قالیباف وەڵامێكى توند دەداتەوەو ده‌ڵێت: تره‌مپ له‌یه‌ك كاتژمێردا حه‌وت درۆى كرد

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1149 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەوەڵامێکی تونددا بۆ لێدوانەکانی ئەمدواییەی دۆناڵد ترەمپ سه‌رۆكى ئه‌مریكا، محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، هێرشێکی توندی کردە سەر سیاسەتەکانی واشنتۆن‌و ڕایگەیاند، "ئەمریکا ناتوانێت لەڕێگەی هه‌واڵه‌ میدیایی‌و درۆكانیه‌وە ڕاستییەکان بگۆڕێت"، ده‌شڵێت:"له‌یه‌ك كاتژمێردا تره‌مپ حه‌وت درۆى كرد".


قالیباف بەڕاشکاوی ڕایگەیاند، "گەروی هورمز بەداخراوی دەمێنێتەوەو هیچ کەشتییەک مافی تێپەڕبوونی نییە بێ مۆڵەتی فەرمی ئێران، بڕیاری کۆتاییش لەسەر هورمز لەناو خودی گەروەکە دەدرێت، نەک لەناو پۆستی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان".

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، "ترەمپ لەماوەی یەک کاتژمێردا حەوت بانگەشەی بێبنەماو درۆى كرد، ئەم درۆیانە نە لەجەنگدا سەرکەوتنتان بۆ دەستەبەردەکەن‌و نە لەدانوستانەکانیش دەگەنە هیچ ئەنجامێک".

قالیباف هۆشداریداو وتى، "گەلی ئێران لەژێر کاریگەریی تەڕدەستی‌و پڕوپاگەندەی میدیایی ئه‌مریكاو تره‌مپ بڕیار نادەن‌و داواش لەهاوڵاتیان ده‌كه‌م تەنها پشت بەزانیارییە فەرمییەکانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەمان ببەستن".

ئەم پەیامە توندەی قالیباف لەکاتێکدایە، گرژییەکانی نێوان تاران‌و واشنتۆن لەسەر رێڕەوە ئاوییەکان‌و دۆسیەی گەمارۆکان گەیشتوەتە لوتكه‌، چاودێرانیش پێیانوایە، ئێران دەیەوێت پەیامی ئەوەبدات کە ئامادەی هەموو ڕوبەڕوبونەوەیەکی سەربازیی‌و ئابورییە.