شارپرێس:
جیهان چاوەڕێی
دامرکاندنەوەی ئاگری شەڕە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بهڵام ئاماژە مەیدانییەکان لەعێراق
پێچەوانەی ئەمە دەسەلمێنن، دوای لاوازبونی حزبوڵڵای لوبنانو کەوتنی ڕژێمەکەی ئەسەد
لەسوریا، ئێستا ئێران، عێراقی وەک هێڵی یەکەمی بەرگرییو دوایین کارتی کاریگەری خۆی
لەناوچەکەدا هەڵبژاردوە.
لەکاتێکدا شەقامەکانی
بەغدا لەژێر سێبەری سەقامگیرییەکی لەرزۆکدا هەناسە دەدەن، لەقووڵایی خاکەکەیدا
(شارە موشەکییەکان) خەریکی نوسینەوەی چارەنوسێکی دیكهن، چیتر باسی نفوزی سیاسی نییە،
بەڵکو باس باسی گۆڕینی نیشتمانە بۆ سەنگەری پێشەوەی جەنگێک کە بڕیارەکەی لەدەرەوەی
سنورەکان دراوە.
دەرکەوتنی ئەوشارە
تۆقێنەرانە لەژێر زەویدا، تەنها پەیامێکی سەربازیی نییە بۆ واشنتۆنو تەلئەبیب، بەڵکو
واژۆکردنی کۆتایی سەروەریی دەوڵەتێكه لەسەر سینییەکی زێڕین، ئایا عێراق دەبێتە ئەو
"قەڵغانە مرۆییو جوگرافییە"ی کە تاران بۆ پاراستنی خۆی دەیسوتێنێت؟ یان
عێراقییەکان ڕێگە دەدەن وڵاتەکەیان ببێتە غەززەیەکی دیكه لەپێناو جەنگێکی وەکالەتدا
کە تێیدا تەنها عێراقیهكان باجە قورسەکەى دهدهن؟
گۆڕانی ستراتیژیی..
لەهێزی پشتیوانییەوە بۆ سەری ڕم
عەلا نەشوع شارەزای
كاروبارى سەربازیی باس لهوهدهكات، ئێران چیتر تەنها وەک هێزی نەرم یان نفوزی سیاسیی
سەیری عێراق ناکات، بهڵكو ئێستا عێراق بۆ تاران بوەتە، ناوەندێکی لۆجستیو هەواڵگریی
کە ڕاستەوخۆ بەخاکی ئێرانەوە بەستراوەتەوە.
دەرکەوتنی شارە
موشەکییەکان لەژێر خاکی عێراقدا (وەک ئەوەی گروپی أولیاء الدم بڵاویانکردەوە)،
پەیامێکی ڕونی ڕەتدانەوەیە کە تاران دەیەوێت جەنگەکە لەدەرەوەی سنورەکانی خۆی بێت،
نهك ناو خاكهكهى.
لەکۆتایی مانگی ڕابردودا
ئهو گروپه چهكداره عێراقیه گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە کە تێیدا ئەوەی ناویان
نابوو (شارێکی موشەکیی لهژێر زەوی) نیشاندرا.
یەکێتيی گۆڕەپانەکان
یان تەنیایی گۆڕەپانی عێراق؟
عامر سەبایلە
پسپۆڕی ستراتیژیی ئاماژە بەوەدەکات، پڕۆژەی "یەکێتیی گۆڕەپانەکان" کە ئێران
بانگەشەی بۆ دەکرد، لەسەر ئاستی لوبنانو سوریا توشی هەرەسی گەورە بوە، ئێستا تەنها
دوو (سیی) سەربازیی بۆ ئێران ماونەتەوە، ئهوانیش عێراقو یەمەنه كه ههناسهى پێدهدات،
ئەمەش وادەکات عێراق ببێتە ئامانجێکی ڕاستەوخۆ بۆ ئەمریکاو ئیسرائیل ئەگەر میلیشیاکان
بچنە ناو جەنگەکەوە.
دابەشبونی میلیشیاکانو
مەترسییەکانی سەر دەوڵەت
ڕاپۆرتەکان
ئاماژە بەوەدەکەن، نزیکەی 70 گروپی چەکدار لەژێر چەتری (حەشدی شەعبی)دا بونیان هەیه،
بەڵام هەمویان یەک هەڵوێستیان نییە، بۆ نمونه گروپە توندڕەوەکانى (وەک نوجەباو کەتائیب)
ئهوان ئامادەیی تەواویان بۆ جەنگی سەرتاسەری لەپێناو ئێراندا ڕاگەیاندوە، بهڵام
چهند گروپێكى دیكهش ههن كه بێدهنگیان ههڵبژاردوه، هۆكارهكهشى ئهوهیه
ترسیان لەوە هەیە، واشنتۆن ئەمجارە بەجدی کار بۆ کۆتاییهێنان بەدۆسیەی چەکدارانی دەرەوەی
دەوڵەت بکات.
ململانێی سەروەرییو
وەکالەت
لەکاتێکدا محەمەد
شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەکۆڕبەندی دهۆک جەختیکردەوە، کە "عێراق
نابێتە گۆڕەپانی ململانێ"، بەڵام جوڵەی میلیشیاکانو پیشاندانی هێزی موشەکییان
نیشانەی ئەوەیە کە بڕیاری جەنگو ئاشتیی لەبەغدا نییە، بەڵکو لەژورە داخراوەکانی فەرماندەیی
سوپای قودسی ئێراندایە.
عێراق لەئێستادا
لەناو "گۆشەیەکی تەنگدا" گیریخواردوه، بەکارهێنانی خاکی عێراق وەک بەرەی
یەکەمی جەنگ لەلایەن ئێرانەوە، نەک هەر تاران ناپارێزێت، بەڵکو عێراق دەخاتە ناو جەرگەی
"تۆڵەسەندنەوەیەکی سەربازییو ئابوریی" توند کە ڕەنگە هەموو دەستکەوتە سیاسییەکانی
دوای 2003 لەناوببات.
