شارپرێس:
دەڵێن ههندێك وێنە ههیه هێندەی هەزار وشەیە، بەڵام ئەم وێنەیەی میونشن هێندەی هەزاران هیوای ئاوارەیەکو ئاشتیی وڵاتێک قورسایی هەیە، لێرەوە مێژوو دەگۆڕێت؛ سەیری ئەم وێنەیە بکەن، ئەمە ڕوخساری سەرەتایەکی نوێیە، ههروهك چۆن نوێنهرى ئهمریكا بۆ سوریا پهیامێكى تایبهتى لهبارهى دیمهنهكهوه بڵاوكردهوهو نوسیویهتى، "دیمهنێكو ههزار وشه.. دەستپێکێکی نوێ".
کاتێک هاوکێشەکان دەگۆڕێن، کامێراکان پێش زمان دەکەون، لەپەراوێزی کۆنگرەی میونشن، کۆبونەوەی مێژویی نێوان واشنتۆن، دیمەشقو قامیشلۆ لەیەک چوارچێوەدا، تەنها وێنەیەک نەبوو، بەڵکو بەیاننامەی کۆتاییهاتنی قۆناغی سەنگەرو دەستپێکردنی قۆناغی سەرەتایەکی نوێ بوو بۆ ناوچەکە.
لەهۆڵە گهرمو گوڕهكانى کۆنگرەی ئاسایشی میونشن، وێنەیەک بڵاوکرایەوە کە تەنها چرکەساتێک نەبوو، بەڵکو بومەلەرزەیەکی سیاسیی بوو، وێنەکە سێ کەسی کۆکردەوە کە ساڵانێک بوو تەنها لەڕێگەی لولەی تفەنگو سزای ئابورییەوە "قسەیان" لەگەڵ یەکتر دەکرد، مەزڵوم عەبدی فهرماندهی ههسهده؛ ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریاو مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا.
هەزار وشە لەیەک چرکەدا
کاتێک تۆم باراك نێردراوی تایبەتی ئەمریکا لهههژمارى خۆى لهتۆڕى ئێكس وێنەکەی بەدەستەواژەی "سەرەتایەکی نوێ" بڵاوکردەوە، جیهان تێگەیشت کە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەریکە دوبارە دەکێشرێتەوە، لەو وێنەیەدا، زەردەخەنەکانو تەوقەکردنەکان، ئاماژەن بۆ سێ خاڵی وەرچەرخان.
1ـ دانپێدانانی سیاسیی: دانیشتنی فەرماندەی هێزە کوردییەکان لەگەڵ نوێنەری باڵای دیمەشق، ئاماژەیە بۆ تێکەڵبونەوەی سیاسییو سەربازیی کە ساڵانێک بوو بە"مەحاڵ" دەبینرا.
2ـ کۆتایی گۆشەگیریی: گەڕانەوەی سوریا بۆ ناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەڕێگەی دەروازەی میونشنەوە، دەکرێت مژدەی کۆتاییهاتنی گەمارۆ ئابورییە توندەکانیش بێت.
3ـ ڕۆڵی نوێی ئەمریکا: ئامادەیی مارکۆ ڕوبیۆ وەک ناوبژیوان، نیشانەی ستراتیژییەکی نوێی واشنتۆنە بۆ جێگیرکردنی ئاشتیی لەناوچەکەدا.
لەسەنگەرەوە بۆسەر مێزی گفتوگۆ
ئەم وێنەیە بۆ ملیۆنان ئاوارەی سورییو دانیشتوانی ناوچەکە، تەنها ڕێوڕەسمێکی دیپلۆماسی نییە؛ هیوایەکە بۆ گەڕانەوە بۆ ماڵو کۆتاییهاتنی دەنگی فڕۆکەو تۆپخانەکان.
چاودێرانیش پێیانوایە، ئەگەر ئەم "سەرەتایە نوێیە" سەرکەوتوبێت، ئەوا وێنەکە دەبێتە بەڵگەی ئەو ڕۆژەی کە تێیدا عەقڵو دیپلۆماسی بەسەر چەکو خوێندا سەرکەوت.
پرسیارە گەورەکەش لێرەدا دەستپێدەکات، ئایا ئەم وێنەیە دەبێتە ڕاستییەکی بەردەوام، یان تەنها وێنەیەکی یادگاریی دەبێت لەپەراوێزی کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتیدا؟
