پڕۆژە یاسای پاراستنی کورد لە کۆنگرێسی ئەمریکا چییە؟

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 836 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پڕۆژە یاسای "پاراستنی کورد" (Save the Kurds Act) کە لەلایەن سیناتۆر لیندسی گراهام و سیناتۆر ڕیچارد بلومێنتاڵەوە پێشکەش بە کۆنگرێسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کراوە، هەوڵێکە بۆ سەپاندنی سزای توند بەسەر حکومەتی سوریا و ئەو لایەنانەی کە پشتگیری دەکەن. ئەم پڕۆژە یاسایە، کە نزیکەی ٤٠ لاپەڕەیە، چەندین بڕگەی گرنگ لەخۆدەگرێت کە ئامانجیان لاوازکردنی ڕژێمی سوریا و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیەتی لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (قەسەدە).

 
ناساندن و ئامانجی سەرەکی:
ناوەڕۆکی پڕۆژە یاساکە بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەکات کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێویستە هەنگاوی توند بنێت دژی حکومەتی سوریا بەهۆی بەردەوامبوونی لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و پشتگیریکردنی تیرۆر. یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی پڕۆژەکە بریتییە لە دووبارە دەستنیشانکردنەوەی "دەستەی تەحریر شام" وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی، ئەمەش نیشانەی جددییەتی ئەمریکایە لە بەرەنگاربوونەوەی گرووپە توندڕەوەکان. هەروەها، پڕۆژەکە پێداچوونەوە بە هەڵگرتنی ناوی سوریا لە لیستی وڵاتانی پشتیوانی تیرۆردا دەکات، بە مەرجێک سەرۆکی ئەمریکا ڕاپۆرتێک پێشکەش بە کۆنگرێس بکات کە تێیدا ڕوونبکاتەوە بۆچی ئەم هەنگاوە لە بەرژەوەندی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکادایە. کۆنگرێسیش مافی پێداچوونەوە و ڕەتکردنەوەی ئەم بڕیارەی دەبێت.

خاڵە گرنگەکانی پڕۆژە یاساکە:
پڕۆژە یاسای "پاراستنی کورد" چەندین بڕگەی ورد و تێروتەسەلی تێدایە کە سزاکانی دژی سوریا دیاری دەکەن. ئەم سزایانە چەندین سێکتەری جیاواز دەگرێتەوە و ئامانجیان خنکاندنی ئابووری و سیاسی ڕژێمی سوریایە:
1.  سزاکانی سەر بەرپرسانی حکومەتی سوریا و لایەنە پەیوەندیدارەکان:
پڕۆژەکە داوا دەکات سزا بەسەر هەموو ئەو بەرپرسە باڵایانەی حکومەتی سوریا و ئەو کەسانەدا بسەپێنرێت کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پشتگیری حکومەتی سوریا دەکەن. ئەمەش وەزیرەکان، سەرۆکی ئەرکانی سوپا، پارێزگاری بانکی ناوەندی سوریا، و سەرۆکی دامەزراوە ئابوورییە سەرەکییەکانی سوریا دەگرێتەوە. سزاکان بریتین لە بلۆککردنی موڵک و ماڵەکانیان لە ئەمریکا و قەدەغەکردنی هاتنە ناوەوەیان بۆ وڵاتەکە.
هەروەها، هەر کەسێکی بیانی کە بەشدار بێت لە تاوانەکانی وەک گەندەڵی، تیرۆر، پێشێلکاری مافی مرۆڤ، یان هەوڵدان بۆ دەستبەسەرداگرتنی سەروەری وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا، دەکرێت سزا بدرێت. ئەمەش ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە پشتگیری دارایی، ماددی، یان تەکنەلۆژی پێشکەش بە حکومەتی سوریا دەکەن، یان مامەڵە لەگەڵ سوپای سوریا یان هێزە چەکدارەکانی سەر بە ڕژێم دەکەن.
2.  سزاکانی سەر دامەزراوە داراییەکانی سوریا:
پڕۆژەکە داوا دەکات سزا بەسەر بانکی ناوەندیی سوریا و هەموو ئەو دامەزراوە داراییانەدا بسەپێنرێت کە لەلایەن حکومەتی سوریاوە خاوەندارێتی دەکرێن یان کۆنترۆڵ کراون. ئەم سزایانە بلۆککردنی موڵک و ماڵ و قەدەغەکردنی کردنەوەی هەژماری نوێ یان سنووردارکردنی هەژمارە داراییەکانیان لە ئەمریکا دەگرێتەوە.
هەروەها، هەر دامەزراوەیەکی دارایی بیانی کە مامەڵە لەگەڵ بانکی ناوەندیی سوریا یان دامەزراوە داراییە سزادراوەکانی دیکەی سوریا بکات، دەکرێت سزا بدرێت. ئەمەش بە مەبەستی پچڕاندنی هەموو ڕێگاکانی گواستنەوەی داراییە بۆ ڕژێمی سوریا.
3.  قەدەغەکردنی گواستنەوەی پارە و وەبەرهێنان:
پڕۆژەکە قەدەغەی دەکات کە هیچ دامەزراوەیەکی دارایی ئەمریکی مامەڵەی گواستنەوەی پارە بۆ حکومەتی سوریا یان بەرپرسانی حکومەتی سوریا ئەنجام بدات. ئەمەش هەموو جۆرە وەبەرهێنانێکی نوێی کەسانی ئەمریکی لە سوریا قەدەغە دەکات.
هەروەها، قەدەغەکردنی خستنەڕووی پشک و مامەڵەکردن بە کاغەزە داراییەکانی کۆمپانیا سورییەکان لە بۆرسەکانی ئەمریکادا، هەنگاوێکی دیکەیە بۆ پچڕاندنی پەیوەندییە ئابوورییەکان.
4.  سزاکانی سەر سێکتەری وزە و قەرزە سیادییەکان:
سزا بەسەر هەر کەسێکی بیانیدا دەسەپێنرێت کە بە کاڵا، خزمەتگوزاری، تەکنەلۆژیا، یان پشتگیری دیکە پێشکەش بە سێکتەری وزەی سوریا بکات، بە مەبەستی یارمەتیدانی حکومەتی سوریا لە بەرهەمهێنانی نەوت، گازی سروشتی، یان بەرهەمە پترۆڵییەکان.
قەدەغەکردنی کڕینی قەرزی سیادی حکومەتی سوریا لەلایەن هەر کەسێکی ئەمریکییەوە، هەنگاوێکی دیکەیە بۆ سنووردارکردنی توانای حکومەتی سوریا لە بەدەستهێنانی سەرچاوەی دارایی.
5. پشتگیریکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە):
پڕۆژەکە بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەکات کە کۆنگرێس پێیوایە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە لە لەناوبردنی "خەلافەتی" داعش و بەردەوامیش هاوبەشێکی متمانەپێکراو و گرنگن لە ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش. هەر هەڵسوکەوتێک لەلایەن حکومەتی سوریا یان لایەنە هەرێمییەکانەوە کە ڕۆڵی هەسەدە لاواز بکات، بە پێچەوانەی ئامانجەکانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا دادەنرێت.

 

بڕگە گشتییەکان و بەدەرەکان:
پڕۆژە یاساکە چەندین بڕگەی گشتیی لەخۆدەگرێت کە بەدەرەکان و چۆنیەتی جێبەجێکردنی سزاکان ڕوون دەکەنەوە:
چالاکییە هەواڵگرییەکان: پڕۆژەکە کاریگەری لەسەر چالاکییە هەواڵگرییە ڕێگەپێدراوەکانی ئەمریکا نابێت.
یارمەتی مرۆیی: سزاکان کاریگەرییان لەسەر پێشکەشکردنی یارمەتی مرۆیی، کاڵا کشتوکاڵییەکان، خۆراک، دەرمان، و ئامێرە پزیشکییەکان نابێت. ئەمەش بۆ دڵنیابوونە لەوەی کە سزاکان زیان بە خەڵکی سڤیلی سوریا ناگەیەنن.
هەڵپەساردن و دووبارە جێبەجێکردنەوە: سەرۆکی ئەمریکا دەتوانێت بەشێک یان تەواوی بڕگەکانی ئەم پڕۆژە یاسایە هەڵپەسێرێت ئەگەر حکومەتی سوریا بە نووسراوێک بۆ کۆنگرێس پشتڕاستی بکاتەوە کە هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوپەیمانەکانیان ڕاگرتووە. بەڵام ئەگەر دووبارە هێرش بکرێتەوە، سزاکان دەستبەجێ دووبارە جێبەجێ دەکرێنەوە.
قەدەغەکردنی بەکارهێنانی هێزی سەربازی: پڕۆژەکە بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەکات کە هیچ بڕگەیەکی ئەم یاسایە بە مانای ڕێگەدان بە بەکارهێنانی هێزی سەربازی لێک نادرێتەوە.
ماوەی یاساکە: ئەم یاسایە بۆ ماوەی ٥ ساڵ کاری پێدەکرێت لە دوای دەرچوونی.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی