دیپلۆماسییەتی ماچ‌و سێڵفی.. جۆرجیا میلۆنی بوەتە خانمە دڵڕفێنەکەی کۆبونەوە لوتکەییەکانی جیهان

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 5022 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەلوتکە جیهانییەکاندا، کاتێک جۆرجیا میلۆنی دەردەکەوێت، وادیارە یاساکانی فیزیاو پڕۆتۆکۆڵە توندەکانی دیپلۆماسی پێکەوە پەکیانده‌كه‌وێت، لێرەدا چیتر باسی نەخشەی سیاسیی ناکرێت، بەڵکو باس باسی ئەو سەرۆک‌و زلهێزانەیە کە لەبەردەم موگناتیسی ڕۆمادا نەک هەر وشەکانیان، بەڵکو هاوسەنگی جەستەشیان لەدەستدەدەن، لەسوژدە کتوپڕەکانی ئیدی ڕاماوە، بۆ سێڵفییە پڕ لەسۆزەکانی مۆدی‌و ماچە پڕ لەڕکابەرییەکەی ماکرۆن، میلۆنی توانیویەتی کۆبونەوە جدییەکانی جیهان بگۆڕێت بۆ شانۆیەک کە تێیدا پیاوە بەهێزەکانی سەر زەوی، وەک هەوادارێکی سەرسام لەنۆرەی ماچ‌و باوەشدا دەوەستن.


ڕۆما.. ناوەندی سیحری سیاسی
وادیارە جۆرجیا میلۆنی خانمە ئاسنینەکەی ئیتاڵیا (سه‌رۆك وه‌زیرانى ئیتاڵیا) تەنها بەسەر ئابوریی‌و سیاسەتی وڵاتەکەیدا زاڵ نییە، بەڵکو بوەتە موگناتیسێکی بەهێز کە گەورە پیاوانی جیهان لەئاستیدا پڕۆتۆکۆڵە فەرمییەکان دەشکێنن، لەکۆبونەوە لوتکەییەکاندا، کامێراکان چیتر تەنها باسی جەنگ‌و ئاشتی ناکەن، بەڵکو چاودێریی ئەوەدەکەن کێ نۆرەی ماچ‌و باوەشی میلۆنییەتی!.

میلۆنی ئێستا خاوەنی سێیەم درێژترین تەمەنی حکومەتە لەمێژوی کۆماری ئیتاڵیادا، هەرچەندە لەناوخۆدا بەهۆی ڕیفراندۆمی دادوەرییەوە دوچاری تەنگژە بوە، بەڵام لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بوەتە خانمە ئاسنینەکە کە سەرۆکە پیاوەکان لەبەردەمیدا یان دەستەوستان دەوەستن، یان وەک خوێندكارێكى سه‌ره‌تایى‌و بێدەسەڵات پەنا بۆ چۆکدادان دەبەن.



ئەلبانیا.. ئیدی ڕاماو سوژدەی خۆشەویستی
ئیدی ڕاما سەرۆک وەزیرانی ئەلبانیا وەک بڵێیت لەفیلمێکی کلاسیکدایە، لەیەکێک لەدیدارەکانیدا بەشێوەیەکی کتوپڕ لەبەردەم میلۆنی چۆکی دادا، ئەم دیمەنە بوە هۆی ئەوەی سۆشیاڵ میدیا بڵێت، "ڕاما نەک هەر پڕۆتۆکۆڵی شکاند، بەڵکو خەریکبوو پڕۆتۆکۆڵەکەش ماچ بکات!".



بەریتانیا.. ڕیشی سوناک‌و باوەشە "ناڕەحەتەکە"
لەلوتکەی (G7)دا، ڕیشی سوناک سەرۆک وەزیرانی پێشوی بەریتانیا، بەشێوەیەک بەرەو ماچکردنی میلۆنی چوو کە خەریکبوو پێکدادانی دیپلۆماسی دروست ببێت.

بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەتەنزەوە وتیان، "سوناک وا چوو بۆ ماچەکە، وەک بڵێیت دەیەوێت گرێبەستێکی بازرگانیی بەلێو مۆر بکات!".



هیندستان.. تیمی میلۆنى‌و مۆدى
ناتوانین باسی میلۆنی بکەین‌و باسی نارێندرا مۆدی نەکەین، سێڵفییەکانی ئەمان ژمارەی پێوانەیی لەئینتەرنێت شکاند، تیمی (Melodi) كه‌ وه‌ك تێکەڵەی ناوی مۆدی‌و میلۆنی ناوى ده‌هێندرێت‌و بوەتە ترێندێکی جیهانیی، مۆدی کە بەپیاوێکی جدی ناسراوە، لەتەنیشت میلۆنییەوە وەک گەنجێکی تازه‌پێگه‌یشتوو دەردەکەوێت‌و یەکەم سێڵفی ژیانی دەگرێت!.



فەرەنسا.. ماکرۆن‌و کێبڕکێی ماچەکان
ئیمانوێل ماکرۆن کە خۆی بەنوێنەری ڕۆمانسیەتی پاریس دەزانێت، نەیتوانیی لەکێبڕکێکە دوابکەوێت، ماچکردنی دەستی میلۆنی لەلایەن ماکرۆنەوە وەک دیمەنێکی دیپلۆماسی‌و ڕۆمانسی ناوزەندکرا، هەرچەندە میلۆنی هەندێکجار بەچاوێکی سەیرەوە سەیری دەکرد، له‌نوێترین دیمه‌نیشدا ئێواره‌ى دوێنێ هه‌ینى، كاتێك میلۆنى ده‌گاته‌ به‌رده‌م كۆشكى ئیلیزێ‌، ماكرۆن به‌پرتاو خۆى ده‌گه‌یه‌نێته‌ نزیكى‌و به‌باوه‌شێكى گه‌رم ده‌گاته‌ سه‌رى‌و ئه‌ملاو لاى ماچده‌كات‌و كاردانه‌وه‌ى میلۆنیش ئه‌وه‌نده‌ى دیكه‌ میدیاكارانى به‌خۆیه‌وه‌ سه‌رقاڵكرد.



ئیلۆن ماسک "ماسک-لۆنی"
تەنانەت جیهانی تەکنەلۆژیاش بەدەر نەبوو، ئیلۆن ماسک کە چاوی بەمیلۆنی کەوت، هەموو جیهان باسی جوڵەی جەستەی نێوانیانی دەکرد، ماسک ناچاربوو لەتۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى ئێكس ڕوونکردنەوە بدات کە تەنها هاوڕێن.

لەکاتێکدا جیهان چاوەڕێی ئیلۆن ماسک بوو مرۆڤ بگەیەنێتەسەر هەسارەی مه‌ریخ، ماسک خۆی لەتەنیشت جۆرجیا میلۆنییەوە وا دەردەکەوێت کە هەسارە دڵخوازەکەی خۆی دۆزیبێتەوە، هه‌وادارانى ماسك ڕایانگه‌یاند، "ئیلۆن، مه‌ریخی چی، سەیری ئیتاڵیا بکە! چونکە وادیارە کیمیای سیاسیی لەڕۆما زۆر بەهێزترە لەسوتەمەنی موشەکەکانی سپەیس ئێکس‌و میلۆنی-ش تاکە سەرۆکە کە توانیویەتی ساردترین پیاوی تەکنەلۆژیاو توندترین سەرۆکەکانی جیهان، لەیەک چوارچێوەی سێڵفیدا کۆبکاتەوە".



لەنێوان باڵای بەرزو کڕنوشی سیاسیی
تەنها چۆکدادانی سەرۆکەکان نەبوەتە باسی گەرمی ناوەندەکان، بەڵکو کێشەی باڵاش هاتوەتە ئاراوە، بینینی میلۆنی لەتەنیشت دانیال چاپۆ سەرۆکی مۆزەمبیق کە باڵایەکی زۆر بەرزی هەیە، وایکرد هەندێک بڵێن، "میلۆنی هێندە کورتە سەرۆکەکان دەبێت بۆی بچەمێنەوە تا ببنە هاو ئاستی"، بەڵام لەڕاستیدا ئەوە باڵای سیاسیی میلۆنییە کە وایکردوە تەنانەت بەرزەباڵاکانیش لەئاستیدا خۆیان بچوک بکەنەوه‌، به‌ڵام چاپۆ ئه‌وه‌ى نه‌كردو نه‌كه‌وته‌ به‌ر تانه‌و ته‌شه‌ر میدیاو چاودێران.



وادیارە لوتکەی داهاتوی جیهانیی، پێویستی بەپڕۆتۆکۆڵێکی نوێ دەبێت بەناوی پڕۆتۆکۆڵی دورکەوتنەوە لەمیلۆنی، ئەگەرنا ڕەنگە جەنگی سێیەمی جیهانی لەسەر ئەوەبێت، کێ زۆرترین سێڵفی‌و ماچی لەگەڵ جۆرجیادا دەستدەکەوێت.