شارپرێس:
لەئێوارهیهكى بێدەنگی سلێمانیدا، کاتێک شەقامەکان تەنها شایەدی گوزەری ئەمبوڵانسێک بون، ئامێرێکی گواستنەوە گۆڕا بۆ تابوتێکی گەڕۆک، تابوتێک کە جەستە نیوەگیانەکەی (غەزەڵ مەولان)ی هەڵگرتبوو و لەدەرگای نەخۆشخانەکانى دەدا، بەڵام لەجیاتی دەستی فریاگوزارییو كردنهوهى ئامێز بۆى، تەنها ڕەقبونی ویژدانو دەرگای داخراوی دەستکەوت، ئەمە چیرۆکی ئەو خولەکە کوشندانەیە کە تێیدا سیاسەتو ترسی دامەزراوەکان، ڕێگەیان بەمەرگدا پێشئهوهى پزیشکەکان بگهنهسهر جەستەی بریندارێک.
دهمهو ئێوارهى دوێنێ کە تەنها سێبەری ئارامی کەمپی (سورداش)ی داپۆشیبوو، لەناکاو بەدهنگى ناسازى درۆنەکانو تەقینەوەیەک ههموشت گۆڕا، تەنها جەستەی غەزەڵ مەولانی نەکردە ئامانج، بەڵکو ویژدانی مرۆییو سیستەمی تەندروستیشی خستە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت، غەزەڵ، کە هێشتا هیوای بۆ ژیانێکی ئارام لەدڵدا مابوو، بوە قوربانیی هێرشێک کە برینەکەی زۆر لەجەستەی قوڵتر بوو.
بهگوێرهى ئهو سهرچاوانهى زانیارییان بۆ شارپرێس ئاشكراكردوه، کاتێک جهستهى شهڵاڵ بوى بهخوێنى غهزهڵ گهیهنراوهته نەخۆشخانەی شۆڕش، هەناسەکانی غەزەڵ وەک مۆمێکی بەر گەردەلول لەلەرینەوەدا بون، بهڵام پزیشکانو کارمەندان لەسەرەتادا باوەشیان بۆ پاراستنی ژیانی کردوهتهوه، بەڵام دیوارەکان کورتبون، کاتێک پێویستی بە(ICU)و (MRI) بوو تا دوایین پەتەکانی ژیان توندبکاتەوە، بیانوی نەبونی قەرەوێڵەو بڕیارە تەمومژاویەکانی سەرەوە، بونە تەمێکی پڕ لهخهمو كۆژانو ڕێگەیان لێگرت، ژیان لەوێدا لەنێوان بەڵێنو ڕەتکردنەوەدا گیروگاز بوو.
ئەمبوڵانسەکە تەنها ئامێرێکی گواستنەوە نەبوو، بەڵکو ببوە تابوتێکی گەڕۆک کە لەشەقامەکانی شاردا بەدوای دڵسۆزییەکدا دەگەڕا، وهكو بهشارپرێس وترا، لەبەردەم نەخۆشخانەی (ئاسیا)ش بێدەنگی وەڵامیداونەتهوە، پاش كهمێكى دیكه لەبەردەم نەخۆشخانەی (بەخشین)یش، ململانێی نێوان ئەرکی پزیشکیو ترسی سیاسیی، گەیشتوهته لوتکە، چونكه کاتێک زانیویانه کەیسەکە ڕەهەندی سیاسیی هەیەو غهزهڵ پێكراوى درۆنێكى خۆكوژى ئێرانیهو لهلایهن ئێرانهوه كراوهته ئامانج، دەرگاکانیان بهڕوى ئهو كچه ڕۆح سوكهدا داخستوه، لەو ساتەدا، غەزەڵ تەنها جەنگی لەگەڵ مەرگ نەدەکرد، بەڵکو جەنگی لەگەڵ ئەو ساردوسڕییە دەکرد کە مرۆڤایەتیی تێدا خنکابوو.
لەو 30 خولەکەی کە لەبەردەم دەرگای نەخۆشخانەکاندا بەفیڕۆچوو، لێدانی دڵی غەزەڵ وەک ئاوازی ماڵئاوایی خێرا بوو و پاشان بەرەو خامۆشی چوو، کاتێک گەیشتە نەخۆشخانەی فاروق، دڵە ماندوەکەی غەزەڵ چاوەڕێی بڕیاری پزیشکانی نەکرد، ئەو پێشتر لەناو ئەمبوڵانسەکەدا، لەنێوان هاواری هاوڕێکانىو بێدەنگیی بەرپرساندا، ڕۆحی سپاردبوو.
چیرۆکی غەزەڵ مەولان، چیرۆکی کەمتەرخەمیی تهكنیكی نییە، بەڵکو چیرۆکی ژیانێکە کە لەنێوان بەرداشی سیاسەتو نەبونی بەرپرسیارێتیی مرۆییدا وردکرا، غەزەڵ ڕۆیشت، بەڵام پرسیارێکی جێهێشت: ئایا نەخۆشخانەکان شوێنی ساڕێژکردنی برینن، یان شوێنی جیاکاریی کەیسەکان؟
غەزەڵ شەهید بوو، بەڵام ئەو نەبوە قوربانیی تەنها پارچە ئاسنێکی ساردی درۆنەکان، ئەو لەنێوان چەند کیلۆمەترێکدا گیانی سپارد کە تێیدا ویژدانی شارو سیستەمی تەندروستی کەوتبونەبەر تاقیکردنەوەیەکی مێژویی، ئەوکاتەی ئەمبوڵانسەکە وەک تابوتێکی گەڕۆک لەبەردەم دەرگا داخراوەکاندا دەخولایەوە، تەنها ژیانی کچێک نەبوو کە دەپەڕییەوە بۆ ئەودیوی مەرگ، بەڵکو شکۆو ئەخلاقی پیشەیەک بوو کە لەژێر پەستانی بڕیارە سیاسییەکاندا دەخنکێنرا.
ئێستا غەزەڵ نەماوە، بەڵام لەدوای خۆی جیهانێک لەكهسهرو توڕەیی پەنگخواردوی جێهێشت؛ خهمو كهسهرێك بەرامبەر بەو خولەکە کوشندانەی کە دەکرا ببنە ژیان، بەڵام کرانە مەرگ، مەرگی غەزەڵ تەنها چیرۆکی بریندارێک نییە، بەڵکو پەڵەیەکی ڕەشە بەتەوێڵی ئەو مێژوەی کە تێیدا نەخۆشخانەکان، لەجیاتی ئەوەی ببنە پەناگەیەک بۆ ساڕێژکردنی برین، بونە بەشێک لەو ئازارەی کە هەناسەی لەغەزەڵ بڕیی.
