شارپرێس:
لەیەکێک لەگەورەترین ئۆپەراسیۆنەکانی گواستنەوەی چه‌كدارانى داعش، دۆسیەی چەکدارە تورکەکانی ناو ئه‌و گروپه تیرۆریستیه وەرچەرخانێکی نوێ بەخۆوە دەبینێت، به‌گوێره‌ى سه‌رچاوه‌كانى هه‌واڵى توركیا، نزیکەی دوو هه‌زار داعشى به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك تورک لەزیندانەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)وه بەرەو عێراق دەگوازرێنەوە، ئەمەش لەچوارچێوەی ڕێککەوتنێکی سێ قۆڵی لەنێوان ئەنكەرە، بەغداو واشنتۆن.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوەدەکەن، پڕۆسەی ناسینەوەی ئەو چەکدارانە ڕوبەڕوی ئاستەنگی بوەتەوە، زۆرێک لەچەکدارە تورکەکان بەهۆی شارەزاییان لەزمانەکانی عەرەبی، فارسی، ئه‌فغانى، خۆیان وەک هاوڵاتی سوری یان ئەفغانی ناساندوە، ئەمەش تەنها گۆڕینی زمان نییە، بەڵکو ستراتیژییەکی داڕێژراوی ڕێکخراوەکەیە بۆ پاراستنی ئەندامەکانی‌و شاردنەوەی ڕابردوی ڕەشیان لەدەستپێڕاگەیشتنی دەزگا ئەمنییەکانی تورکیا.
ئه‌وه‌ش زانراوه، لەنێو لیستی گواستراوەکاندا، ناوێک لەهەموان زیاتر سەرنجی دەزگا ئەمنییەکانی ڕاکێشاوە؛ ئه‌ویش (ئیلیاس ئایدن) ناسراو بە(ئەبو عوبەیدە)یه، کە بەئەمیری ئەستەنبوڵى داعش لەقەڵەمدەدرێت.
ئایدن کە لەلیستی سوری ئینتەرپوڵدایەو یەکێکە لەداڕێژەرە سەرەکییەکانی کۆمەڵکوژییەکەی 10ی ئۆکتۆبەرى ساڵى 2015 كه له‌به‌رده‌م وێستگه‌یه‌كى شه‌مه‌نده‌فه‌ر له‌ئه‌نكه‌ره ڕویدا‌و به‌هۆیه‌وه 103 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداو زیاتر له 500 كه‌سى دیكه‌ش برینداربون، ئێستاش توركیا ده‌یه‌وێت به‌هه‌ر ڕێگه‌یه‌كه، ئایدن‌و ته‌واوى چه‌كداره تیرۆریسته به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك توركه‌كانى دیكه‌ى داعش، لەعێراق وه‌ربگرێته‌وه.
ئێستا لەبەغدا، ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق سەرپەرشتی لێکۆڵینەوەکان دەکات، تۆمەتەکان تەنها ئەندامێتی داعش نین، بەڵکو "تاوانی دژ بەمرۆڤایەتی"و "جینۆساید"ن، ئەمریکاو تورکیاش بەڵێنیانداوە هەموو بەڵگەنامەو زانیارییە هەواڵگرییەکانیان بخەنە خزمەت دادگاکانی عێراق بۆ ئەوەی هیچ چەکدارێک لەسزا ڕزگاری نەبێت.
لەکاتێکدا بڕیاروایه شه‌ش هەزار چەکداری داعش لەسوریاوە بگوازرێنەوە بۆ عێراق، حکومەتی تورکیا داوایکردوە، دوای تەواوبونی لێکۆڵینەوەو دادگایییە سەرەتاییەکان، ئەو چەکدارانەی هەڵگری ڕەگەزنامەی تورکین، ڕادەستی وڵاتەکەیان بکرێنەوە بۆ بەسەربردنی ماوەی سزاکەیان.
ئه‌وه‌ش ئاشكرابوه، توركیا داوایکردوە دوای لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان لەعێراق، هاوڵاتییە تورکەکان ڕادەستی وڵاتەکەی بکرێنەوە، بەڵام پرسیارە گەورەکە ئەوەیە، ئایا دادگاکانی تورکیا دەتوانن سزایەکی هێندە توند بەسەر ئەو چەکدارانەدا بسەپێنن کە قەرەبوی قوربانیانی کۆمەڵکوژییەکان بکاتەوە؟ یان ئەم گواستنەوەیە تەنها سەرەتایەکی نوێ دەبێت بۆ ململانێیەکی یاسایی درێژخایەن؟
