شارپرێس:
"لەکاتێکدا جەستەی بەئاگرو ئاسنی درۆنەکان برینداربوو، غەزەڵ مەولان نەیدەزانی لەباشوری نیشتمان دەرگای نەخۆشخانەکانی لێدادەخرێتو مەرگ لەچاوەڕوانیدایە"، ئهمه پهیامى کۆڕی کوردەکانی دانیشتوی فەرەنسایه، ئهوان دهڵێن، "هیچ پاساوێک بۆ وەرنەگرتنی ئەو کچە تێکۆشەرە نەبوو، جگە لەژێرپێنانی خوێنی خەباتکارێکی ڕێگهی ڕزگاریی".
لەڕاگەیەندراوێکدا، کۆڕی کوردەکانی دانیشتوی فەرەنسا پەردەی لەسەر کارەساتێکی مرۆیی لاداو وتى، "ڕۆحی غەزەڵ مەولان، پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی هەژاند، غەزەڵ کە ڕۆژی 13ى ئهم مانگه لەهێرشێکی درۆنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ناوچەی سورداش بەسەختی بریندار ببوو، نەک تەنها ڕوبەڕوی جەنگی دوژمن، بەڵکو ڕوبەڕوی بێوەفایی پزیشکیو سیاسیش بوەوە".
بهگوێرهى زانیارییەکان، دوای برینداربونی، غەزەل ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی (شۆڕش، ئاسیاو بەخشین) لەشاری سلێمانی کراوە، بەڵام لەهەڵوێستێکی چاوەڕواننەکراودا، ئەم ناوەندە تەندروستییانە بەبیانوی (ئەمنیو سیاسیی)و لەژێر فشاری (سەروو) خۆیان لەتیمارکردنی پاراستوە.
کۆڕی کوردەکانی فەرەنسا دەڵێت، "هیچ پاساوێک بۆ وەرنەگرتنی ئەو کچە تێکۆشەرە نەبوو، جگە لەژێرپێنانی خوێنی خەباتکارێکی ڕێگهی ڕزگاریی".
ئەمە لەکاتێکدایە کە بهگوێرهى هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکانو سوێندی پزیشکی، چارەسەرکردنی مرۆڤێک کە ژیانی لەمەترسیدابێت ئەرکێکی پیرۆزەو نابێت هیچ ڕەهەندێکی سیاسی تێوەبگلێت.
سەرەڕای ئەوەی دواجار نەخۆشخانەی "فاروق" ڕازیبوە وەریبگرێت، بەڵام مەرگ خێراتر بوو، غەزەل کە هانای بۆ براکانی لەباشور هێنابوو، بەبرینێکی قووڵەوە تێکەڵ بەکاروانی شەهیدانی نیشتمان بوو.
کۆڕی کوردەکانی نیشتەجێی فەرەنسا ئەم ڕوداوە بەتاوانو کارەساتێکی نامرۆڤانە وەسفدەکەنو داوا لەخەڵکی باشوری کوردستان دەکەن بێدەنگ نەبن، ئەوان داوای لێکۆڵینەوەی بەپەلەو سزادانی ئەو لایەنانە دەکەن کە بونە هۆی ئەوەی غەزەل لەجیاتی هیوای چاکبونەوە، مەرگ لەباوەش بگرێت.
ئەم مەرگە تەنها کۆچی دوایی پێشمەرگەیەک نییە، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی گەورەی ویژدانو یاسا بوو لەهەرێمی کوردستان، کە تێیدا سیاسەت زاڵبوو بەسەر مرۆڤایەتیدا.
