شارپرێس:
سەرباری ڕێککەوتن‌و لێکتێگەیشتن لەنێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)و حکومەتی سوریا بۆ ڕێگری‌کردن لەپەرەسەندنی گرژییەکان، بەڵام زانیارییه ڕۆژنامه‌وانییه‌كان باس لەسیناریۆیەکی مەترسیدار دەکەن کە لەژێرەوە خەریکی داڕشتنە، به‌گوێره‌ى سه‌رچاوه‌كانى هه‌واڵ، هێزێكى نوێ به‌ناوى (لیواى قودس) پێكده‌هێنرێت كه تایبه‌ته به‌هێرشكردنه‌سه‌ر شه‌ڕڤانانى كورد‌و دروستكردنى نائارامیى له‌ڕۆژئاواى كوردستان، ئه‌وه‌ش ئاشكراده‌كرێت، بۆ پێكهاته‌ى ئه‌و هێزه، "له‌كه‌سه زۆر خراپه‌كان ده‌بێت".
زانیارییە دزەپێکراوەکان باس لەوەدەکەن، لەکەمپی ئەزەرق لەناوچەی ئەلباب لەڕۆژهەڵاتی حەلەب، هێزێکی نوێ بەناوی لیوای قودس پێکهێنراوە، ئەو هێزە کە زۆرینەی لەسوننەکانی پارێزگای کەناریی (لازقییەو جەبلە) پێکدێت، لەلایەن فەرماندەیەک بەناوی ئەبو عوبەیدە سەرپەرشتیدەکرێت.
سه‌رچاوه‌كان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، مەترسییە گەورەکە لێرەدا ئەوەیە، ئامانجی سەرەکی ئەو گروپە، فراوانکردنی دەسەڵاتی حکومەتی سوریایە لەناو پارێزگای حەسەکەو ده‌وروبه‌رى کە لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدایه، ئەوەش مانای وایە، ڕێککەوتنەکە تەنها کاتکڕینەو نەک چارەسەری کۆتایی.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوەدەکەن، بڕێکی زۆر چەکی قورس، کە لەناوچەکانی ڕەققەو مەسکەنە بەدەستهاتون، گواستراونەتەوە بۆ ناوچەی جەبلەو حەسەکە، هێزە نوێیەكه‌ش بەبەکارهێنانی موچەی بەرزى (600 دۆلار)و ئیمتیازاتی دارایی، خەریکی کۆکردنەوەی ئەوکەسانەن کە "پێشینەی خراپیان هەیەو كه‌سانى زۆر خراپن"، ئەمەش ئاستی مەترسییەکە بۆ سەر خەڵکی سڤیل لەحەسەکە دوو هێندە دەکات.
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرایانکردوە کە بەشێک لەچەکدارە نوێیەکان باس لەوەدەکەن، "ڕێککەوتنی نێوان دەوڵەتی سوریا‌و هەسەدە تەنها چەند ڕۆژێکی ماوەو کۆتایی دێت"، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی، ئەگەر هەیە لەهەر ساتێکدا هێرشێکی فراوان بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لەحەسەکەو قامیشلۆ دەستپێبکات.
سەرباری نیشاندانی دیمەنی ئاشتیی لەڕاگەیاندنەکاندا، بەڵام جێگیرکردنی "لیوای قودس"و گواستنەوەی چەکی قورس بۆ دەوروبەری حەسەکە، نیشانەی ئەوەیە کە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لەبەردەم گۆڕانکارییەکی سەربازیی گەورەدایە، ئەم جوڵانەش دەیسەلمێنن کە متمانە لەنێوان لایەنەکاندا لەنزمترین ئاستدایەو ئەگەری ڕودانی پێکدادانی خوێناوی لەئارادایە.
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه، حکومەتی سوریا پێیڕاگه‌یه‌نراوه، هەر هێرشێکی ڕاستەوخۆو فەرمی سوپاکەی بۆسەر هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) یان ناوچەكانى ڕۆژئاواى كوردستان، دەبێتە هۆی کارانەبونی دەستبەجێی سزاکانی ئەمریکاو ئەوروپا (وەک سزاکانی قەیسەر)، بۆیە پەنای بۆ دروستکردنی "لیوای قودس" بردوە لە"کەمپی ئەزەرق" کە بەڕواڵەت وەک هێزێکی "خۆبەخشی ناوخۆیی" نیشاندەدرێت نەک سوپای فەرمی، تا لەکاتی هه‌ر هێرشدا دیمەشق بتوانێت نکۆڵی لەبەرپرسیارێتی ڕاستەوخۆ بکات.
چاودێرانیش باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، مەترسییە گەورەکە ئەوەیە کە ناردنی چەکدارانی سوننەی لازقییەو جەبلە بۆ حەسەکە، ئامانج لێی دروستکردنی شەڕی کورد‌و عەرەبە، حکومەته‌كه‌ى شه‌رعیش دەیەوێت وای نیشانبدات کە ئەوە خەڵکی ناوچەکەیە یان پێکهاتە عەرەبییەکانن دژی هەسەدە دەجەنگن، نەک حکومەت، ئەمەش وەک "پاساوێک" بەکاردێنن بۆ ئەوەی ڕێگریی لەدەستێوەردانی هاوپەیمانان‌و سزادانی نێودەوڵەتی بگرن.
هه‌روه‌ك چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك باسیان له‌وه‌كردوه، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده) لەو مەترسییە ئاگادارن‌و لەچەند ڕۆژی ڕابردوشدا ئامادەباشی سەربازییان لەناوچەکانی تەماس زیادکردوە، هەسەدە لەڕێگەی نێوەندگیرە ڕوسییەکانەوە پەیامی توندی ناردوە کە هەر جوڵەیەکی (لیوای قودس) یان هەر گروپێکی دیكه، وەک هێرشی ڕاستەوخۆی سوپای سوریا ئەژماردەکرێت‌و جه‌ختیكردوه‌ته‌وه، "یاری بەئاگر مەکەن، لیوای قودس دەبێتە گۆڕستانی ڕێککەوتنەکان".
ئەم جوڵە سەربازییانە نیشانیدەدەن، حکومەتی سوریا دەیەوێت لەسەر لێواری چەقۆ یاریی بکات؛ هەم خاکی زیاتر بگرێت‌و هەمیش خۆی لەو سزایانە بپارێزێت کە دەبنە هۆی ڕوخانی تەواوەتی ئابورییەکەی، بەڵام ناردنی چەکی قورس‌و چەکدارانی خاوه‌ن كه‌سایه‌تى زۆر خراپ، نیشانەی ئەوەیە کە بژاردەی سەربازیی لەلایەن دیمەشقەوە فه‌رامۆشنه‌كراوه، سه‌رباریى هه‌ڕه‌شه‌و هۆشدارییه قورسه‌كان بۆى.
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسه‌رۆكایه‌تى ئەمریکا پەیامێکی ناڕاستەوخۆی گەیاندوەتە هه‌موو هێزو لایه‌نه‌كان له‌سوریا به‌حكومه‌تى دیمه‌شقیشه‌وه، جه‌ختیكردوه‌ته‌وه، "هەر تێکدانی سه‌قامگیرییه‌ك لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، وەک هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی هێزەکانی ئەمریکا دەبینرێت"، به‌و هۆیه‌شه‌وه فڕۆکە سیخوڕییەکانی هاوپەیمانان لە24 کاتژمێری ڕابردودا گەشتەکانیان بەسەر ئاسمانی حەسەکەو ڕێگه‌ی M4 زیادکردوە بۆ چاودێریکردنی هه‌ر جوڵەیه‌كى سه‌ربازیى‌و به‌تایبه‌ت لیوای قودس.
