شارپرێس:
پەرلەمانی ئەوروپا دەنگی لەسەر بڕیارنامەیەک سەبارەت بە ڕووداوەکانی سوریا و هێرشەکانی سەر ڕۆژاڤای کوردستان دا.
لە ئەنجامی دەنگدانەکەدا، ٧١ پەرلەمانتار دەنگی نەخێریان دا و ٨١ پەرلەمانتاریش ئامادە نەبوون. جگە لەوەش ٣٦٣ پەرلەمانتار دەنگی بەڵێیان دا و بڕیارنامەکە پەسەند کرا.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی یەکێتی ئەوروپا لە بەیاننامەیەکی نووسراودا بڕیارەکەی ڕاگەیاند.
یەکێتی ئەوروپا لە بەیاننامەکەدا ڕایگەیاند "ئەو ڕووداوانەی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕوودەدەن مەترسی گەڕانەوە بۆ شەڕیان هەیە، سەقامگیری لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ سیاسەتێکی دادپەروەر و گشتگیر زۆر گرنگە کە هەمووان لەخۆ بگرێت، پێویستە پەرلەمانی ئەوروپا بەردەوام بێت لە هەوڵەکانی بۆ پاراستنی هەمەجۆریی نەتەوەیی و ئایینی بەتایبەتی کورد، هەروەها بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش."
‘تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی ئەنجامدراون’
ئاماژە بەوەش کراوە کە پەرلەمانی ئەوروپا بە توندی ئیدانەی هەموو هێرشەکانی دژی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکات و داوای لە هەردوولا کردووە مەرجەکانی ئاگربەست جێبەجێ بکەن. “هێرشکردن، لەسێدارەدان بێسەروشوێنکردن، دەستبەسەرکردن، ئاوارەبوونی زۆرەملێ و هێرشکردنە سەر ژێرخانی مەدەنی، پێشێلکردنی یاسا گەردوونی و نێودەوڵەتییەکان پێکدەهێنن”.
ڕاشیگەیاند، ڕەنگە بەشێک لەو تاوانانە ڕەوانەی پرۆسەی دادوەری بکرێن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، پەرلەمانتاران سەرنجیان بۆ ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مەدەنییە باوەڕپێکراوەکان ڕاکێشاوە، بەتایبەتی ئەوانەی تیشکیان خستۆتە سەر هێرشەکانی دژی گەلی کورد.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەکراوە " هێرشی گۆڕستانەکان ئەنجام دراون، تەقەمەنی و ئامێری سووتێنەری ئاست بەرز بەکارهێنراون، پەرلەمانتاران نیگەرانی خۆیان لە دۆخی مرۆیی دەربڕی کە بەهۆی گەمارۆکانەوە دروست بووە و داوایان لە یەکێتی ئەوروپا کرد هاوکارییەکان زیاتر بکات".
‘داننان بە مافە کۆمەڵایەتی و پەروەردەییەکانی کورد’
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئاگربەستی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی کاتی لەلایەن پەرلەمانتارانەوە پێشوازی لێکراوە "پەرلەمانتاران جارێکی دیکە پشتیوانی خۆیان بۆ ئاگربەست دەربڕی، داوایان کرد دان بە مافە کۆمەڵایەتی و پەروەردەییەکانی کورددا بنێن، جارێکی دیکەش داوایان لە هەموو لایەنەکان بە تورکیاشەوە کرا کە ئاگربەستەکە بپارێزن".
‘داننان بە گەلی کورد مەرجێکە’
لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە سەقامگیری لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نەک هەر بۆ پرۆسەی گواستنەوە بەڵکو بۆ کۆمەڵگەیەکی سەقامگیر و گشتگیر گرنگە. پەرلەمانتاران داوایان لە دەسەڵاتدارانی سوریا کردووە مافە بنەڕەتییەکانی هەموو پێکهاتەکان بپارێزن، لەوانە عەرەب، کورد، سوننە، عەلەوی، مەسیحی، دروز و ئێزدی.
بڕیارنامەکە بەشداری سیاسی گەلی کوردستان و دانپێدانانی یەکسانی بە مافەکانی بە مەرجێک بۆ پرۆسەیەکی سەقامگیر و گشتگیر دەزانێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، پەرلەمانتاران بە گرنگ دەزانن گرنگی بە مەترسییەکانی داعش بدرێت و لەگەڵ هەموو لایەنەکان پێکەوە کاربکەن بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی. پەرلەمانتاران داوایان لە یەکێتی ئەوروپا کرد هەوڵەکانی دژ بە داعش زیاتر بکات و ڕێز لە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی کورد بە ژنانیشەوە بگرێت لە شەڕی دژ بە داعش.
هەروەها لە بەیاننامەکەدا زانیاری لەسەر دەنگدانەکە خراوەتەڕوو و تێیدا هاتووە: “پەرلەمان پێشکەوتنی بەرجەستە و دیار و پاراستنی خەڵکی مەدەنی و ڕێزگرتن لە ئاگربەست و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و مافی کەمینەکان وەک مەرجێک بۆ پەیوەندی و پشتیوانی لەگەڵ سوریا دادەنێت”.
