جێگری سەرۆکى ئێران: ئه‌مریكا بوەتە پارێزگای حەوتەمی ئیسرائیل

جیهان

16/04/2026‌ 2144 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران به‌ته‌نزه‌وه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ئەمریکا بوەتە پارێزگای حەوتەمی ئیسرائیل، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئاستی پاشکۆیەتی ئەمریکا بۆ ئەو ڕژێمە".


محەمەد ڕەزا عارف عارف جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران لەکۆبونەوەی لەگەڵ ئەندامانی حکومەتدا وتی، "حکومەتی ئێران پلانەکانی تەنها لەلایەنە بەرگرییەکاندا کورتناکاتەوە، بەڵکو بەرنامەو پلانی تایبەتی بۆ ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدانیش هەیە".

محەمەد ڕەزا عارف عارف ئاماژەی بەوەشکرد، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندوە، ڕۆژانە زانیاریی‌و ڕاپۆرتی پێدەگات، ته‌نانه‌ت ڤانس جێگری ترەمپ لەکاتی گەڕانەوەی لەئیسلام ئاباد، وردەکاری دانوستانەکانی پێڕاگەیاندوە، وەک چۆن هەموو ڕۆژێک دەیکات".

ئه‌وه‌شى وت، "بۆ یەکەمجارە لەمێژودا، بەرپرسێکی باڵای حکومەتێک ڕۆژانە ڕاپۆرت‌و زانیاریی بداتە سەرۆکی ڕژێمێکی دیكه‌، ئەم بابەتە تەنها پەیوەندیی بەئێرانەوە نییە، بەڵکو نیشانەی سوکایەتییەکی پێکهاتەییە بەئەمریکا".

هەروەها پرسیاری ئەوەیکرد، "ئایا گەلی ئەمریکا دەزانن کە کۆشکی سپی بەکردەوە گۆڕاوە بۆ لقێکی ڕاپۆرتدان بەڕژێمێکی دیكه‌؟".

له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌ موحسین ڕەزایی ئەندامی کۆمەڵەی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕژێم لەئێران ڕایگەیاند، "ترەمپ لەژێر کاریگەریی ئەو بڕیارانەدایە کە لەپشت پەردەوە لەلایەن ناتانیاهۆو سەرمایەدارە ئەمریکی-ئیسرائیلیه‌كانه‌وه‌ دەدرێن".

بەپەلە