شارپرێس:
لەکاتێکدا جیهان چاوی لەسەر ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بەشداریی وهفدێكى باڵای ڕۆژئاوای کوردستان بەسەرۆکایەتی مەزڵوم عەبدیو ئیلهام ئەحمەد لەکۆنگرەی ئاسایشی میونشن، وەک وەرچەرخانێکی سیاسیی گرنگ دەبینرێت، ئەم بەشدارییە تەنها دیدارێکی پرۆتۆکۆڵی نەبوو، بەڵکو سەلماندنی ئەو ڕاستییە بوو کە هێزەکانی سوریای دیموکرات (ههسهده) ئێستا وەک لایەنێکی سەرەکیو دانپێدراو لەهاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
دانپێدانانێکی دیپلۆماسیی نوێ
کۆبونەوەی وهفدى باڵاى ڕۆژئاوا لەگەڵ یۆهان فادیفۆڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، پەیامێکی سیاسیی بەهێزی لەپشت بوو، ئەڵمانیا وەک یەکێک لەجەمسەرە هەرە کاریگەرەکانی یەکێتیی ئەوروپا، بەم پێشوازییە فەرمییە، ئاماژەی بەوەکرد، پشتیوانییەکانی بۆ باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا تەنها لەچوارچێوەی سەربازیدا نەماوەتەوە، بەڵکو بەرەو پشتگیرییەکی سیاسیی قووڵتر هەنگاو دەنێت.
ڕێککەوتنی 29ی کانونی دوەم؛ بنەمای سەقامگیریی
لەناو جەرگەی کۆنگرەکەدا، مەزڵوم عەبدی جەختی لەسەر ڕێککەوتنی 29ی کانونی دوەم کردەوە، ئەو ڕێککەوتنە کە وەک نەخشەڕێگهیەکی سیاسیی بۆ ئایندەی ناوچەکە دەبینرێت، لەمیونشن جارێکی دیكه شەرعییەتی نێودەوڵەتی وەرگرتەوە، پشتیوانییە بێ درێغیەکانی ئەڵمانیا بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە، دەریدەخات کە ڕۆژئاوا دەیەوێت دەستکەوتە سەربازییەکانی دژی داعش، بگۆڕێت بۆ سەقامگیرییەکی سیاسیی درێژخایەن.
ههسهده؛ لەمەیدانی شەڕەوە بۆ مێزی بڕیار
بەشداریی ههسهدهو وهفدى سیاسیى ڕۆژئاوا لەمیونشن، ئەو تێڕوانینە کۆنەی گۆڕی کە تەنها وەک هێزێکی شەڕکەر سەیری دەکردن، ئەمڕۆ ئیلهام ئەحمەد وەک نوێنەری دیپلۆماسییەتی ڕۆژئاواو مەزڵوم عەبدی وەک ژهنراڵێكى ستراتیژیی، پێکەوە نیشانیاندا کە بۆ چارەسەری قەیرانی سوریا، هیچ ڕێگهیەک بەبێ تێپەڕبون بەئیدارەی خۆسەردا سەرکەوتوو نابێت.
ئەم دیدارە لەمیونشن، تەنها وێستگەیەک نییە، بەڵکو دەستپێکی قۆناغێکی نوێیە؛ قۆناغێک کە تێیدا دۆزی کوردو پێکهاتەکانی دیكهى باکوری سوریا، لەڕێگەی دیپلۆماسییەتێکی زیرەکانەوە، پێگەی خۆیان لەناوەندی بڕیاری جیهانیدا جێگیردەکەن.
ڕای چاودێران: میونشن وەک سەکۆیەکی شەرعییەت
چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوەدەکەن، بانگهێشتکردنی فەرمیی وهفدى ڕۆژئاوا بۆ کۆنگرەی میونشن، گۆڕانکارییەکی ڕادیکاڵییە لەسیاسەتی ئەوروپادا، لەوبارەیەوە، پسپۆڕانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەڵێن، ئامادەبونی مەزڵوم عەبدی لەتەنیشت سەرکردە باڵاکانی جیهان، تەنها وەک هاوبەشێکی سەربازی نییە، بەڵکو نیشانەیەکی ڕونە بۆ ئەوەی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خەریکە پڕۆژەی سیاسیی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا وەک دیفاکتۆیەکی شەرعی قبوڵدەکات.
هاوسەنگیی هێزو پەیامە ناڕاستەوخۆکان
لەلایەکی دیكهوه، شیکەرەوە ستراتیژییەکان پێیانوایە، ئەو پێشوازییە گەرمەی ئەڵمانیا لەمکاتەدا، پەیامێکی ناڕاستەوخۆیە بۆ لایەنە هەرێمییەکان (بەتایبەت تورکیاو حکومەتی دیمەشق)، جەختکردنەوە لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 29ی کانونی دوەمى ئهمساڵ، لەبەرزترین ئاستی دیپلۆماسیی ئەڵمانیادا، بەو مانایەیە کە ئەوروپا ڕێگەنادات دەستکەوتەکانی شەڕی داعشو سەقامگیریی ناوچەکە لەژێر هیچ فشارێکی دەرەکیدا تێکبچێت.
