بنت جبیل.. ئەوشارەی ماڵی جاڵجاڵۆکەی تێدا ڕوخاو بوه‌ به‌ناوچه‌یه‌كى پڕ مه‌ترسیى بۆ ئیسرائیل

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1349 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەوکاتەوەی حەسەن نەسروڵڵا لەساڵی 2000دا لەدڵی (بنت جبیل)ەوە ڕایگەیاند، ئیسرائیل لەماڵی جاڵجاڵۆکە لاوازترە، ئەوشارە تەنها خاڵێکی سەر نەخشە نییە، بەڵکو بوەتە گرێی دەرونیی‌و سەربازیی سوپایەک کە هەموو هێزی خۆی کۆکردوەتەوە بۆ ئەوەی ئەو شوێنە داگیربکات‌و ناتوانێت، ئەمڕۆ جارێکی دیكه‌ بنت جبیل بوەتە سەنتەری ململانێیەکی مێژویی؛ ئیسرائیل دەیەوێت تۆڵەی ئەو وتارە بکاتەوەو بەرگریش دەیەوێت بیسەلمێنێت کە جەهەنەم بۆ داگیرکەر هێشتا لەسەر زەوییە.


گرنگیی سەربازیی.. کلیلی باشور
بنت جبیل تەنها هێمایەکی مەعنەوی نییە، بەڵکو لەڕوی سەربازییەوە خاڵی بەیەکگەیشتنی سێ کەرتی سەرەکییە (ڕۆژهەڵات، ناوەڕاست‌و ڕۆژئاوا)، هەرکەسێک کۆنترۆڵی ئەوشارە بکات، دەتوانێت باشوری ڕوباری لیگانی دابەش بکات، بەڵام ئەوشارە بەهۆی کۆڵانە تەسکەکان‌و چڕیی باڵەخانەکانییەوە، بوەتە گۆڕستانی تانکەکان، سوپای ئیسرائیل هەفتەیەکە هەوڵی گەمارۆدان‌و چونە ژورەوە دەدات، بەڵام هەموجارێک بەزیانێکی زۆری گیانییەوە ناچار بەپاشەکشە دەکرێت.

پەیوەندیی نه‌سروڵڵاو شارەکە.. پەیمانێکی ئەبەدی
چیرۆكى نێوان حەسەن نەسروڵڵاو بنت جبیل چیرۆكێكى دەگمەنە، ئەو نازناوی پایتەختی بەرگریی‌و ئازادی لێنا، کاتێک لەساڵی 2000دا لەوێوە وتاریدا، نەترسیی خۆیی‌و لاوازیی دوژمنی نیشانی جیهاندا، ئەمڕۆ ئەو بەرگرییەی لەناوشارەکەدا دەکرێت، جێبەجێکردنی ئەو وەسیەتەیە، ئەوەی لەبنت جبیل ڕودەدات دانوستانی سیاسی نییە لەواشنتۆن، بەڵکو دانوستانە بەخوێن‌و ئاگر.

بۆچی ئیسرائیل ناتوانێت کۆنترۆڵی بکات؟
چەند هۆکارێکی سەرەکی هەن کە وایکردوە بنت جبیل وەک قەڵایەکی دەست لێنەدراو بمێنێتەوە، ئیسرائیل زۆر دەترسێت لەبەرزبونەوەی ژمارەی کوژراوەکانی لەناوشارەکەدا، چونکە هەر شەقامێک بۆ ئەوان بوەتە کەمینێک، سەرەڕای بۆردومانی چڕ، سیستەمی فەرماندەیی بەرگریی لەناوشارەکەدا هێشتا بەهێزەو پەیوەندییان نەپچڕاوە، سروشتی شارەکەش ڕێگە بەئیسرائیل نادات سود لەهێزی ئاسمانی‌و تانکەکانی ببینێت، شەڕەکە بوەتە شەڕی دەست‌و یەخە لەمەودای سفردا.

مێژوو خۆی دوبارە دەکاتەوە
بنت جبیل ئەمڕۆ جارێکی دیكه‌ دەیسەلمێنێتەوە کە "سەردەمی شکستەکان کۆتاییهاتوە"، ئەگەر ئیسرائیل دەیەوێت وێنەیەکی سەرکەوتن لەوشارەدا بگرێت بۆ ئەوەی ڕابردوی خۆی پێ پاکبکاتەوە، ئەوا ڕاستییە مەیدانییەکان دەڵێن، هەر هەنگاوێکی سەربازانی داگیرکەر بەرەو ئەوشارە، هەنگاوێکە بەرەو ناو جەهەنەم، بنت جبیل بەتەنها شارێک نییە، بەڵکو ناسنامەی سەرکەوتنەو وەک خۆی دەمێنێتەوە، پایتەختی بەرگریی‌و ئازادی.