شارپرێس:
جیهان چاوەڕێی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 29ی کانونی دوەم دهكات بۆ گێڕانەوەی ئارامی بۆ ڕۆژئاواى كوردستان، هەواڵەکان لەشاری سهرێكانیهوه ئاڕاستەیەکی پێچەوانە نیشاندەدەن، بهگوێرهى سەرچاوە ناوخۆییەکان، ئاماژەکان بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەچن نەک کشانەوە.
تورکیا، وەک لایەنێکی سەرەکی لەناوچەکە، فەرمانی توندی ئاراستەی گروپە چەکدارەکانی سەر بەخۆی کردوە، بەهیچ شێوەیەک لەشاری سهرێكانى نەکشێنەوە.
ئەو هەنگاوەش وەک تێپەڕاندنی "هێڵە سورەکان"ی ڕێککەوتننامەکە دەبینرێت، کە بڕیاربوو بهگوێرهى ئەو ڕێککەوتنە، شارەکە ڕادەستی ئیدارەی ناوخۆیی بکرێتەوەو هێزە بیانییەکان لێی بکشێنەوە.
ئەم کەلەڕەقییە سیاسییە تەنها یارییەکی سەربازی نییە، بەڵکو باجەکەی خەڵکی سڤیل دەیدەن، مانەوەی هێزە چەکدارەکانو دەزگا هەواڵگرییەکانی تورکیا لەناوشارەکەدا، بوەتە بەربەستێکی گەورە لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان، چونكه هەزاران خێزان کە چاوەڕێی گەڕانەوە بون بۆسەر ماڵو حاڵی خۆیان، ئێستا لەدۆخێکی نادیارو پڕ لەترسدا دەژین.
هاوكات باس لهوهشدهكرێت، بههۆى توركیاو گروپه چهكدارهكانى سهر بهخۆى، خزمەتگوزارییەکان پهكیانكهوتوه، بهشێوهیهك دامەزراوە کارگێڕییو خزمەتگوزارییەکان ناتوانن دەستبەکار ببنەوە کاتێک شارەکە هێشتا وەک ناوچەیەکی سەربازیی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
پەیامەکەی ئەنكەرە ڕونە؛ سهرێكانى بۆ ئەوان تەنها شارێکی سەر نەخشە نییە، بەڵکو کارتێکی فشارە، بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە، ئایا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕێگەدەدات ڕێککەوتنەکان تەنها وەک مەرەكەبی سەر کاغەز بمێننەوە، یان گوشارەکان دەبنە هۆی گۆڕینی هاوکێشەکەو گێڕانەوەی شارەکە بۆ دەستی خاوەنە ڕەسەنەکانی؟.
