ئه‌و هێزه‌ى دوێنێ چوه‌ حه‌سه‌كه‌و ئه‌مڕۆش ده‌چێته‌ قامیشلۆ خه‌ڵكى كوێن؟

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 5259 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەڕێوەبەری ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات (هەسەدە) زانیاریى له‌باره‌ى ناسنامه‌ى ئه‌ندامانى ئه‌و هێزه‌ ئاشكراده‌كات كه‌ دوێنێ چوه‌ ناوشارى حه‌سه‌كه‌و ئه‌مڕۆش ده‌چێته‌ شارى قامیشلۆ، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "ئه‌و هێزانه‌ لەچوار شوێنی دیاریکراو لەناو سەنتەری شاردا جێگیردەبن به‌ئاماده‌یى هێزه‌كانى ئاسایشى ڕۆژئاوا".


فەرهاد شامی بەڕێوەبەری ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە ئاشكرایكرد، "دوێنێ دوشەممە بە 15 ئۆتۆمبێلەوە دەستەیەکی سەرەتایی کە لە 100 بۆ 125 ئەندامی حکومەتی سوریا پێكهاتبون چونه‌ ناوشاری حەسەکە، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌یش وەجبەی دوەم بەهەمان قەبارە دەچنە ناوشاری قامیشلۆ".

سه‌باره‌ت به‌ناسنامه‌ى ئه‌ندامانى ئه‌و هێزه‌ شامى ڕونیكرده‌وه‌، "سه‌رجه‌م ئه‌ندامانى ئەو هێزه‌، خەڵکی پارێزگای دەرعان، ئەمەش مەرجێکە کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە لەچوارچێوەی ڕێککەوتنەکاندا دیاریکراوە".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، "ئەو هێزانەی چونه‌ ناو حەسەکە، لەچوار شوێنی دیاریکراو لەناو سەنتەری شاردا جێگیردەبن، بەیاوەری ئاسایش (هێزە ئەمنییەکانی کورد)و ئامادەبونیشیان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو دەبێت".

ئه‌وه‌شى وت، "ئەرکی ئەو هێزانە سنوردارە بەسەرپەرشتیکردنی پڕۆسەی یەکگرتنەوە، لەگەڵ تەواوبونی ئەرکەکانیان، ناوچەکە بەجێدەهێڵن".

زیاتر له‌باره‌ى هاتنى هێزه‌كه‌و ڕێوشوێنه‌كانه‌وه‌، فه‌رهاد شامى وتى، "لەشاری حەسەکە سەرەتا بڕیاربوو هاتنە ناوەوەی ئەو هێزانە لەڕێگەی بازنەی پانۆراما بێت، بەڵام بۆ ئێستا ڕێگاکە گۆڕدراوە بۆ بازنەی غەزەل بەهۆکاری ئەمنیی".

ڕۆژی 30ی مانگی ڕابردوو ڕێککەوتنێک لەنێوان هەسەدەو حکومەتى سوریا واژۆکراو دوێنێش دوشەممە وەک یەکەم ڕۆژی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دیاریکرا، ڕێککەوتنەکە 14 خاڵ لەخۆدەگرێت‌و بەوتەى بەرپرسانی هەردولا، ئەگەر ڕێککەوتنەکە جێبەجێبکرێت، ئەوا ئاگربەستێکی هەمیشەیی دەستبەردەکات‌و هەنگاوێکیش دەبێت بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان لەڕێگەی گفتوگۆوە.