شارپرێس:
دوای ساڵانێک لەدورکەوتنەوەو ژیان لەژێر خێوەتە ساردەکانی ناوچەی شەهبا، جارێکی دیكه ناوی عهفرین دەگەڕێتەوە ناو بازنەی هەواڵە گەرمەکان؛ بەڵام ئەمجارە نەک بۆ شەڕ، بەڵکو بۆ گەڕانەوە، دەنگۆکانی دەستپێکردنی قۆناغی گەڕانەوەی ئاوارەکان بەگەرەنتی نێودەوڵەتی، شەپۆلێکی هیوای لەناو دڵی هەزاران خێزاندا دروستکردوە.
لاى خۆیشیهوه ئیبراهیم شێخۆ سەرۆکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین بەشارپرێسی ڕاگەیاند، "بەمنزیکانە 400 خێزانی عەفرین لەکانتۆنی جزیرێ لەڕێگەی کۆمەڵەی ئاوارەکانی عەفرینەوە دەگەڕێنەوە عەفرین، پاشان ئەگەر هیچ کێشەیەک نەبێت خەڵکی عەفرین بەکاروان دەگەڕێنەوە شارهكهى خۆیان".
لهلایهكى دیكهوه ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشكرایكردوه، ئامادەکارییەکان چونەتە قۆناغێکی جێبەجێکردنەوەو ڕاپۆرتەکانیش ئاماژە بەوەدەکەن، کاروانی یەکەم، بڕیارە 400 خێزان كه نزیکەی ههزار کەس دهبن وەک هەنگاوی یەکەم بەرەو ناوچەی جندرێس بگەڕێنەوەو یەکێک لەخاڵە هەرە گرنگەکانیش، دیاریکردنی ئەو خانوانەیە کە چۆڵنو کێشەی خاوەندارێتییان نییە، بۆ ئەوەی گەڕانەوەکە بێ گرژییو کێشە بێت، هاوكات گەڕانەوەکە لەژێر چاودێرییو پاراستنی ئەمنیی فەرمیدا دەبێت، ئەمەش دڵنیایی دەداتە ئەوکەسانەی کە ترسیان لەگرتن یان ڕفاندن هەیه.
باس لهوهشكراوه، جگە لەلایەنە سیاسییەکە، کۆمەڵێک گەنجی خۆبەخش لەمەیدانەکەدا ئامادەن بۆ هاوکاری ڕێکخستنو پێشوازیکردن لەگەڕاوەکان، ئەمەش نیشانەیەکە بۆ ئەوەی کە کۆمەڵگەی ناوخۆیی تینوی ئاشتییو پێکەوەژیانەو دەیەوێت برینەکانی ڕابردوو سارێژبکات.
هەرچەندە هەواڵەکە دڵخۆشکەرە، بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە لای چاودێران ئەوەیە، ئایا ئەم ڕێککەوتنە دەبێتە سەرەتایەک بۆ گەڕانەوەی هەموو ئاوارەکانی عهفرین؟ ئایا مافی خاوەندارێتی ئەو خانوانەی کە ئێستا لەلایەن خەڵکانى دیكهوه داگیرکراون، چۆن چارەسەر دەکرێت؟
ڕێککەوتنی 29ى 1ى 2026، تەنها مەرەکەبی سەر کاغەز نییە، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی گەورەیە بۆ ئیرادەی نێودەوڵەتیو لایەنە ناوخۆییەکان، ئەگەر کاروانی یەکەمى ئاوارهكان بەسەلامەتی بگهنه ماڵو حاڵی خۆیان، ئەوا عهفرین دەبێتە نمونەیەک بۆ چارەسەرکردنی یەکێک لەگەورەترین کێشە مرۆییەکانی سوریا.
