كۆبونه‌وه‌ى عه‌بدى‌و شه‌رع له‌دیمه‌شق ده‌ستیپێكرد

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3332 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دیمەشق جارێكى دیكه‌ بوه‌وه‌ مەیدانی دیدارێکی چارەنوسساز کە ڕەنگە کۆتایی بەساڵانێک لەدابەشبون‌و شەڕی ناوخۆیی بهێنێت، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدەو ئیلهام ئەحمەد لەناو جەرگەی پایتەختدا لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریاو وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و وڵاته‌ کۆبونەوە.


لەپەیامێکی پڕ لەشکۆو هێزدا، گەلی کورد سەلماندی کە ئەو ئیرادەیەی ساڵانێک لەسەنگەرەکانی جەنگدا پارێزگاری لەخاک کرد، ئەمڕۆ لەناوجەرگەی دیمەشقدا بەهەمان نەفه‌س‌و بەهێزییەوە داکۆکی لەمافە ڕەواکانی دەکات.

کۆبونەوەی وه‌فدى باڵای کورد بەسەرۆکایەتی مەزڵوم عەبدی‌و ئیلهام ئەحمەد لەگەڵ ئەحمەد شەرع، تەنها دیدارێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو گوزارشت بوو لەسەرکەوتنی ستراتیژیی کورد.

یەکێک لەئاماژە هەرە بەهێزەکانی ئەم دیدارە، دانەنیشتنی شەرع لەسەر کورسی‌و مێزی سەرۆک کۆمار بوو، ئەمە پەیامێکی ڕون‌و ڕاشکاوە کە سەردەمی تاکڕەویی‌و خۆسەپاندن کۆتاییهاتوەو هیچ بڕیارێکی چارەنوسساز لەسوریای نوێدا بەبێ ڕەزامەندیی‌و ئیرادەی کورد نادرێت.

ئەم وەرچەرخانە مێژوییە دەرەنجامی دوو هۆکاری سەرەکییە، خۆڕاگری مەیدانیی، کورد نیشانیدا کە لەسەر زەوی هێزێکی دانەبڕاوەو ناتوانرێت پشتگوێبخرێت، هه‌روه‌ها فشاری نێودەوڵەتی كه‌ پێگەی بەهێزی کورد لەناوەندە بڕیاربەدەستەکانی جیهان وایکردوە کە مافەکانی گەلی کورد ببێتە مەرجی سەرەکی بۆ هەر جۆرە سەقامگیرییەک لەناوچەکەدا.

ئەمڕۆ کورد بەیەکدەنگ‌و یەکهەڵوێست لەدیمەشقە؛ پەیامەکە سادەیە بەڵام قوڵە، "ئیرادەی کورد ناشکێت"، ئەم کۆبونەوەیەش سەلماندی کە ئیتر کورد تەنها بەشێک نییە لەنەخشەکە، بەڵکو یەکێکە لەئەندازیارە سەرەکییەکانی داڕشتنەوەی سوریای داهاتوو و پارێزەری مافە دەستورییەکانی خۆی.