شارپرێس:
لێکۆڵینەوەیەک کە لەلایەن سەنتەری ئەوروپی بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر‌و لێکۆڵینەوەی
هەواڵگریی (ECCI) بڵاوکراوەتەوە، هۆشداریده‌دات لەبەرزبوونەوەی
مەترسییە ئەمنییەکان پەیوەست بەزیندانو کەمپەکانی دەستبەسەرکردنی چەکدارانی داعش
لەباکوری ڕۆژهه‌ڵاتى سوریا، ئەمەش بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی ئەمنی‌و کەمبونەوەی پشتیوانیی
نێودەوڵەتی بۆ هێزەکانی سوریاى دیموکرات (هەسەدە).
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکە، کە لەسەرەتای مانگی شوباتی 2026 لەشاری بۆنی ئەڵمانیا
بڵاوکراوەتەوە ئاماژه به‌وه‌ده‌كات، ژمارەی ئەو دەستگیرکراوانەی پەیوەندییان بەداعشەوە
هەیە، بەزیاتر لە 38 هەزار کەس مەزەندە دەکرێت کە بەهەزاران چەکداری بیانی‌و ژن‌و
منداڵیشیان تێدایە، لەنێوان کەمپی هۆلو ڕۆژدا دابەشکراون، ئەمە جگە لەزیاتر لە 20
ناوەندی دەستبەسەرکردن لەپارێزگاکانی حەسەکەو ڕەققەو دێره‌زور.
لێکۆڵینەوەکە ئاماژە بەوەدەکات، بەتەنها کەمپەکانی هۆلو ڕۆژ، زیاتر لە 23
هەزار کەسی بیانی نیشتەجێن، کە منداڵانی خوار تەمەنی 12 ساڵ زیاتر لە60%یان پێکدەهێنن،
لەکاتێکدا زۆرینەیان لەعێراقەوە چونه‌ته ئه‌و وڵاته، لەگەڵ هاوڵاتیانی زیاتر لە
60 وڵات، لەوانە (فەرەنسا، بەریتانیا، ڕوسیا، ئوسترالیا‌و تونس).
ئه‌وه‌ش ڕونكراوهتهوه، هه‌سه‌ده نزیکەی هه‌شت هه‌زارو 500 كه‌سى له‌لایه
كه به‌تۆمه‌تى هه‌بونى په‌یوه‌ندیى به‌داعشه‌وه دهستگیركراونو ئێستا لهگرتوخانهكانن
لەو ژماره‌یه‌ش سوری‌و بیانیی بونیان هه‌یه، زۆربه‌ى ئه‌وكه‌سانه‌ش له‌گرتوخانه‌ى
غوێران یان سه‌ناعه لهحهسهكهو گرتوخانه‌كانى قامیشلۆو مالیکیە ده‌ستبه‌سه‌رن.
ناوەندی ئەوروپا زیادبونی ڕوداوەکانی هەڵهاتن بەچەند هۆکارێکەوە دەبەستێتەوە،
دیارترینیان دابەزینی پاڵپشتی ئەمریکا بۆ هێزەکانی هه‌سه‌ده‌و کەمبونەوەی یارمەتییە
مرۆییەکان، لەکاتێکدا واشنتۆن لەساڵی 2026دا لانیکەم 117 ملیۆن دۆلاری لەبەرنامەکانی
پشتیوانی لەباکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بڕییەوە، لەوانەش پڕۆژە گرنگەکانی ناو کەمپی هۆلو
ڕۆژ كه ڕاسته‌وخۆ هه‌سه‌ده سه‌رپه‌رشتیى ده‌كردن.
هەروەها لەڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەڕەتکردنەوەی زۆرێک لەوڵاتانی ڕۆژئاوا کراوە
بۆ گەڕاندنەوەی هاوڵاتییان کە چەکداری داعش بون، ئەمەش بوەته هۆی کەڵەکەبونی
بارگرانی ئەمنی‌و مرۆیی لەناو زیندانەکاندا، هەروەها کەشێکی له‌بارى بۆ چالاکی شانە
نوستوەکانى داعش‌و پڕوپاگەندەی توندڕەوی لەناو کەمپەکاندا ڕەخساندوه.
لهبهشێكى دیكه‌ى ڕاپۆرتەکەدا مارکوس شنایدەر توێژەر لەدامەزراوەی فریدریش
ئیبەرت قسهیكردوهو وتویهتى، "فشاری سیاسیی‌و سەربازیی بۆ سەر کورد زیادیکردوە،
لەکاتێکدا لایەنە نێودەوڵەتی‌و ناوچەییەکان لەهەوڵی دڵنیابونن لەوەی، حکومەتی سوریا
کۆنتڕۆڵی تەواوی وڵاتەکەی دەکات، بەبێئەوەی بەدیلێکی جێگیر بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی
دەستگیرکراوانیان هەبێت".
بەگوێرەی داتاکانی ناوەندی ئەوروپا، نزیکەی هەزارو 500 دەستگیرکراو لەزیندانێکی
شارۆچکەی شەدادی هەڵاتون، هاوکات وەزارەتی ناوخۆی سوریا پێشتر هەڵاتنی 120 دەستگیرکراوی
لەیەکێک لەو زیندانانەی کە پێشتر لەژێر کۆنترۆڵی شه‌ڕڤانانى هه‌سه‌ده‌دا بون ڕاگەیاندبوو،
کە 81 کەسیان دەستگیرکراونهتهوه.
لێکۆڵینەوەكهى سەنتەری ئەوروپی بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر‌و لێکۆڵینەوە هەواڵگرییەکان
گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە پرسی دەستگیرکراوانی داعش لەسوریا بوه‌تە تەحەدایەکی دولایەنە،
چ لەڕوی ئەمنی‌و چ لەڕوی مرۆییەوە، هۆشداریشیداوە، بەردەوامی بێبایەخکردنی کۆمەڵگەی
نێودەوڵەتی‌و ڕەتکردنەوەی گەڕاندنەوەی چەکدارانی بیانی، ڕەنگە دەرگا بەڕوی شەپۆلێکی
نوێی هەڵهاتنو دامەزراندنی سەربازیدا بکاتەوە، ئەمەش هەڕەشە لەئاسایشی ناوچەیی‌و
نێودەوڵەتی دەکات.
توێژینەوەکە جەختیکردوه‌ته‌وه، چارەسەرکردنی ئەم پرسە پێویستی بەدەستێوەردانی
نێودەوڵەتی‌و هەماهەنگى به‌هێز هەیە، لەوانە پاڵپشتی دارایی بەردەوام، پلانی ڕون بۆ
نیشتەجێکردن یان دادگاییکردن‌و بەشداریکردنی فراوانتری دەزگاکانی نەتەوەیەکگرتوەکان
لەبەڕێوەبردنی زیندان‌و کەمپەکاندا، پێشئەوەی بگۆڕدرێن بۆ "بۆمبی کاتی"
لەدڵی ناوچەکەدا.
