شارپرێس:
لەکاتێکدا جیهان بەدەست قەیرانو جەنگەکانەوە دەناڵێنێت، ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان لەلوتکەی شاخەکانی ئەندێزو لەدڵی کۆڵۆمبیاوە، مۆدێلی ژنۆلۆژیی وەک چارەسەرێکی جیهانی پێشکەشدەکەن، بەبەشداریی زیاتر لە 400 نوێنەر لەپێنج کیشوەری جیهانەوە، کۆنفرانسی بوگۆتا دەبێتە مەیدانی یەکگرتنی تێکۆشانی ژنانی کوردو گەلانی ڕەسەنی ئەمریکای لاتین بۆ داڕشتنی بناغەی کۆنفیدڕاڵیزمێکی ژنانە کە سنورە دەستکردەکان دەبەزێنێت.
بهدروشمی "گەشە دەکەین چونکە شەڕ ناتوانێت ڕەگو ڕیشەمان هەڵبکێشێت"، ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان بونەتە سەنتەری سەرنجی کۆنفرانسی جیهانیی ژنان لەبوگۆتای پایتەختی کۆڵۆمبیا، ئەو بەشدارییە تەنها نوێنەرایەتییەکی دیپلۆماسی نییە، بەڵکو گواستنەوەی ئەزمونێکی زیندوی شۆڕشێکە کە جیهان بە"شۆڕشی ژن" دەیناسێت.
جەستەو خاک؛ یەک تێکۆشان
لەنێو هۆڵەکانی کۆنفرانسەکەدا، نوێنەرانی "کۆنگرەی ستار" (بێریڤان خالیدو دێرۆک کۆبانێ) ڕوبەڕوی ژنانی ئابیا یالا (ئەمریکای لاتین) دانیشتون، لێرەدا ڕەهەندێکی نوێ بۆ تێکۆشان دیاریکرا، "جەستەی ژنو خاکی نیشتمان یەک شت دەپارێزن"، ژنانی ڕۆژئاوا باسیان لەوەکرد، چۆن لەدژی تیرۆرو داگیرکاریی خاکیان پاراست، ژنانی ئەمریکای لاتینیش باسیان لەپاراستنی خاک لەچنگی کۆمپانیا زەبەلاحەکان کرد.
"ژنۆلۆژی"؛ دیاریی ڕۆژئاوا بۆ جیهان
یەکێک لەکاریگەرترین بەشەکانی کۆنفرانسەکە، وۆرکۆشۆپەکانی تایبەت بە(ژنۆلۆژی ـ زانستی ژن) بوو، ژنانی ڕۆژئاواى كوردستان ئەم چەمکەیان وەک مۆدێلێکی بەدیل بۆ سیستەمی باوکسالاری پێشکەشکرد، ئەوان تەنها داوای مافیان نهكرد، بەڵکو خەریکی داڕشتنی سیستەمێکی نوێن کە تێیدا ئابوریی، پەروەردەو پاراستنی ڕەوا لەدەستی ژنان خۆیاندابێت.
بەرەو کۆنفیدڕاڵیزمی ژنانی جیهان
چاودێران بۆچونیان وایه، ئەوەی ئەو کۆنفرانسە لەوانى پێشوو جیادەکاتەوە، هەوڵدانە بۆ دروستکردنی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیی ژنانی جیهان، ژنانی ڕۆژئاوا بەئەزمونی بەڕێوەبەریی خۆجێیی خۆیان، بونەتە پێشەنگی ئەو بیرۆکەیە، ئامانجەکەیش ڕونە، دروستکردنی تۆڕێکی جیهانیی کە ژنانی هەموو کیشوەرەکان بەیەکەوە گرێبدات بۆ وەستانەوە لەدژی شەڕو چەوسانەوە.
ڕەنگەکان دەدوێن
دیمەنی جلوبەرگی کوردی لەتەنیشت پۆشاکە ڕەسەنەکانی گەلانی (ماپۆچیو کیچوا)، پەیامێکی بەهێزی بۆ جیهان نارد؛ کە تێکۆشان بۆ ئازادی سنورەکان دەبەزێنێت، وەک چۆن لەکۆنفرانسەکەدا ژنانى كورد وتیان، "ئێمە لێرەین تا بڵێین، ئەگەر لەکۆبانێ یان لەبۆگۆتا بین، دوژمنمان یەکەو ئازادیمان بەیەکەوە گرێدراوە".
بڕیاریش وایه، سبەینێ یهكشهممه، بەیاننامەی کۆتایی کۆنفرانسەکە بڵاوبکرێتەوە، کە چاوەڕواندەکرێت بڕیاری مێژویی بۆ یەکخستنی تێکۆشانی ژنانی جیهان لەخۆبگرێتو شوێنو پێگهى ژنانى ڕۆژئاوایش بهبایهخهوه باسى لێوهبكرێت.
