ڕێککەوتن بەتامی باروت؛ بۆچی تورکیا نایەوێت کورد تەنانەت بەفەرمیش لەسوریادا هەبێت؟

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4160 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا سوریا خەریکە برینەکانی ساڵانی شەڕ دەپێچێتەوەو هێزە ناوخۆییەکان بەرەو تەبایی هەنگاو دەنێن‌و دیمەنی سیاسیی لەناوخۆی سوریا بەرەو جۆرێک لەسەقامگیرییەکی ڕێژەیی هەنگاو دەنێت، دەنگی دەهۆڵی شەڕ لەئەنكەرەوە دوبارە بەرزدەبێتەوە؛ وەزیری بەرگریی تورکیا بەهەڕەشەیەکی ڕاسته‌وخۆو ئاشكرا ده‌ڵێت، "هەسەدە، یان دەبێت لەناوببرێت، یان لەناو دەوڵەتدا بتوێتەوە".


لەکاتێکدا ، لێدوانە نوێیەکانی یاشار گولەر وەزیری بەرگریی تورکیا وەک هەورەبروسکەیەک بەئاسمانی ناوچەکەدا تەقینەوە، گولەر بەزمانێکی توندو بێ پێچوپەنا، له‌باره‌ى چارەنوسی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)وه‌ وتى، "یان هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی‌و توانەوەی تاکەکەسی لەدەوڵەتدا، یان ڕوبەڕوبونەوەی سوپای تورکیا".

یاشار گوله‌ر وەزیری بەرگری تورکیا لەویلایەتی "کلیس"ی سەر سنورى توركیاوه‌ پەیامێکی ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی‌و لایەنە سورییەکان کرد.

جەختیکردەوە، پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی تورکیا تەنها بەیەک مەرج دەبێت؛ ئەویش جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنی (10ی ئادارو 18ی کانونی دوەم)ە.

گولەر بەئاشکرا داوایکرد، هەسەدە وەک قەوارەیەکی سەربازیی نەمێنێت‌و شه‌ڕڤانه‌كانیشى بەشێوەی تاکەکەسی‌و لەژێر چاودێرییەکی تونددا بخرێنە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە.

ئەوەی ئەم هەڕەشانە دەخاتە خانەی مەترسییەکی گەورەوە، کاتەکەیەتی، چونكه‌ تەنها چەند ڕۆژێکە ڕاپۆرتە فەرمییەکان باس لەوەدەکەن، جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی (30ی کانونی دوەم) لەنێوان هەسەدەو سەرۆکایەتی سوریا بەشێوەیەکی ئەرێنی‌و نەرم دەچێتە پێشەوە، بەڵام تورکیا بەم هەڵوێستەی نیشانیدا کە هەر ڕێککەوتنێک، سەروەریی‌و یەکپارچەیی خاکی سوریا (بەو تێڕوانینەی ئەنكەرە دەیەوێت) لەبەرچاونەگرێت، لای ئەوان قبوڵکراو نییە.

یاشار گولەر بەڕاشکاوی وتی، "ئەمە بژاردە نییە، بەڵکو پێویستییە"، ئەم دەربڕینە ئاماژەیەکی ڕونە بۆ ئەوەی، تورکیا ئامادەیە هەموو هێزە سەربازییەکانی بەکاربهێنێت بۆ ڕێگریکردن لەهەر قەوارەیەک کە ئه‌و بۆخۆى ناوی ده‌نێت "تیرۆر".

ئێستا چاوەکان لەسەر کاردانەوەی هەسەدەو حكومه‌تى سوریان، ئاخۆ بەرەو دابەشبونێکی نوێ دەچن، یان ئەم هەڕەشانە دەبنە فشارێک بۆ گۆڕینی هاوکێشەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ؟

تورکیا هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، بەدرێژکراوەی پارتى كرێكارانى كوردستان (پەکەکە) دەزانێت، تائێستا چەندین ئۆپەراسیۆنی گەورەی ئەنجامداوە وەک ئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتی‌و چڵە زەیتون بەمەبەستی لێدان له‌و قەوارە سیاسییەی کە کورد لەباکوری سوریا (ڕۆژئاواى كوردستان) دروستیکردوە.

تورکیا ئێستا هەوڵدەدات لەڕێگەی فشارەوە، هەسەدە ناچاربکات چەک دابنێت‌و لەناو سوپای سوریادا بتوێتەوە، بەبێئەوەی هیچ مافێکی نەتەوەیی یان سیاسیی بۆ کورد مسۆگەربێت، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ستراتیژی تورکیا گۆڕاوە بۆ "ڕێگریکردن لەهەر جۆرە دانپێدانانێکی فەرمی بەکورد لەدەستوری نوێی سوریادا".

ئەنكەرە پێیوایە، هەرجۆرە دەستکەوتێکی کورد لەسوریا یان عێراق، دەبێتە هۆی بەهێزبونی خەباتی کورد لەناوخۆی تورکیا، بۆیە بەهەموو شێوەیەکی سەربازیی، دیپلۆماسی‌و ئابوریی دژایەتیدەکات.