هێڵە سورەکانی تاران؛ ئەتۆم بۆ گفتوگۆو موشەک بۆ پاراستن

جیهان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4355 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەئاماژەیەکی نوێدا بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، ئێران لەڕێگەی ماجد تەخت ڕەوانچی جێگری وەزیری دەرەوە، ئامادەیی خۆی بۆ پێشکەشکردنی سازش لەبەرنامە ئەتۆمییەکەیدا نیشاندا، ئەو لێدوانە تەنها چەند ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی ژنێڤ دێت، کە ئامانج لێی دۆزینەوەی دەرچەیەکە بۆ قەیرانە نێودەوڵەتییەکەی تاران.


تاران دەیەوێت پەیامێکی ڕون بنێرێت ئه‌ویش، (ئێمە هەنگاوی کردەییمان ناوە وەک سنوردارکردنی پیتاندن بۆ 60٪)، ئێستا نۆرەی واشنتۆنە کە جدییەتی خۆی لەپرسی هەڵگرتنی سزاکاندا بسەلمێنێت، ئەمە جۆرێکە لەدیپلۆماسیی پێشوەختە بۆ ئەوەی ئەگەر گفتوگۆکان شکستیانهێنا، بەرپرسیارێتییەکە بخرێتە ئەستۆی ئەمریکا.

چاودێران پێیانوایه‌، له‌و په‌یامه‌دا خاڵە جەوهەرییەکانی سازش‌و سوربون ده‌بینرێت بۆ نمونه‌، له‌پرسى نەرمی نواندندا، ده‌بێت ئاماژه‌ بەسنوردارکردنی پیتاندن بكرێت وەک بەڵگەیەک بۆ نیازپاکی، كه‌ نیشانەی ئەوەیە ئێران پێویستییەکی خێراو مێژویی بەهەناسەیەکی ئابوریی هەیە.
    
سه‌باره‌ت به‌هێڵە سورەکان ده‌ڵێن، "تاران زۆر بەتوندی دەرگای گفتوگۆی لەسەر دوو دۆسیەی هەستیار داخستوه‌ ئه‌وانیش بەرنامەی موشەکی کە ئەمە خاڵی ناکۆکی سەرەکییە لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا، له‌گه‌ڵ مافی پیتاندن، بۆ ئه‌وه‌ش ئێران نایەوێت پیتاندن بەتەواوی ڕابگرێت، بەڵکو تەنها دەیەوێت لەسەر ئاستەکەی ڕێکبکەوێت".

به‌بڕواى شرۆڤه‌كاران، کێشەی سەرەکی لەم خولەی گفتوگۆکاندا تەنها تەکنیکی نییە، بەڵکو متمانەیە، ڕوانچی ئاماژەی بەوەکردوه‌، "ناردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ دەرەوە کاتەکەی زوە"، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە تاران نایەوێت کارتە بەهێزەکانی دەستی بەئاسانی بدات تاوەکو دڵنیانەبێت لەهەڵگرتنی سزاکان.

کۆبونەوەکانی ژنێڤ تاقیکردنەوەیەکی گەورە دەبێت بۆ دیپلۆماسیی "هەنگاو بەرامبەر هەنگاو"، ئەگەر ئەمریکا ئامادەیی نیشانبدات بۆ سوککردنی هەندێک سزای دارایی، ڕەنگە جیهان شایەدی جۆرێک لە"ڕێککەوتنی کاتی" بێت، بەڵام بەردەوامی سوربونی ئێران لەسەر دورخستنەوەی دۆسیەی موشەکی، دەکرێت پرۆسەکە جارێکی دیكه‌ بەرەو بنبەست ببات.