شارپرێس:
مەزڵوم عەبدی بەپەیامێکی دیپلۆماسیی هێمن، بێدەنگیی شکاندو ڕایگەیاند، ئەو تورکیایەی دوێنێ لەسەنگەردا بوو، ئەمڕۆ لەپشت پەردەکانەوە ئاماژەی پشتگیریمان بۆ دەنێرێت، چاودێرانیش پێیانوایه، ئهوه تەنها لێدوان نییە، بەڵکو کێشانەوەی نەخشەیەکی نوێیە بۆ سوریایەک کە تێیدا کورد چیتر نەک تەنها لەشەڕدا، بەڵکو لەدیپلۆماسیشدا بوەتە ئەکتەرێکی سەرەکیی.
کۆبونەوە لەپشت دەرگا داخراوەکان
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە لهچاوپێكهوتنێكدا لهگهڵ ستێرك تیڤى پەردەی لەسەر نهێنییەک لادا کە ساڵانێک بوو تەنها لەناو داڕشتە هەواڵگرییەکاندا باسدەکرا، ئەو ئاشکرایکرد، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەت لەئاستی بەرپرسانی ئیدارییو هەواڵگریی، نەک تەنها نەپچڕاوە، بەڵکو گەیشتوەتە ئاستێکی باڵا.
جەختکردنەوەی عەبدی لەسەرئەوەی کە "هەندێک شت نەدەکەوتە دەست ڕاگەیاندنەکان" نیشانەی ئەوەیە کە هەردولا (هەسەدەو دراوسێکانی) گەیشتبونە ئەو بڕوایەی کە بەرژەوەندیی هاوبەش، لەسەروی هەموو دروشمە ڕاگەیەندراوەکانەوەیە.
مەزڵوم عەبدی ئهوهشى وت، "هەمیشە پەیوەندییمان لەگەڵ دراوسێکانمان هەبووە جگە لەتورکیا، بەڵام پەیوەندییەکان وەک ئێستا فەرمی نەبون، چەندین کۆبونەوەشمان لەگەڵ دراوسێکان، بەرپرسانی ئیدارییو هەواڵگرییو پەیوەندییەکانی دەرەوە هەبوه، هەندێک شت نەدەکەوتە دەست ڕاگەیاندنەکان، ئەمەش لەسەر داوای هەردولامان دەبوو، هەمووان پشتگیری خۆیان بۆ دۆخی ئەمڕۆی سوریا ڕاگەیاند".
سهبارهت بهتوركیاش ئاشكرایكرد، "کەناڵی پەیوەندیمان لەگەڵ تورکیا هەیە، ئهوانیش بەشێوازێک ئاماژەیان بەوەدا کە دژی پهیوهندییهكه نینو پشتگیریی دەکەن، لەمەدوا پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دراوسێکانمان پێدەنێتە قۆناغێکی نوێوە".
تورکیا؛ لەدوژمنەوە بۆ "پشتگیریکەر"
سەرسوڕهێنەرترین وەرچەرخان لەپەیامەکەی ژهنراڵ مهزڵوم عەبدیدا، پەیوەستبوو بەتورکیاوە، ئەو وڵاتەی کە ساڵانێکە لەڕێگەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانەوە لەدژی هەسەدە دەجەنگێت، ئێستا لەڕێگەی کەناڵی پەیوەندییەوە ئاماژەی پشتگیریی دەنێرێت، ئەمەش دەریدەخات کە ئەنكەرە لەسوریای دوای ئەسەددا، سەقامگیریی باکورو ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی بەگرنگتر دەزانێت لەشەڕێکی خوێناوی کە هیچ لایەک تێیدا سەرکەوتوو نابێت، عەبدی بەڕاشکاوی وتی، "ئاماژەیان بەوەدا کە دژی ئێمە نینو پشتگیریمان دەکەن".
قۆناغێکی نوێ.. فەرمیبون لەجیاتی پەراوێزخستن
لێدوانەکانی فەرماندەی گشتیی هەسەدە تەنها گێڕانەوەی ڕابردوو نەبوو، بەڵکو نەخشە ڕێگهیەک بوو بۆ داهاتوو، گواستنەوەی پەیوەندییەکان لەهەواڵگرییەوە بۆ "فەرمیبونو ئیداریی، بەو مانایەیە کە ڕۆژئاوای کوردستان چیتر تەنها وەک قەوارەیەکی سەربازیی نابینرێت، بەڵکو وەک واقیعێکی سیاسیی کە دەبێت دراوسێکان مامەڵەی لەگەڵ بکەن.
ئاشتییەک لەسەر بنەمای واقیع
ئەم وەرچەرخانە دیپلۆماسییە پەیامێکی ڕونە بۆ هەمولایەنەکان؛ ناوچەکە تینوی سەقامگیرییەو زمانی بەرژەوەندیی خەریکە بەسەر زمانی چەکدا سەردەکەوێت، وەک چۆن مەزڵوم عەبدی ئاماژەی پێدا، "پەیوەندییەکانمان پێدەنێتە قۆناغێکی نوێوە"، قۆناغێک کە تێیدا ڕەنگە سنورەکان لەجیاتی باروت، بۆنو بەرامەی بازرگانیو پێکەوەژیانی سیاسییان لێبێت.
چاودێران پێیانوایه، لێدوانەکەی مەزڵوم عەبدی، پەیامی ئاشتیخوازه بەهێزەکان بوو، ئەو نیشانیدا کە هەسەدە تەنها لەمەیدانی جەنگدا قارەمان نییە، بەڵکو لەسەر مێزی سیاسەتیش دەزانێت چۆن داشهكان یاریى پێبكات، ئەگەریش ئەو کەناڵى پەیوەندییانە بگەنە ئەنجام، ناوچەکە بەرەو سەقامگیرییەکی مێژویی هەنگاو دەنێت کە تێیدا دیالۆگ جێگەی دەنگی تۆپ دەگرێتەوە.
لێدوانەکەی مەزڵوم عەبدی، تەنها گێڕانەوەی ڕوداوەکان نەبوو، بەڵکو کێشانی هێڵێکی سوربوو بەسەر سەردەمی دوژمنایەتی ڕەهادا، ئێستا کە زمانە پاراوەکەی دیپلۆماسی جێگەی دەنگی باروتی گرتوەتەوە، پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە، ئایا ئەنكەرەو قامیشلۆ دەبنە دوو هاوبەشی ستراتیژیی بۆ داڕشتنەوەی نەخشەی سوریایەکی نوێ؟.
