکانی تر، ساڵح موسلیم لە وەڵامدا وتی: بەرپرسانی کورد تەنها لە وەزارەتی بەرگری نابن، بەڵکو لە وەزارەتی دەرەوە و پەرلەمان و زۆرێک لەو وەزارەتانە دەبن کە پەیوەندییان لەگەڵ ئێمەدا هەیە. 

لە درێژەی قسەکانیدا، ساڵح موسلیم سیاسەتمەدار سەرنجی بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی سەر شاری کۆبانێ ڕاکێشا و ڕایگەیاند کە ئەم ڕێککەوتنە لە ڕۆژی دووشەممە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بەپێی ڕێککەوتنەکەش گەمارۆی سەر کۆبانێ هەڵدەگیرێت و ڕێگای خێرای نێودەوڵەتی بە ناوی M4 لە جزیرێوە بۆ کۆبانێ و حەلەبیش دەکرێتەوە.

هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "هێزە سەربازییەکانی دیمەشق لە ناوچە کوردییەکان دەکشێنەوە، بەتایبەت ئەو گوندانەی کە چوونەتە ناویانەوە.
 
موسلیم دەشڵێت،  ئەمریکا و فەڕەنسا و نێچیرڤان بارزانی وتویانە که زەمینەسازی و گەرەنتی دەکەن  تا جێبه جێ دەکرێت. 

لە کۆتایی هەڵسەنگاندنەکەیدا، ساڵح موسلیم، ئەندامی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە، سڵاوی خۆی ئاراستەی خەڵکی باشووری کوردستان و دەسەڵاتدارانی کرد و وتی: گەلی ئێمەی باشووری کوردستان و دەسەڵاتدارانی، هەموو هەڵوێست و پشتیوانییەکانیان، جێگای شانازین، هەروەها سڵاو و ڕێزی خۆم بە ناوی ڕۆژاڤای کوردستانەوە ئاراستەیان دەکەم. هەروەها سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئەو تێکۆشەرە کوردە دەکەم کە لە کەرکوک و کوردستانەوە هات لە ڕۆژاڤا شەهید بوو، منیش دەڵێم شەهیدی یەکڕیزی گەلی کوردە”.

بەپەلە