راپۆرتێکی ئەمریکی: رژێمی تاران هەرەسبهێنێت تورکیا لەناو خاکی ئێران ناوچەی دابڕاو درووستدەکات

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 741 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

تۆڕی MBN ی ئەمریکی لەراپۆرتێکدا باسی لەوەکردووە کە ئەگەر بێت لە ئەنجامی هێرشی ئەمریکا بۆسەر ئێران، رژێمی ئەو وڵاتە هەرەسبهێنێت، ئەوە تورکیا لەپێناو ڕێگرییکردن لە دووبارە نەبوونەوەی ئەزموونی هاتنەناوەوەی ئاوارەکانی سوریا، دێتە ناو خاکی ئێران و ناوچەیەکی دابڕاو بۆ ئاوارەکان لەناو خاکی ئێراندا درووستدەکات.

لەراپۆرتەکەدا هاتووە: تورکیا بە شێوەیەکی بەرفراوان خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەگەری قەیرانێک لەگەڵ ئێران، کە تەنها ڕەهەندی سەربازی نییە، بەڵکو جیۆپۆلەتیکیشە، بەشێوەیەک ئەنقەرە لەو باوەڕەدایە کە هێرشێکی سەربازی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ئەگەرێکی ڕاستەقینەیە و نیگەرانی سەرەکی تورکیا شەپۆلی کۆچبەرانە، نەک شەڕی ڕاستەوخۆ. ئەزموونی قەیرانی سوریا و وەرگرتنی نزیکەی 4 ملیۆن پەنابەر، وایکردووە تورکیا بە هەر نرخێک بێت هەوڵی دووبارە نەبوونەوەی ئەو سیناریۆیە بدات.

هەروەک دەڵێت: بۆ ڕێگریکردن لە هاتنی کۆچبەران، تورکیا ستراتیژییەتێکی "خۆپاراستنی پێشوەختە"ی گرتووەتەبەر. ئەمەش لە ڕێگەی قایمکردنی سنووری 560 کیلۆمەتری لەگەڵ ئێران بە دروستکردنی دیوار، خەندەق، تاوەری چاودێری ئەلیکترۆنی و بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان. ئامانج ئەوەیە کە هەر جوڵەیەکی دانیشتووان لەناو خاکی ئێراندا کۆنترۆڵ بکرێت و ڕێگە لە تێپەڕبوونیان بگیرێت.

ئەوەش هاتووە:  پلانی دامەزراندنی "ناوچەیەکی دابڕاو" لەناو خاکی ئێرانیشدا هەیە بۆ ئەوەی ئاوارەکان لەوێ بمێننەوە. دەسەڵاتدارانی تورکیا هاتنی یەک ملیۆن پەنابەری ئێرانی بە "هێڵی سوور" دادەنێن کە ئابووری و کۆمەڵگەی تورکیا ناتوانن بەرگەی بگرن.
ئاماژەی بەوەشکردووە کە بوونی کەمینەیەکی گەورەی تورکی ئازەریی لە ئێران دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات، چونکە ئەگەر ژمارەیەکی زۆر لەوانە ڕوو لە سنوور بکەن، حکومەتی تورکیا دەکەوێتە ژێر فشاری ناوخۆییەوە بۆ پێشوازیکردنیان، کە ئەمەش دژی فەرمانە سەربازییەکانە.

بە کورتی، سیاسەتی تورکیا بەرامبەر ئێران لەژێر کاریگەری قەیرانی پەنابەرانی سوریادایە. ئەنقەرە هەوڵی نێوەندگیری دەدات بۆ ڕێگرتن لە شەڕ، بەڵام لە هەمان کاتدا خۆی ئامادە کردووە بۆ داخستنی سنوورەکان، جوڵەی سەربازی لە دەرەوەی سنوور و پشت بەستن بە هاوپەیمانییەکی هەرێمی بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان.
ئاکۆعەبدوڵڵا ئاڵی