شارپرێس:
پارێزگای کەرکوک کە بەهۆی پێگەی ستراتیژییو سامانی سروشتییەوە هەمیشە چەقی
ململانێ سیاسییەکان بوە، مێژویەکی دەوڵەمەندی لەگۆڕانکاریی کارگێڕیدا هەیە، لەدوای
دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە، پۆستی پارێزگار (کە پێشتر بەموتەسەڕیف ناودەبرا) ڕەنگدانەوەی
هاوسەنگیی هێز بوە لەشارەکەدا.
فەتاح پاشا یەکەم پارێزگاری کورد
مێژوی کارگێڕیی کەرکوک لەسەردەمی پاشایەتیدا بەناوی کەسایەتییەکی کورد دەستپێدەکات،
فەتاح پاشا لە 15ی ئابی 1921 وەک یەکەم پارێزگاری کەرکوک دەستبەکاربوو.
ئەو کەسایەتییەکی دیارو نیشتمانپەروەری ناوچەکە بوو، لەقۆناغێکدا سەرۆکایەتی
شارەکەی کرد کە عێراق تازە وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ ڕاگەیەندرابوو، دەسەڵاتی ئەو، هێمایەک
بوو بۆ پێگەی ڕەسەنی کورد لەبەڕێوەبردنی شارەکەدا.
سەردەمی بەعسو سڕینەوەی ناسنامە
دوای شۆڕشی 14ی تەمموزی 1958و بەتایبەت لەدوای ساڵی 1968، کەرکوک کەوتە ژێر
کاریگەریی سیاسەتی تەعریب، لەم قۆناغەدا، حکومەتی بەعس هەوڵیدا سیمای شارەکە بگۆڕێت،
جگە لەهاشم حەسەن عەقراوی (ئاكرێى) کە لەسەرەتای حەفتاکاندا بۆ ماوەیەکی کورت پۆستەکەی
پێسپێردرا (وەک کوردێکی نزیک لەدەسەڵات)، زۆربەی پارێزگارەکانی دیكه لەنەتەوەی عەرەبو
خەڵکی ناوچەکانی تکریتو موسڵ بون، وەک (ئەیاد فوتەیح ڕاویو نەجمەدین عەبدوڵڵا).
وەرچەرخانی 2003و گەڕانەوەی کورد
دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس، قۆناغێکی نوێ دەستیپێکرد، عەبدولڕەحمان مستەفا له
2003 تاوهكو 2011 یەکەم پارێزگاری هەڵبژێردراوی دوای بەعس بوو کە توانیی سەقامگیرییەکی
ڕێژەیی بۆ شارەکە بگەڕێنێتەوە، پاشان د. نەجمەدین کەریم له2011 تاوهكو 2017 سەردەمەکەی
بەگەشەسەندنی ئاوەدانیو خزمەتگوزاریی ناسراوە، تا ڕوداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017.
دۆخی ئێستاو نوێترین گۆڕانکاریی
دوای حەوت ساڵ لەبەڕێوەبردنی شارەکە لەلایەن ڕاکان جبوری وەک پارێزگاری بەوەکالەت،
لەئابی 2024دا جارێکی دیكه کورد توانیی پۆستی پارێزگار وەربگرێتەوە، ڕێبوار تەها
وەک پارێزگاری نوێ دەستبەکاربوو، ئەمەش وەک وەرچەرخانێکی مێژویی نوێ دەبینرێت بۆ گەڕانەوەی
هاوسەنگیی کارگێڕیی بۆ ئەم شارە دێرینە، بهڵام بهگوێرهى ئهو ڕێكهوتنهى كورد
لهگهڵ لایهنهكانى شارهكه كردبوى، له16ى نیسانى ئهمساڵدا، محهمهد سهمعان
سهرۆكى بهرهى توركمانى بهپارێزگارى نوێى كهركوك ههڵبژێردرا.
مێژوی پارێزگارەکانی کەرکوک دەریدەخات کە ئەم شارە هەمیشە لەنێوان ناسنامە ڕەسەنەکەییو
فشارە سیاسییەکاندا لەگۆڕانکاریدا بوە، بەڵام ناوی فەتاح پاشا وەک یەکەمین دەستپێک
لەیادەوەریی مێژوییدا بەزیندویی ماوەتەوە.
