شارپرێس:
پاریس دەروازەکانی خۆی بۆ سوریای دوای ئەسەد دەخاتە
سەرپشت، بهڵام پەیامێکی توندیش ئاراستەی دیمەشق دەکاتو ڕایدهگهیهنێت،
"پشتگیریمان بۆ شەرع بێ مەرج نییە"، هۆشداریشدەدات، پاراستنی مافی پێکهاتەکان،
لەسەروو هەموشیانەوە کورد، دروزو عەلەوییەکان، مەرجی مانەوەی پەیوەندییەکانە؛
هاوکات بەسەپاندنی سزا بەسەر ئەو فەرماندە چەکدارانەی (وەک ئەبو عەمشەو سەیف پۆڵاد)
کە تۆمەتبارن بەتاوان دژی کوردو کەمینەکان، پاریس جەختدەکاتەوە، سوریای نوێ تەنها
بەتێپەڕبون بەڕێگهی دادپەروەریدا، دەتوانێت لەگۆشەگیریی ڕزگاری بێت.
سوریای دوای ڕوخانی ڕژێمی پێشوو لەناو گێژاوی
ململانێ تائیفییەکانو قۆناغی ڕاگواستندایە، فەڕەنسا پەیامێکی ڕون ئاراستەی سەرۆکایەتی
نوێی سوریا دەکاتو ڕایدهگهیهنێت، "پشتگیریتان دەکەین، بەڵام چاوپۆشی لەتوندوتیژیی
ناکەین".
باسکال کۆنفافرۆ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا
لەکۆبونەوەیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنوسانی سوری لەپاریس ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لەپاڵ سەرۆکهكهتان
ئەحمەد شهرع دەوەستێت، بەڵام ئەم پشتگیرییە بێ مەرج نییە.
کۆنفافرۆ هۆشداریدا کە ئەو سزایانەی پێشتر لەسەر
سوریا هەڵگیرابون، ئەگەری گەڕانەوەیان هەیە، بەتایبەت ئەگەر حکومەت نەتوانێت پارێزگاریی
لەکەمینە ئاینییەکانی وەک (عەلەویو دروز) بکات.
ئەم هەڵوێستە توندەی فەڕەنسا دوای ئەو ڕوداوە
خوێناوییانە دێت کە لەتەمموزی 2025 سوریایان هەژاند، ئهویش بەهۆی پێکدادانی نێوان
پاشماوەکانی ڕژێمی کۆنو چەکدارانی لایەنگری حکومەت، نزیکەی دوو ههزارو 500 کەس گیانیان
لەدەستدا، هاوكات لەسوەیداش ململانێی نێوان گروپە ناوخۆییەکانو هۆزەکان گەیشتە
ئاستێک کە ئیسرائیل دەستوەردانیکرد، ئەمەش دوای ئەوەی هێزە حکومییەکان تۆمەتبارکران
بەئەنجامدانی پێشێلکاریی بەرامبەر دروزەکان.
ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکى فەرەنسا لەپەیوەندییەکی
تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەحمەد شهرغ جەختیکردوەتەوە، "پێویستە لێپرسینەوە لەبەرپرسانی
توندوتیژییەکان بکرێت".
پاریس چاوەڕێی هەنگاوی کردەییو لێکۆڵینەوەی شەفافە
بۆ دۆزینەوەی ئەوکەسانەی دەستیان لەکوشتارەکاندا هەبوە، لەسەروو هەموشیانەوە ناوی
هەردوو عەمید (محەمەد جاسم - ئەبو عەمشە)و (سەیفەدین پۆڵاد - ئەبوبەکر) لەلیستی
سزاکانی ئەوروپادایە.
سەرەڕای ئەم ئاڵۆزییانە، پاریس هێشتا وەک دەروازەی
ئەوروپا بۆ سوریای نوێ دەبینرێت، شهرع یەکەم گەشتی ئەوروپی بۆ فەرەنسا بوو، پاریسیش
یەکەم وڵات بوو وەزیری دەرەوەی ناردە دیمەشق دوای ڕوخانی ئەسەد لەکانونی یەکەمی
2024.
ئێستا تۆپەکە لەگۆڕەپانی دیمەشقدایە؛ ئایا حکومەتەکەی
شهرع دەتوانێت هاوسەنگی لەنێوان چەسپاندنی دەسەڵاتو بەدیهێنانی دادپەروەریدا ڕابگرێت،
یان سزاکانی ئەوروپا جارێکی دیكه دەرگاکانی جیهان بەڕوی سوریادا دادەخەنەوە؟
ههروهك ڕاپۆرته ههواڵییهكان دهڵێن، کاتێک
فەڕەنسا دەڵێت پشتگیرییەکەی بۆ شەرع، بێ مەرج نییەو جەخت لەسەر مافی کەمینەکان (وەک
دروزو عەلەوی) دەکاتەوە، ناڕاستەوخۆ دڵنیاییەکیشە بۆ کوردەکان کە فەرەنسا چاودێری ڕەفتاری
حکومەتی نوێ دەکات بەرامبەر پێکهاتەکان.
جهخت لهوهشدهكرێتهوه، ئاماژەدان بەسزادانی
ناوى فهرماندهكانى شهرع وەک (ئەبو عەمشەو سەیف پۆڵاد) کە ناویان لەڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکاندا
بەپێشێلکاریی بەرامبەر کوردەکان لەناوچەکانی وەک عەفرین هاتوە، نیشانەی ئەوەیە کە
پاریس چاوپۆشی لەو کەسایەتییانە ناکات کە دەستیان لەتاواندا هەبوە.
