شارپرێس:
کەرکوک، ئەوشارەی هەمیشە لاى یه‌كێتیى بە(قودسی کوردستان)و لاى پارتیش به(دڵى كوردستان) ناوده‌برا، جارێکی دیكه کەوتوەتە ناو گێژاوێکی سیاسیی نوێوە، لەکاتێکدا بڕیاربوو پرۆسەی ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگار وەک هەنگاوێک بۆ سەقامگیریی ببینرێت، بەڵام دیاریکردنی کاندیدێکی مشتومڕاوی لەلایەن بەرەی تورکمانییەوە، ئاگری ناڕەزایەتییەکانی لەناو ماڵی کورد‌و شەقامی کەرکوکدا خۆشکردوە.
ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆی یەکێتیی‌و هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەی سێ ئەندامی ئەنجومەن، ئاماژەیەکی ڕونن بۆ ئەوەی کە کێشەکە تەنها ئاڵوگۆڕی دەسەڵات نییە، به‌ڵكو کێشەی سەرەکی لەسەر کەسایەتی محەمەد سەمعان سه‌رۆكى به‌ره‌ى توركمانیه كه كاندیدى وه‌رگرتنى پۆستى پارێزگارى شاره‌كه‌یه‌و ئه‌و هه‌میشه وه‌ك توندڕه‌وێك به‌رامبه‌ر مافه‌كانى كورد وه‌ستاوه، ئەمەش وایکردوە تەنانەت ئەو لایەنانەشی ڕازین بەڕێککەوتنەکە، نەتوانن بەرگریی لەکاندیدێک بکەن کە مێژویەکی نەیارانەی لەگەڵ پێکهاتەی کورددا هەیە.
به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى تایبه‌ت ده‌ست شارپرێس كه‌وتو، تائێستا نامەی دەستلەکارکێشانەوەی ڕێبوار تەها لای خۆیه‌یه‌تى‌و نه‌یناردوه بۆ سکرتاریەتی ئەنجومەنى پارێزگاى كه‌ركوك.
زانیارییه‌كان ئاماژه به‌وه‌ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش نیشانەی ته‌قینه‌وه‌ی ئه‌و فشارە ناوخۆییەیە کە یەکێتیی لەکەرکوک ڕوبەڕوی بوەتەوە، خۆپیشاندانەکانی بەردەم ماڵی پارێزگاریش كه له‌ئێواره‌ى دوێنێوه تا دره‌نگانى شه‌وى ڕابردوو به‌رده‌وامبون، پەیامێکی ڕاستەوخۆن‌و جه‌ختده‌كه‌نه‌وه، "شەقام قبوڵی ناکات دەستکەوتەکان بکرێنە قوربانی ڕێککەوتنی پشت پەردە".
ئەو ڕاستییە تاڵەی چاودێران ئاماژەی پێدەدەن ئەوەیە کە کورد بەهۆی نەبونی یەکدەنگیی (پارتی‌و یەکێتیی)، ناچاربوە بچێتە ناو ڕێککەوتنێک کە تێیدا پۆستی پارێزگار بە(خولی) بێت، کاتێک کورد نەیتوانیی نۆ کورسییەکەی خۆی لەئەنجومەن یەکبخات، کلیلی دەسەڵاتیدایە دەست پێکهاتەکانی دیكه، ئێستاش ئەوەی دەگوزەرێت لێکەوتەی ئەو پەرتەوازەییەیە کە کەرکوکی کردوەتە خاوەنی سێ پارێزگار لەیەک خولدا كه ڕه‌نگه ببێت به‌دوو پارێزگار‌و عه‌ره‌ب ماوه‌كه‌ى خۆیشى بداته توركمانه‌كان.
سێ ئه‌ندامه‌كه‌ى یه‌كێتیى له‌ئه‌نجومه‌نى پارێزگا ئاماژه‌یان به‌وه‌كردوه، پێویسته بۆ ڕزگارکردنی ڕێککەوتنەکە له‌هه‌ر كێشه‌یه‌ك، کاندیدەکەیان بگۆڕن بۆ کەسێکی میانڕەوتر.
شرۆڤه‌كاران باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، ئەگەر یەکێتیی نەتوانێت ئەندامەکانی ڕازیبکات به‌به‌شداریكردنیان‌و ده‌نگدانیان به‌به‌ره‌ى توركمانى، ئه‌وا به‌ئه‌گه‌رێكى زۆره‌وه ڕێککەوتنه‌كه‌ى (هۆتێل ڕەشید) بەرەو هەڵوەشانەوە دەچێت، درێژەکێشانی خۆپیشاندانەکان‌و پەکكەوتنی کۆبونەوەکانی ئەنجومەن، شارەکە دەخاتە ناو بۆشاییەکی ئیدارییەوە.
چاودێران ده‌ڵێن، کەرکوک تەنها پێویستی بەپارێزگارێک نییە، بەڵکو پێویستی بەجۆرێک لەئاشتەوایی سیاسیی هەیە کە تێیدا هیچ پێکهاتەیەک هەست بەپەراوێزخستن نەکات، کاتژمێرەکانی داهاتوو تەنها چارەنوسی پارێزگار دیاریناکەن، بەڵکو سەنگ‌و قورسایی لایەنە کوردییەکان لەناو جەرگەی ناوچە دابڕاوەکاندا دەخەنە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژویی.
بۆ به‌بیرهێنانه‌وه‌ى خوێنه‌رانى شارپرێس:
ڕێککەوتنی (هۆتێل ڕەشید) لەشەوی 10ی ئابی 2024 لەبەغدا ئەنجامدرا، ڕێککەوتنەكه‌ش لەژێر چاودێریی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق‌و بەبەشداریی بەشێک لەلایەنەکان (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەشێک لەعەرەبەکان‌و پێکهاتەی کریستیان) واژۆکرا، گرنگترین خاڵەکانی ئەو کۆبونەوەو ڕێککەوتنەش بریتیبون لە:
دیاریکردنی پارێزگار: ڕێبوار تەها وەک پارێزگاری کەرکوک هەڵبژێردرا.
سەرۆکی ئەنجومەن: محەمەد حافیز (لەپێکهاتەی عەرەب) وەک سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا هەڵبژێردرا.
ئاڵوگۆڕی پۆستەکان: بڕیاردرا پۆستی پارێزگار بۆ ماوەی دوساڵ لای کورد بێت‌و دواتر ڕادەستی تورکمان بکرێت، هەروەها پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنیش لەنێوان عەرەب‌و لایەنەکانی دیكه‌دا ئاڵوگۆڕی پێبکرێت.
بایکۆتکردن: هەریەکە لەپارتی دیموکراتی کوردستان، جەبهەی تورکمانی‌و بەشێکی دیكه‌ى عەرەبەکان بایکۆتی ئەو کۆبونەوەیەیان کرد‌و بەنایاسایی‌و تاکلایەنە وەسفیانکرد.
ئەو ڕێککەوتنە کۆتایی بەنزیکەی هەشت مانگ لەبنبەستی سیاسیی هێنا کە دوای هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی کەرکوک (لەکانونی یەکەمی 2023) دروست ببوو.
