دەمپارتی: پێویستە توركیش فێری زمانی كوردی بن

کوردستان

13/02/2026‌ 350 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پەرلەمانتارێکی دەم پارتی لەناو پەرلەمانی توركیاوە ڕایگەیاند، كە 20 ملیۆن کورد لەناو خاكی توركیادایەو دەڵێت،" پێویستە تورکیش فێری زمانی کوردی بن".

 
عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەمپارتی) لەپەرلەمانی تورکیا، کە تورکە وتارێکی پێشکێش کردو ڕەخنەی لەو عەقڵییەتە گرت، کە پێیوایە تەنیا دەبێت کورد فێری زمانی تورکی ببن.
 
گەرگەرلیئۆغڵو وتی،" ئایا هەر دەبێت کورد فێری تورکی بن؟ هاوڕێیان، پێویستە تورکیش فێری کوردی بن. ئێمە لەخاکێکداین لانیکەم 20 ملیۆن کوردی لێیە. کوردەکان دراوسێمانن. ناتوانن لەدراوسێیەتیی ئەوان رزگارتان بێت، چونکە دراوسێکانتان لەهەموو شوێنێکن".
 
ئەو پەرلەمانتارەی دەمپارتی، بەزمانی کوردی ڕستەی "ئەز کوردی فێر دەبم"ـی بەکارهێناو وتی،"پێموایە جگە لەپەرلەمانتارە کوردەکانی ئێرە، کەس لەم ڕستەیە تێنەگەیشت. ئایا تورکییەکەی دەزانن؟ 'فێری زمانی کوردی دەبم.' بەڵێ، وەکو تورکێک کە زمانی دایکیم تورکییە، فێری زمانی کوردی دەبم، دەچمە خولی فێربونی زمانی کوردی. باشە بۆچی نەچم؟".
 
عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو، باسی لەئەزمونی خۆی کرد وەک پزیشک لەناوچە کوردنشینەکان و وتی،"من وەکو پزیشک لەگوندە کوردنشینەکان کارم کردوە. هیچ کاتێک خراپەم لەکوردەکان نەبینیوە، هەمیشە چاکەم بینیوە. هاوڕێیەتی و دراوسێیەتی لەگەڵ کوردان و بون بەدۆستیان شانازییە".
 
گەرگەرلیئۆغڵو، لەدرێژەی قسەکانیدا نمونەی شارۆچکەی نسێبینی باکوری کوردستان و قامشلۆی ڕۆژئاوای کوردستانی هێنایەوە و وتی،" ئێستا ئێوە دەپرسن؛ بۆچی نسێبین و قامشلۆ هەمان هەستیان هەیە؟ چونکە دڵی نسێبین لەقامشلۆ لێدەدات. بۆچی لەمە تێناگەن؟ بۆچی داواکاریی هەموو کوردێکی ئەوێ بە 'تیرۆریستی، تیرۆریستی' ناودەبەن؟ هاوڕێیان، ئەمە هەڵەیە. با کورد وەکو دووژمن نەبینین، با وەکو دۆست سەیریان بکەین. هاوڕێیان، با زمانی کوردی وەکو زمانی خۆمان ببینین".

بەپەلە