شارپرێس:
لەوەرچەرخانێکی سیاسی چاوەڕواننەکراودا، موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە، پەیامێکی ڕاستەوخۆو بێپەردەى ئاراستەی گەلی کورد لەڕۆژئاوای کوردستان كرد، پەیامەکە تەنها داواکارییەک نییە بۆ دانانی ئاڵاو سیمبولەکان، بەڵکو هەوڵێکی قورسە بۆ پاراستنی قەوارەیەک کە لەنێوان بەرداشی هەڕەشە هەرێمییەکانو فشاری نێودەوڵەتیدایە.
قەرەیلان بەزمانێکی ڕاشکاو دەڵێت، "ڕاستە ئێمە هاوکاریی ڕۆژئاوامان کردو ئەوانیش هاوکاری ئێمەیان کرد، بەڵام داوا لەگەلەکەمان دەکەم چیتر ئاڵاو سیمبولەکانی قەندیل بەکارنەهێنن".
ئەم وتەیە لەکاتێکدایە کە ناوچەکە لەژێر گوشارێکی توندی تورکیادایە، کە هەمیشە بەپاساوی بونی سیمبولەکانی پەکەکە، هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا شەرعییەت پێدەدات.
ئەم هەڵوێستەی قەرەیلان وەک "نەرمی نواندنێکی سیاسیی" دەبینرێتو چاودێران دهڵێن، "ئهوهى قهندیل ڕایگهیاندوه ههوڵێكه بهناونیشانى قوربانیدان لەپێناو مانەوەو قهندیل دەخوازێت بەلابردنی سیمبولەکان، گەورەترین پاساو لەدەستی نەیارانی ڕۆژئاوا دەربهێنێتو ڕێگەیەک بۆ دانوستانە نێودەوڵەتییەکان خۆشبکات".
ههروهك چاودێران بۆچونیان وایه، پەیامەکەى كاریگهرترین سهركردهى قهندیل، ئاماژەیەکی ڕونە بۆ ئەوەی کە ڕۆژئاوای کوردستان خاوەن ناسنامەو تایبەتمەندی خۆیەتی، قەرەیلان-یش دەیەوێت بەجیهان بڵێت، "ڕۆژئاوا پاشکۆی قەندیل نییە، بەڵکو ئیرادەیەکی سەربەخۆیە".
بهشێكى دیكهى بۆچونهكانیش جهختدهكهنهوه لهسهرئهوهى، "ئەو داواکارییە بۆ شەقامی کوردی لەڕۆژئاوا، جۆرێکە لەئەرکی نیشتمانیو داوایان لێدەکرێت بۆ بەرژەوەندییە باڵاکان، دەستبەرداری ئەو سیمبولانەبن کە ساڵانێکە لەسەنگەرەکاندا لەگەڵیان بوەو وهك شانازیى پیشانى دۆستو دوژمنیان داوه".
خوێندنهوهكان واى نیشاندهدهن، ئەو لێدوانە تەنها گۆڕینی قوماشی ئاڵاکان نییە، بەڵکو گۆڕینی ستراتیژیەتێکی چەندین ساڵەیە، قەرەیلان بەو هەنگاوە دەیەوێت ڕۆژئاوا لەبازنەی تۆمەتبارکردن دەربهێنێتو وەک قەوارەیەکی سیاسیی سەربەخۆ پیشانی جیهانی بدات، پرسیارەکەش لێرەدا ئەوەیە، ئایا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیو لایەنە نەیارەکان، ئەو پەیامە وەک گۆڕانکاریی ڕاستەقینە وەردەگرن، یان تەنها وەک مانۆڕێکی سیاسیی لێی دەڕوانن؟.
ئەو لێدوانەی قەرەیلان نیشانەی ئەوەیە کە پەکەکە ئامادەیە قوربانی بەناوبانگو ئامادەیی خۆی بدات لەپێناو پاراستنی ڕۆژئاوای کوردستان، ئەمەش وهكو جهختى لهسهردهكرێتهوه، پاشەکشە نییە، بەڵکو تەکتیکێکی باڵای سیاسییە کە تێیدا بەرژەوەندیی نەتەوەیی پارچەیەکی کوردستان دەخرێتە پێش بەرژەوەندیی حزبییەوە، چونكه قهرهیلان جهختدهكاتهوه، "هەریەکەمان بەئاڵاو ڕەمزەکانی خۆمانەوە جوانترین، هەروەها ئەم داوایەم بۆ ئەو کەسانەشە کەلەئەوروپا چالاکیو خۆپیشاندان بۆ ڕۆژئاوا ئەنجامدەدەن".
شرۆڤهكارانیش دهڵێن، "لەنێوان گومانی ئەنكەرەو ئومێدی قامیشلۆدا، پەیامەکەی قەرەیلان وەک نەشتەرگەرییەکی بەئازار دەردەکەوێت، لابردنی وێنەی سەرکردەکانو ئاڵاکانی حزب لەشەقامەکان، ڕەنگە بۆ لایەنگرانی پەکەکە قورس بێت، بەڵام بۆ پاراستنی ئەو قەوارەیەی کە بەخوێنی هەزاران گەنجو پیرو منداڵ دروستبوە، وەک ناچارییەکی مێژویی سەیر دەکرێت، ئێستاش تۆپەکە لەگۆڕهپانى کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدایە؛ ئایا ئەم گۆڕانکارییە سیمبولییە دەبێتە سەرەتایەک بۆ ئاشتییەکی بەردەوام، یان تەنها ئارامییەکی کاتیی دەبێت".
